ئەنتۆنی بلینکن سەردانی ئیسرائیل دەکات

K24 - هەولێر

سەرچاوەکان بە ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"یان راگەیاند، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە نیازە سەرەتای هەفتەی داهاتوو سەردانی ئیسرائیل بکات، بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل و فەڵەستین سەبارەت بە شەڕی غەززە گفتوگۆ بکات.

بەگوێرەی ئەو ماڵپەڕە، گرنگی چوارەمین گەشتی بلینکن بۆ ئیسرائیل لەوەدایە کە سەردانەکە هاوکاتە لەگەڵ جێبەجێکردنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا.

نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، حکومەتی ئیسرائیل دەنگی بە رێککەوتنی پێشنیارکراوی ئازادکردنی بەشێک لە دەستگیرکراوەکانی غەززە داوە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "حکومەت قۆناغی یەکەمی ئەو رێککەوتنەی پەسەندکرد کە بەپێی رێککەوتنەکە لانیکەم 50 ژن و منداڵی بارمتە لە ماوەی چوار رۆژدا ئازاد دەکرێن.

ماڵپەڕی ئەکسیۆس ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی ئەو رێککەوتنە، ئیسرائیل رێگە دەدات سووتەمەنی زیاتر بچێتە ناو کەرتی غەززە لە رۆژانی ئاگربەستدا، هەروەها لە زاری سەرچاوەکانییەوە رایگەیاندووە، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل رێگە بە 300 بارهەڵگری فریاگوزاری دەدەن رۆژانە لە رێگەی سنووری رەفەحەوە بچنە ناو کەرتی غەززە.