پۆلیسی ئەڵمانیا هەڵدەکوتێتە سەر لایەنگرانی بزووتنەوەی حەماس
K24 - هەولێر
رۆژنامەی "شپیگل"ـی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، پۆلیسی ئەڵمانیا لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە هەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆ سەر چوار هەرێمی وڵاتەکە دەستپێکرد، بۆ گەڕان بەدوای لایەنگرانی حەماس و رێکخەرانی خۆپیشاندانەکانی پشتیوانیکردنی غەززە.
رۆژنامەی "شپیگل"ـی ئەڵمانی لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە نووسیویەتی: "لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە،23/11/2023، پۆلیسی ئەڵمانیا هەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆ گەڕان بەدوای لایەنگرانی ئەو رێکخراوانەی کە لە ئەڵمانیا قەدەغەکراون دەست پێکرد، لەوانەش بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی و رێکخەری هەڵمەتی (سامیدون)ـی لایەنگرانی فەڵەستینی".
ئاماژەی بەوەشکردووە: "پۆلیس لە چوار هەرێمی فیدراڵی رێوشوێن لە دژی لایەنگرانی حەماس گرتووەتەبەر، هەروەها گەڕان و پشکنین لە باڵەخانەی چالاکوانانی تۆڕی (سامیدون) دژە جووەکان ئەنجام دەدات، جگە لە گەڕان لە 15 باڵەخانەی بەرلین، باکووری راین، وستڤالیا، ساکسۆنیای خواروو و شلیسڤیگ هۆڵشتاین".
رۆژنامەکە ئەوەشی بڵاوکردەوە، دەزگا ئەمنییەکان ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ سەر چالاکوانانی کۆمەڵگەی فەڵەستینی لە ئەڵمانیا چڕ دەکەنەوە.
بەگوێرەی ئاماری دەستەی پاراستنی دەستووری ئەڵمانیا، نزیکەی 450 ئەندامی بزووتنەوەی حەماس لەو وڵاتە هەن، لەکاتێکدا تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی دەستگیرکردن تۆمار نەکراوە.
بەرەبەیانی سێشەممەی رابردوو، بەهۆی پۆستە دژە جووەکان لە ئینتەرنێت، پۆلیس هەڵیکوتایە سەر حەفت شاری هەرێمی باڤاریا، هەروەها هەڵیانکوتایە سەر 20 باڵەخانەی نیشتەجێبوون، کە چەندین کەل و پەل و مۆبایل، دەستیان بەسەردا گیرا. بە تۆمەتی هاندانی رق و کینە و بەکارهێنانی هێماکانی بزووتنەوەی حەماس و پشتیوانیکردن.
میدیاکانی ئەڵمانیا لە راپۆرتەکانی پێشوودا بە پشتبەستن بە داواکاری گشتیی هەرێمی باڤاریا رایانگەیاندبوو، کە دروشمی لایەنگرانی فەڵەستین "لە رووبارەوە بۆ دەریا، فەڵەستین ئازاد دەکرێت" سزای تاوانکارییە و دەکەوێتە ژێر ئەو ماددەیەی کە پێشتر دروشمی نازییەکانی دەگرتەوە.