رووسیا مووشەکێکی بالیستی کیشوەر بڕی لە مۆسکۆ جێگیر کردووە کە توانای هەڵگرتنی چەندین کڵاوەی ئەتۆمی هەیە
K24 - هەولێر
رووسیا مووشەکێکی بالیستی کیشوەر بڕی لە بنکەی کۆزێلسکی لە ناوچەی کالوگا لە باشووری رۆژئاوای مۆسکۆ جێگیر کردووە.
میدیاکانی رووسیا بڵاویان کردەوە، رۆژی چوارشەممە، وەزارەتی بەرگری رووسیا، مووشەکی بالیستی "یارس"ـی لە بنکەی کۆزێلسکی لە ناوچەی کالوگا لە باشووری رۆژئاوای مۆسکۆ جێگیرکرد، کە ئەو مووشەکە لە سەرەتای ساڵانی 2000وە پەرەی پێدراوە و توانای هەڵگرتنی چەندین کڵاوەی ئەتۆمی هەیە. هەروەها یەکێکە لەو چەکە ئەتۆمیانەی توانای بڕینی قەڵغانی مووشەکی هەیە، کە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی خاوەندارێتی دەکەن. (قەڵغانی مووشەکی بەرنامەیەکە لەسەر بنەمای بەدواداچوون و ئاشکراکردنی شوێنی مووشەکهاوێژەکانی هێرشی دوژمن لە رێگەی مانگی دەستکردی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەوە دامەزراوە).
مانگی رابردوو، رووسیا کشانەوەی خۆی لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان راگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران (دۆما) بڕیارەکەی پەسەند کرد.
ئاماژە بەوەشکرا، "بڕیارەکەی (دۆما)ـی رووسیا بە کۆی 156 دەنگ پەسەند کراوە لەکشانەوەی پەیماننامەکەدا، ئەمەش رێگای بۆ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا خۆشکرد بۆ واژۆ کردنی بڕیارەکە، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ بڕیارەکەی سێرگی شویگۆ، وەزیری بەرگریی رووسیا، کە مەشق بە هێزەکانی رووسیا دەکات بۆ ئەنجامدانی "هێرشی بەرفراوانی ئەتۆمی" لەبەرامبەر هەر هێرشێکی نەخوازراو".
له 24ـی شوباتی 2022، رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا بەشێکی خاکی ئۆکرانیای داگیرکرد، کە تاوەکو ئێستا شەڕەکە بەردەوامە و بەدەیان هەزار کەس کوژران و بریندار بوون، بە ملیۆنانیش ئۆکرانیش ئاوارەی دەرەو بوون.
ئا: لاڤین عومەر