ترەمپ: ئاگربەست لەگەڵ ئێران بەفیڕۆدانی کات بوو

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سەرەڕای ستایشکردنی لەو کاتەدا، حەزی نەکردووە ئاگربەستی کورتخایەن لەگەڵ ئێران واژۆ بکات، ئەو رێککەوتنەی ئیدارەکەی لە حوزەیراندا لە چوارچێوەی یاداشتنامەیەکی لێکگەیشتنی سەرەتایی پێی گەیشتبوون.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گردبوونەوەیەکی هەڵبژاردندا لە میسیسیپی، لە ئاماژەیەکدا بۆ گرژییەکانی ئێران گوتی: "ئاگربەستێکی کورتخایەنمان راگەیاند، بەڵام حەزم لێ نەبوو".

سەرۆکی ئەمریکا رێککەوتنەکەی بە کات بەفیڕۆدان دانا، بەڵام روونیکردەوە باشترە گوێ لە پسپۆڕان بگیرێت.

دۆناڵد ترەمپ هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەخستە روو، بەڵام لێدوانەکانی ئاماژە بوون بۆ ئەو ئاگربەستەی رایگەیاند ئیدارەکەی لە حوزەیراندا لەگەڵ ئێران گەیشتوونەتێ.

ئەو رێککەوتنەی پاکستان نێوەندگیریی تێدا کردبوو، زوو هەڵوەشایەوە و نەیتوانی هیچ یەک لە ئامانجەکانی بەدی بهێنێت، تەنانەت نەگەیشتنە دانوستان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

لێدوانە نوێیەکانی ترەمپ بە توندی دژی ئەو هەڵوێستەی پێشوویەتی کە کاتی راگەیاندنی رێککەوتنەکە پیشانی دابوو، کاتێک وەک رۆژێکی مەزن بۆ ئاشتیی جیهانی وەسفی کرد و گوتی، لەوانەیە سەرەتای سەردەمێکی زێڕینی نوێ بێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت جەختدەکەنەوە، خولی نوێی هێرشکردنە سەر پێگە ئێرانییەکان نزیکبووەتەوە و پێشبینی دەکرێت دوای هەڵبژاردنی نیوەی خول لە 3ـی تشرینی دووەم دەست پێ بکات.

تاران هەڕەشەی وەڵامێکی چاوەڕواننەکراوی لە هەر هێرشێکی ئەمریکی یان ئیسرائیلی کرد و هەڕەشەی فراوانکردنی بازنەی ئامانجەکانی کرد، کە بنکە و بەرژەوەندییە نوێیەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و تەنانەت کەیبڵی ئینتەرنێتی ژێر دەریاش دەگرێتەوە.