لایەنگرانی فەڵەستین کۆبوونەوەیەکی سەرۆکوەزیرانی سوید لە یۆتۆبۆری رادەگرن
K24 - هەولێر:
سەرۆکوەزیرانی سوید لە یانەیەکی شەوانە لە یۆتۆبۆری، بواری بە خەڵکیدا پرسیاری لێبکەن، بەڵام بەهۆی هوتافکێشان و گوتنەوەی درووشم بۆ فەڵەستین کۆبوونەوەکە راگیرا.
کەناڵی تەلەڤزیۆنی سویدی بڵاویکردەوە، ئۆلف کریستەرشۆن، سەرۆکوەزیرانی سوید لە یانەیەکی شەوانەی شاری یۆتۆبۆری، بواری بۆ پرسیاری خەڵکی کردەوە کە وەزیری دارایی کابینەکەی یاوەری دەکرد، بەڵام زۆری نەبرد کۆبوونەوەکە وەستێندرا لەبەر تێکچوونی دۆخی شوێنەکە و بەشێک لە ئامادەبووانی نێو یانەشەوانەکە هاواریان بەسەر سەرۆکوەزیران کردووە و درووشمی لاینگرییان بۆ فەڵەستین بەرزکردووەتەوە.
ئەو کەناڵە سویدییە ئاماژەی بەوەشکردووە، نزیکەی 200 کەس بۆ لایەنگری لە فەڵەستین، لە دەرەوەی ئەو یانەشەوانەیەی سەرۆکوەزیرانی سوید تێیدا ئامادەبوو، لەکاتی پرسیارکردن لە سەرۆکوەزیران دۆخەکە گرژی تێکەوتووە، کاتێک پرسیارەکان هاتوونەتە سەر ناکۆکییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین، پۆلیس هەشت کەسی بەهۆی تێکدانی ئاسایش لە شوێنەکە دوورخستووەتەوە و کۆبوونەوەکە پاش دوو کاتژمێر لە دەستپێکردنی کۆتایی پێهێندراوە.
بەگوێرەی ئەو گرتەڤیدیۆیەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، لە گوتەکانیدا، ئۆلف کریستەرشۆن باسی لەوەکردووە، "ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە کۆمەڵکوژی لە غەززە ئەنجام بدات، بەهۆی ئەو هێرش و دەستدرێژییانەی لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بە بەردەوامی دەکرێتە سەری"، ئەمەش بووەتە هۆی توڕەیی بەشێک لە ئامادەبووان و هاووڵاتییانی دەرەوەی ئەو یانەیە.
دوای ئەو رووداوەش، کریستەرشۆن لە ئینستاگرامەکەی خۆی پۆستێکی بڵاوکردۆتەوە و تێیدا نووسیویەتی : گێرەشوێنی سیاسیی کۆبوونەوەکەیان شێواندووە ، هاوکات نووسیویەتی: بەهیچ شێوەیەک قەبووڵی ناکەین خەڵکێک خۆیان بگەیەننە نێو کۆبوونەوە سیاسییە دیموکراتییەکان و بواری گفتوگۆ سیاسییە جدییەکان بشێوێنن.
ئا/ کارزان حەیدەر