ئەحمەد یاسری: ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل لەژێر فشار بوو

K24 - هەولێر:

بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیری قەتەر  گەیشتنە رێککەوتنێک و ئاگربەستێکیان بۆ ماوەی چوار رۆژ راگەیاند، بەو مەرجەی ئیسرائیل 150 ژن و منداڵ لە زیندانەکانی ئازاد بکات لە بەرامبەر ئازادکردنی 50 ژن و منداڵی بە بارمتەگیراو لە کەرتی غەززە، هەروەها چوونە ناوەوەی زیاتری یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە.

ئەمرۆ چوارشەممە 22ـی تشرینی دووەمی 2023، لەبارەی  ئاگربەستی مرۆیی  نێوان حەماس و ئیسرائیل ، ئەحمەد یاسری پسپۆری پەیوەندییە نێودەڵەتییەکان لە سیدنی ئوسترالیاوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو ئاگربەستە هەلێکە بۆ کۆکردنەوەی رێڕەوێکی مرۆیی بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە لەلایەن حەماس و گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە کەرتی غەززە، ئەوەش دوای فشارەکانی ئەوروپا و ئەمه‌ریکا کە کردیانە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی ئاگربەستەکە رابگەیەنێت و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆ سەر ناوچەکە رابگرێت،  بەو شێوەیەش ئامانجی ئیسرائیل و حەماس لەو ئاگربەستە بەدیهات.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا یاسری دووپاتیکردەوە، فشاریکی زۆر لەسەر ئیسرائیل هەبوو بۆ راگەیاندنی ئاگربەستەکە، چونکە ئەوە مەترسیدارە لەسەر پرۆسه‌ی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل، هاوکات  شەرعییەتدانێکە بە ئیسرائیل جێبەجێبکات .

یاسری ئاماژەی بەوشکرد ، رەنگە ئاگربەستەکە ببێتە کەمبوونەوەی فشارەکان، بەڵام  کاردانەوەیەکی ئەرێنی نابێت بەسەر بەردەوامبوونی شەڕەکە. گوتیشی: ئەو ئاگر بەستە بۆ ئەوەیە گەمارۆی سەر ناوچەکە بە گشتی هەڵبگیرێت، نەوەک بە تەنها کەرتی غەززە، بەتایبەت کە ئێستا بنکەکانی ئەمه‌ریکا لە عێراق و ناوچەکە دووچاری هێرش دەبنەوە .

ئەو پسپۆرەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێی وابوو  ئۆپەراسیۆنەکان دوای ئه‌م ئاگر بەستە بەردەام دەبێت، چونکە ئامانجی خۆی نەپێکاوە، ئەگەر پێشڕەویش هەبێت لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، بەڵام ئامانجە سەربازییەکەی نەپێکاوە  لە ناوچەکە و نەیانتوانیووە بەسەر حەماسدا سەربکەوێ و غەززە داگیربکەن .

ئەمڕۆ چوارشەممە، بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیری قەتەر لە غەززە گەیشتنە رێککەوتنێک و ئاگربەستێکیان بۆ ماوەی چوار رۆژ راگەیاند، بەو مەرجەی ئیسرائیل 150 ژن و منداڵ لە زیندانەکانی ئازاد بکات لە بەرامبەر ئازادکردنی 50 ژن و منداڵی بە بارمتەگیراو لە کەرتی غەززە، هەروەها چوونە ناوەوەی زیاتری یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە.

کارزان حەیدەر