مۆسکۆ: ناتۆ لە باڵتیک ئامادەکاریی رووبەڕووبوونەوە دەکات

بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری ئەوروپا لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، ناتۆ سەرقاڵی بەهێزکردنی ژێرخانی سەربازیی خۆیەتی لە ناوچەی باڵتیک و مەشق و راهێنانەکانیش ئامانجیان ئامادەکارییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی رووسیا.

فلادیسلاف ماسلینیکۆڤ، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری ئەوروپا لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا گوتی: "لەکاتێکدا ناتۆ ناوچەی باڵتیک بە ژێرخانی سەربازی پڕ دەکات و بەردەوامە لە مەشق و راهێنان کە تەرکیز دەکەنە سەر ئۆپەراسیۆن دژی نەیارێکی هاوتا لە هێزدا، بیرۆکراسیی ئەوروپا و هەندێک لە پایتەختەکانی یەکێتیی ئەوروپا هەنگاوی رێکوپێک دەگرنە بەر بۆ توندترکردنی رێوشوێنەکان و دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم هاتوچۆی نێودەوڵەتیی دەریاییدا".

بە گوتەی ماسلینیکۆڤ، رۆژئاوا زاراوەی کەشتیگەلی هاوتەریب یان کەشتیگەلی سێبەری رووسی داهێناوە، بەجۆرێک وێنای دەکەن کە بە سروشتی خۆی هەڕەشە لە ژینگە و سەلامەتیی هاتوچۆی دەریایی دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا پێشتر دووپاتیکردبووەوە، ئەو دەستەواژەیەی بەناوی کەشتیگەلی سێبەر لەنێو گەرمەی سەپاندنی سزا لە یەکێتیی ئەوروپا داهێنراوە و ئەو پۆلێنکردنەش لە یاسای نێودەوڵەتیدا بوونی نییە.

لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بەو بانگەشانە، کرێملن جەختیکردەوە ئەو پرسە بە سەدەی 21 دەژمێردرێت.

17ـی کانوونی دووەمی 2025، ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "پاسەوانی باڵتیک"ـی بە ئامانجی بەهێزکردنی چاودێریی دەریایی و پاراستنی ژێرخانی ناوچەکە راگەیاندووە. مارک رۆتی، سکرتێری گشتیی ناتۆ، جەختیکردەوە لە گرنگیی ئەم ئۆپەراسیۆنە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی رووسیا و دووپاتیکردەوە، ئەو کارە بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی وڵاتانی ئەندام پێویستە. ئەم دۆخەش گومانەکانی لەبارەی ئامانج و نیازەکانی ناتۆ لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە.