هه‌ڤپه‌یڤینی کوردستان24 لەگەڵ توێژه‌ر و نووسه‌ر مه‌حموود زاید لە بەرنامەی كورد له تێڕوانینی هاوچه‌رخدا

K24 - هەولێر:
به‌شێك له رۆشنبیران، نووسه‌ران، مێژوونووسان و ئه‌كادیمیسیانی عه‌ره‌بی دوای روونبوونه‌وه‌ی پرسی كورد له‌لایان و گه‌یشتنیان به راستییه‌كان، نه‌ك گۆڕان به‌ڵكوو وه‌رچه‌رخان به‌سه‌ر تێگه‌یشتن و بیركردنه‌وه و تێڕوانینی نه‌رێنیان به‌رامبه‌ر به كورد رووده‌دات، له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ش هه‌وڵه‌كانیان زیاتر ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی پتر ئاشنای كورد بن و له‌گه‌ڵ رابردوو، هه‌نووكه و ئایینده‌ی بژین و له ناویدا بمێننه‌وه و ببنه به‌شێك له هۆكاری گه‌یاندنی وێنای كورد و ناساندنی كڕۆك و ناواخنی كورد به جیهانی عه‌ره‌بی.
ئه‌ڵقه‌ی ئه‌م جاره‌ی به‌رنامه‌ی كورد له تێڕوانینی هاوچه‌رخدا كه له‌لایه‌ن عه‌لائه‌ددین ئال ره‌شی پێشكه‌ش ده‌كرا، میوانداری مه‌حموود زاید، توێژه‌ر و ئه‌كادیمیستی میسری كردووه، كه یه‌كێك له‌وانه‌ی به وردی له‌باره‌ی كورد و مێژوو و سیاسه‌ت و رۆشنبیری و قه‌واره‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان قسه ده‌كات و په‌یامه‌كانی له‌و باره‌یه‌وه ده‌گه‌یه‌نێته ناوه‌نده سیاسی و رۆشنبیرییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی و جیهانی عه‌ره‌بی.
كوردستان24: به‌ڕێزان سڵاوتان لێبێت له ئه‌ڵقه‌یه‌كی نوێ له قاهیره‌وه، دیدارمان له‌گه‌ڵ بیرمه‌ند و ئه‌كادیمیست و رووناكبیرێك ده‌بێت، كه به گرنگیدانی به كاروباری كورد، دۆزی كورد، گه‌لی كورد و مێژووی ئه‌و گه‌له ناسراوه، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنج بوو، له كاتی ئاماده‌كارییه‌كانم بۆ تۆماركردنی ئه‌م ئه‌ڵقه‌یه، هه‌وڵ و به‌رهه‌م و چاودێریكردنێكی مه‌عریفیی بۆ لایه‌نه نه‌بیندراوه‌كانی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردیی هه‌بووه، هه‌روه‌ها له باره‌ی رچه‌ڵه‌كی كورد و هه‌ندێك كه‌سایه‌تی و ناوداری كورد كه سه‌رنجی ئه‌م توێژه‌ره، دكتۆر (مه‌حموود زاید)ـیان راكێشاوه، ئه‌م توێژه‌ره كه پرسیارێكی راسته‌وخۆم لێیكرد، "ئایا تۆ كوردی؟"، له وه‌ڵامدا گووتی: من میسریم، با رێگه به‌و پیاوه بده‌ین به زمانی خۆی بدوێت و قسه له باره‌ی كورد و دۆزه‌كه‌یان له به‌رنامه‌ی كورد له تێڕوانینی هاوچه‌رخدا بكات، له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی كوردستان24 سڵاوت لێبێت دكتۆر.
مه‌حموود زاید: سڵاو له جه‌نابیشت و ئێمه‌تان له میسر رووناك كرده‌وه و به ئاماده‌بوونتان لێره زۆر دڵخۆشین له خاكی كه‌نانه.
كوردستان24: له راستیدا له‌وه‌ی دانیشتووین و تێبینی به‌دواداچوونه هزرییه‌كانتم كردووه، ئه‌وه‌ی من سه‌رنجم دابێت، تۆ پیاوێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی له‌و به‌رهه‌مه هزرییانه‌ی په‌یوه‌ستن به كورده‌وه، من ده‌مه‌وێت گوێم لێت بێت، ئایا ئه‌مه بۆ نزیكی راسته‌خۆی تۆ بۆ كورد ده‌گه‌ڕێته‌وه؟ ئایا تۆ به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك كوردی؟ یان چ پاڵنه‌رێك له‌پشت ئه‌و گرنگیدانه‌ی تۆ به كورده‌وه هه‌یه؟
مه‌حموود زاید: هه‌ڵبه‌ته پرسیارێكی كاریگه‌ره، ئه‌وه‌ی بۆ من تا ئێستا پشتڕاست بووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌یه كه من له 100% به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك میسریم، ته‌نانه‌ت ره‌چه‌ڵه‌كێكی ئه‌ورووپی، یان عه‌ره‌بی یاخود كوردیشم نییه بۆ ئه‌وه‌ی خۆمی پێ بناسێنم، وه‌كو چۆن زانای گه‌وره، جه‌مال حه‌مدان له ویكیپیدیای تایبه‌ت به‌خۆی پێناسه‌ی میسری كردووه و ده‌ڵێت: (میسر وه‌كو ده‌فرێك وایه و ژماره‌یه‌كی زۆری ره‌گه‌ز و نه‌ته‌وه جیاوازه‌كان رووی تێده‌كه‌ن و له‌و ده‌فره‌دا كۆده‌بنه‌وه و دواتر كه‌سایه‌تی میسرییان لێ د‌روستده‌كرێن)، جا هه‌ر به‌ڕاستی خه‌ڵكێكی زۆر هاتووه‌ته میسر، تورك، فارس، شه‌ركه‌سی، كورد، عه‌ره‌ب و ئه‌ورووپیش به ره‌گه‌زه جیاوازییه‌كانییه‌وه، چ یۆنانی یان ئیتاڵیا، فه‌ره‌نسا و ئه‌وانی دیكه‌ش، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ كامێك له‌وانه هه‌ستیان به نامۆیی و غه‌ریبی نه‌كردووه، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه و هه‌مووانی له باوه‌ش گرتووه، وه‌كو چۆن رۆڵه‌ی ره‌سه‌نی ئه‌م وڵاته بێت، تا دواجار ده‌بێته میسرییه‌كی 100%، تاکو ئێستا ئه‌وه‌ی بۆم پشتڕاستكراوه‌ته‌وه ئه‌وه‌یه، كه به ره‌چه‌ڵه‌ك میسریم و سه‌ر به هیچ ره‌گه‌زێكی دیكه نیم، له‌گه‌ڵ رێزم بۆ هه‌موو ره‌گه‌زه‌كانی جیهان.
كوردستان24: هۆكاری گرنگیدانت به دۆزی كورد چییه؟
مه‌حموود زاید: بابه‌ته‌كه ته‌نیا بۆ یه‌كجار نه‌بووه، واتا ده‌توانم پێت بڵێم ئه‌مه قۆناغ به قۆناغ بووه و زیاتر له 5 ساڵه وه‌ك چۆن هه‌ر كه‌سێك بێت و به‌ردێك بخاته ناو ئاوێكی مه‌نگه‌وه، پرسیاری زیاتر لام دروست ده‌بێت، سه‌ره‌تاكه‌ی له‌گه‌ڵ مامۆستای جوگرافیا بوو، كاتێك سنووری نیشتمانی عه‌ره‌بی بۆ ئێمه راڤه ده‌كرد، ئاماژه‌ی به‌وه دا كه سنووری نیشتمانی عه‌ره‌بی له زنجیره چیاكانی زاگرۆس و تۆرۆسه‌وه ده‌ستپێده‌كات، ئه‌م ناوانه بۆ من نامۆ بوون، بۆ چیای زاگرۆس كه ئه‌م ناوه ناعه‌ره‌بییه چۆن ده‌كرێت سنوورێك بێت بۆ نیشتمانی عه‌ره‌بی!!، مشتومڕی زۆر له‌وباره‌یه‌وه كرا تا گه‌یشتینه گرنگیدانێكی زۆر بۆ ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی دانیشتووانی ئه‌و ناوچه‌یه بزانین، دوای ئه‌وه بۆمان ده‌ركه‌وت كه ئه‌وه‌ی له پرۆگرامی خوێندندا به نیشتمانی عه‌ره‌بی ده‌ناسرێت، هه‌موو ئه‌وانه‌ی لێی ده‌ژین عه‌ره‌ب نین، به‌ڵكو ره‌گه‌زی دیكه‌شمان له‌و سنووره دۆزینه‌وه، له سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه كورد بوون، ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌ك بوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌باره‌یه‌وه بخوێنمه‌وه كه ئه‌وانه كێن كه پێیان ده‌گووترێت كورد، به تایبه‌ت كاتێك له گووتاری هه‌ینیدا له مزگه‌وته‌كان له‌باره‌ی سه‌ڵاحه‌ددینه‌وه گوێمان لێ ده‌بوو له بۆنه‌كانی نه‌ته‌وه‌یی میسریدا، جا چ له حتین یانیش هه‌ر شوێنێكی دیكه، به‌وه‌ی كه ئه‌و توانیویه‌تی میلله‌ت یه‌كبخات، جا بیستوومانه كه سه‌ڵاحه‌دین عه‌ره‌ب نه‌بووه، به‌ڵكو ره‌چه‌ڵه‌كی كورده، له راستیدا هه‌ندێكجار له هه‌ندێك بانگخوازه‌وه گوێمان له‌وه ده‌بوو كه ئه‌و عه‌ره‌ب بووه، هه‌ندێك دیكه باسی ئه‌وه‌یان كردووه كه ئه‌و موسڵمان بووه و گرنگ نییه كه سه‌ر به چ نه‌ته‌وه‌یه‌كه و گرنگ نییه كه كورد بێت یانیش عه‌ره‌ب، جا له راستیدا ئێمه له میسر سه‌ڵاحه‌ددین بۆ ئێمه دروشمه و بگره دروشمێكی زۆر گه‌وره‌شه و كاتێكیش رێز له دروشمێك ده‌گرین، ئه‌وا رێز له گه‌ل و نیشتمان و ئه‌و وڵاته ده‌گرین، كه ئه‌و دروشمه‌ی له‌خۆگرتووه و به‌ر له‌وه‌ش ئه‌م دروشمه لێیه‌وه ده‌رچووه، له ئه‌نجامدا رێز و حورمه‌ت بۆ سه‌ڵاحه‌ددین به‌شێوه‌ی كه‌ڵه‌كه‌بوون له هزری ئێمه‌دا رێز و خۆشه‌ویستیی بۆ ره‌گه‌زی كورد دروستكردووه، كه ئه‌ویش سه‌ر به‌و ره‌گه‌زه‌یه.
كوردستان24: دوای ئه‌وه‌ی ئاشنایه‌تیت به كورد په‌یدا بوو، دیدگای تۆ بۆ كورد و مێژووه‌كه‌ی چۆن دروستبوو؟
مه‌حموود زاید: له ده‌ستپێك لێت ناشارمه‌وه كه تێڕوانینم بۆ كورد نه‌رێنی بوو، چونكه كاتێك ده‌ستم به گه‌ڕان به‌دوای سه‌رچاوه‌دا كرد و سه‌یری كه‌ناڵه عه‌ره‌بییه‌كانم كرد به شێوه‌یه‌كی گشتی، به راشكاوانه زۆربه‌ی په‌یامه ئاراسته‌كراوه‌كان په‌یامی نه‌رێنی بوون له باره‌ی كورده‌وه.
كوردستان24: ئه‌مه به‌شێوه‌یه‌كی مه‌به‌ستدار بوو یان پشتیان به سه‌رچاوه‌كان نه‌به‌ستبوو؟ یانیش مه‌به‌ست لێی سڕینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كان بوو؟
مه‌حموود زاید: له سه‌ره‌تادا به‌لای منه‌وه وه‌كو خۆم، ئه‌وه‌م قبووڵ بوو، به‌ڵام رێز له‌و ژینگه‌یه ده‌گرم كه تێیدا گه‌وره بوومه، ئه‌وان ئێمه‌یان وا فێر كرد كه هه‌میشه پێویسته نیشانه‌ی پرسیار له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و شتانه دابنێین كه ده‌یانبیستین، واتا باوه‌ڕ به هه‌موو شتێك نه‌كه‌ین، منیش نیشانه‌ی پرسیارم له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته دانا، دواتر به خوێندنه‌وه‌یه‌كی زیاتر، وه‌كو چۆن پێم گووتی: سه‌ره‌تا به‌داخێكی زۆره‌وه خوێندنه‌وه‌م بۆ كورد نه‌رێنی بوو.
كوردستان24: واتا چۆن خوێندنه‌وه‌ت نه‌رێنی بوو؟
مه‌حموود زاید: ئه‌و كتێبانه‌ی به‌رده‌ست بوون، بۆ نموونه هه‌ندێك له‌و كتێبانه باسی جوداخوازی كورد و هه‌وڵه‌كانیان بۆ له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌كێتی عه‌ره‌بی ده‌كرد، ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه كورد وه‌ك باڵێكی به‌هێز نیشاندرابوو، كه ئیسرائیل و رۆژئاوا بۆ لێكترازان و پارچه‌كردن و له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی زیاتری ژماره‌یه‌ك وڵاتی عه‌ره‌بی به‌كاریانده‌هێنن، ته‌نانه‌ت به راشكاوانه با بڵێین، له هه‌ندێك كتێبدا خوێندوومانه‌ته‌وه و ده‌ڵێن: ئه‌گه‌ر ئێمه ئیسرائیلی یه‌كه‌ممان هه‌بێت، ئه‌وا ئیسرائیلی دووه‌میشمان هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وانه‌ن كه خواستیان بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی هه‌یه.
كوردستان24: ئه‌م شته‌بوو تۆی هاندا پرسیاری ئه‌وه بكه‌یت كه بۆچی ئه‌م هه‌موو شێواندنه هه‌یه؟
مه‌حموود زاید: واتا من سوپاسی هه‌موو ئه‌وانه ده‌كه‌م كه ئه‌م وشانه‌یان نووسیوه، بۆیه سوپاسیان ده‌كه‌م، چونكه ئه‌و نووسینانه‌یان پاڵنه‌ر بوون بۆ ئه‌وه‌ی به‌دوای ئه‌و هۆكارانه‌دا بگه‌ڕێم كه بۆ چی ئه‌و گووتانه‌یان نووسیوه؟! كاتێكیش گه‌ڕام و خوێندمه‌وه، زانیم كه بۆچی ئه‌م گوتانه‌یان نووسیوه. هه‌ره‌وه‌ها له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كات و به‌دواداچوونی به‌رده‌وام بۆم ده‌ركه‌وت، كه راستییه‌كه ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یه كه نووسیویانه
كوردستان24: كه‌واته پاڵنه‌ر چییه؟ بۆچی گه‌لێك و نه‌ته‌وه‌كه‌یان و مێژووه‌كه‌یان به‌مشێوه‌یه بچووك ده‌كرێته‌وه و به‌وه نیشان ده‌درێن كه ئه‌وان جوداخوازن یانیش باڵی داگیركارانن و ده‌یانه‌وێت ناوچه‌یه‌كه له‌به‌ریه‌ك هه‌وڵوه‌شێننه‌وه؟ له كاتێكدا كورد جگه له‌وه‌ی هه‌میشه به‌شێك بووه له ناوچه‌كه، هیچی دیكه‌ی نه‌بووه، ته‌نانه‌ت به‌شێك له سیاسییه میسرییه‌كانیش باسی ئه‌وه‌یان كردووه، كه كورد كڵاوی سه‌ره‌ی عه‌ره‌به، ئه‌وانه‌ی كه هه‌میشه داكۆكییان له بڕبڕه‌ی پشت و مێژوو و عه‌قڵی عه‌ره‌بی كردووه، باشه كه‌وایه بۆچی ئه‌و هه‌موو چه‌واشه‌كارییه؟
مه‌حموود زاید: سه‌یر كه گووته‌كانی جه‌نابت له 100% راسته، كاتێك من پێت دەڵێم ده‌خوێنمه‌وه، ئه‌وا مه‌رج نییه ته‌نیا به‌رهه‌می میسرییه‌كان بخوێنمه‌وه، به‌ڵكو به‌رهه‌می هه‌موو ئه‌وانه ده‌خوێنمه‌وه كه به زمانی عه‌ره‌بی ده‌نووسن، چونكه له نیوه‌رێگه و دوای ئه‌وه‌ی مه‌ودایه‌كی زۆرم له باره‌ی كاروباری كورده‌وه خوێندووه‌ته‌وه، بینیم كه دیدگای میسری یانیش تێڕوانینه‌كه‌ی بۆ كورد و دۆزی كورد به گشتی به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان له هی هه‌ندێك وڵاتی عه‌ره‌بیی دیكه جیاوازتره، به تایبه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ی سنووری راسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ گه‌ل و خاكی كورد هه‌یه، واتا كاتێك من پێت ده‌ڵێم: بۆم ده‌ركه‌وت ئه‌مه مانای وانییه كه من باسی وڵاتی خۆم ده‌كه‌م یانیش رووناكبیرانی میسری، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كی گشتی مه‌به‌ستم ئه‌و كتێبانه‌ن كه به‌رده‌ستن
كوردستان24: واتا ئه‌و كتێبانه، یان له‌سه‌ر بنه‌مای به سیاسیكردن یانیش درۆكردن ده‌ركراون، رێگه‌م بده پێت بڵێم: سه‌میر ئه‌مین، خودا لێی خۆش بێت ده‌ڵێت: درۆ مانای نه‌گووتنی راستییه‌كان نییه، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه كه تۆ نیوه‌ی راستییه‌كه بڵێیت و ته‌واوی نه‌كه‌یت، ئه‌وكات مرۆڤ ده‌كه‌وێته درۆكردنه‌وه، بۆچی رۆشنبیران و هه‌ندێك له ده‌سته‌بژێره عه‌ره‌بییه‌كان هه‌وڵی بچووككردنه‌وه‌ی كوردستانیان داوه؟ ئه‌مه پرسیارێكه، ده‌كرێت زۆر شتی دیكه‌ی له‌سه‌ر بنیات بندرێت، چونكه نه‌ته‌وه‌یه‌كی گه‌وره له ناوچه‌كه، كه خاوه‌ن مێژوویه‌كی دیاره، به زاراوه‌كانی جوداخواز، باڵی زیانگه‌یاندن و پارچه‌كردنی ناوچه‌كه یانیش به‌كارهێندراو و به‌ركاره بچووك ده‌كرێته‌وه، له كاتێكدا كه خۆشت سه‌ردانی كوردستان ده‌كه‌یت، هیچ رۆژێك له رۆژان هه‌رێمی كوردستان نه‌بووه‌ته ده‌روازه‌یه‌كی ئه‌مر‌یكی بۆ هێنانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ ناوچه‌ی عێراق، به‌ڵكو ئه‌وان تاکو ئه‌م ساته‌ش كه له‌وانه‌یه به راشكاوانه بتوانین بڵێین: ئه‌وان باجی هه‌ڵوێسته‌كه‌یان ده‌ده‌ن كه هه‌میشه هه‌رێمی كوردستان خۆی له‌وه پاراستووه پاشكۆیه‌تی بۆ هیچ لایه‌نێك بكات، ده‌گه‌ڕێینه‌وه و ده‌پرسین: هۆكاری ئه‌مه چییه؟
مه‌حموود زاید: له كاتێك له كاته‌كان، به تایبه‌ت با بڵێین له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تاكانی نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م و بۆ نموونه له‌گه‌ڵ گۆڕانكاری له سیسته‌می هه‌ندێك وڵات، چ له عێراق یان سووریا یاخود هه‌ندێك وڵاتی دیكه، دیارده‌یه‌كی زۆر خراپ له گۆڕه‌پانه‌كه ده‌ركه‌وت، ئه‌ویش ده‌ركه‌وتنی قه‌ڵه‌می راسپێردراو بوون كه له‌لایه‌ن رژێمه‌كانه‌وه فه‌رمانیان پێكرابوو، به‌و واتایه‌ی كه قه‌ڵه‌میان به سیسته‌می سیاسییه‌وه گرێدابوو، ئه‌مه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی زۆر فراوان له كتێبه‌كان و ته‌نانه‌ت ئه‌و رۆژنامانه‌ش تێبینی ده‌كه‌ین، كه ئه‌وكات ده‌رده‌كران، كاتێك په‌یامێكی نووسه‌رێك ده‌خوێنینه‌وه، ده‌زانین كه ده‌وڵه‌ت په‌یڕه‌وه‌ی ئه‌و ئاراسته‌یه ده‌كات، جا سه‌باره‌ت به رژێمه‌كانی عێراقی له سه‌رووشییانه‌وه رژێمی سه‌دام حوسێن، با وشه‌ی سه‌ركه‌وتوو بوو به‌كارنه‌هێنین، به‌ڵكو ده‌ڵێین: توانیویه‌تی ژماره‌یه‌كی زۆری گه‌وره رۆشنبیران و نووسه‌ران له ژماره‌یه‌ك وڵاتی عه‌ره‌بی به‌كرێ بگرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و په‌یامه بنووسن، كه رژێمی عێراق یانیش رژێمی سه‌دام ده‌یویست.
كوردستان24: واتا بازرگانیكردن و په‌یداكردنی بژێوی؟!
مه‌حموود زاید: بابڵێین: ئه‌وكات هه‌مان سیاسه‌تی نه‌وت و دۆلاریان په‌یڕه‌و ده‌كرد، هه‌روه‌ها خه‌ڵكانێك به‌و ئاراسته‌یه نووسیویانه، به‌شێوه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ش نووسیویانه و قازانجێكی داراییشیان له‌و كاره‌یاندا كردووه، جا ئه‌و نووسینانه ئه‌وانه‌ن كه ماونه‌ته‌وه و كاتێك توێژه‌ران ده‌یانه‌وێت له‌باره‌ی دۆزی كورده‌وه بزانن، له رێگه‌ی كتێبه عه‌ره‌بییه‌كانه‌وه نه‌ك له رێگه‌ی كتێبه كوردییه‌كان، ئه‌و باڵانسه‌یه كه بۆی ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
كوردستان24: باڵانسێكی ساخته!!
مه‌حموود زاید: به‌ڵێ باڵانسێكی ساخته‌یه و هزرێكی هه‌ڵه له‌لایەنی ئه‌وان دروست ده‌بێت، به‌ڵام دڵنیات ده‌كه‌مه‌وه، مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و كتێبانه به شێوه‌یه‌كی بێلایه‌ن و بابه‌تیانه و رێبازنامه‌یه‌كی ئه‌كادیمی، ئه‌وا راستییه‌كان ده‌ته‌قنه‌وه، واتا به ساده‌ترین رێسا زانستییه‌كان ده‌توانن به راستییه‌كان بگه‌ن، ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌شی به‌هێزكردووه، بوونی ته‌كنه‌لۆژیای كراوه و به‌رهه‌مه كوردییه‌كان له ماوه‌ی 10 تاکو 20 ساڵی رابردوودا، كه ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆری كتێبی كوردی هه‌ن
كوردستان24: واتا به‌ڕای تۆ لێره‌دا شه‌پۆلێكی دیكه‌ی جیاواز ده‌ستی پێكردووه بۆ راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كان؟!
مه‌حموود زاید: من له سه‌ره‌تادا كێشه‌ی زۆرم له‌وباره‌یه‌وه هه‌بوو، له سه‌ره‌تادا هه‌میشه ته‌نانه‌ت ئه‌و بانگه‌وازه‌م هه‌بوو: (ئه‌ی كوردینه، ده‌مانه‌وێت له زمانی خۆتانه‌وه بتانناسین، نه‌ك له زمانی ئه‌وانی دیكه)، ده‌مانه‌وێت گوێمان له ئێوه و مێژووی ئێوه بێت و دۆزی ئێوه، خه‌مه‌كانی ئێوه و مافه‌كانی ئێوه له زمانی خۆتانه‌وه ببیستین، نه‌ك له زمانی ئه‌وانی دیكه، له راستیدا قۆناغ به قۆناغ له‌گه‌ڵ بانگه‌وازی كه‌سانێكی دیكه‌ش، كه ئه‌مه ته‌نیا من نه‌بووم ئه‌م بانگه‌وازه‌م ده‌كرد، كه‌سانێك ده‌ركه‌وتن و لە كه‌ناڵه ئاسمانییه كوردییه‌كان ده‌ركه‌وتن، پێشتر هه‌ندێك رۆژنامه هه‌بوون بۆ نموونه ئێمه له هه‌رێمی كوردستان (صوت الآخر)ـمان هه‌بوو، به‌ڵام گۆڤارێكی زۆر گرنگ بوو كه له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه ده‌رده‌كرا، ئێمه رۆژنامه‌ی (إتحاد)ـمان هه‌بوو، ئه‌ویش گرنگ بوو و یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان ده‌ریده‌كرد، كه به‌داخه‌وه ئێستا وه‌ستاوه، به‌مشێوه‌یه، به‌ڵام ئێمه ئامانجمان ئه‌وه بوو كه‌ناڵی ئاسمانی هه‌واڵی كوردی ئاراسته‌كراومان هه‌بێت، كه په‌خشه‌كه‌ی به زمانی عه‌ره‌بی بێت، وه‌كو هه‌موو جیهان، وه‌ك كه‌ناڵه‌كانی دیكه‌ی بی بی سی عه‌ره‌بی و كه‌ناڵه‌كانی دیكه‌ی وه‌كو رووسیا عه‌ره‌بی و ئه‌وانی دیكه، دواتر ده‌ستیپێكرد، له سه‌ره‌تادا ئه‌وه‌ی راستی بێت ده‌ستپێكێكی زۆر لاواز بوو، با به‌ڕاشكاوانه پێت بڵێم: جێگه‌ی شه‌رمه‌زاری بوو، بۆیه به‌رده‌وام نه‌بوو، كه‌ناڵی حوڕییه كه خودالێیخۆش بێت سه‌رۆك جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌ریكرد، نه‌یتوانی سه‌ركه‌وتوو بێت، ئێستا بۆ نموونه كه‌ناڵی زاگرۆس ده‌ركه‌وتووه، له سه‌ره‌تادا لاواز بوو، له‌وباره‌شه‌وه به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ بۆ زاگرۆسمان نووسیی، تیمی زاگرۆس ئێستا له‌وه زیاتر و باشتره و ئینشاءالله به‌ره‌و باشتربوون ده‌چێت، له‌میانه‌ی ئه‌و پێویستییانه‌ی به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ بۆ ئه‌و بابه‌ته‌م نووسی، مامۆستای به‌ڕێز، ئه‌حمه‌د زاویتەیی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كه‌ناڵی ئاسمانی كوردستان24 گووتی: ئه‌مه ده‌خه‌مه ئه‌وله‌وییه‌ته‌كانم و په‌ناش به‌خودا كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، پێگه‌یه‌كی عه‌ره‌بیی هه‌یه زۆر جوانه، من زۆر ده‌خوێنمه‌وه و هه‌موو ئه‌وانه‌ی گرنگیشی پێ ده‌ده‌ن، به‌دواداچوونیان بۆ ئه‌و پێگه‌یه هه‌یه، هه‌روه‌ها له ئینته‌رنێتیش كوردستان24، ئه‌مانه هه‌موویان زۆر زۆر گرنگن، چونكه دواجار ده‌بنه هۆی گۆڕانكاری له‌و تێڕوانینه نه‌رێنییه‌ی لای ژماره‌یه‌كی زۆری نووخبه‌كان و توێژی رۆشنبیران له باره‌ی كورد و دۆزی كورده‌وه هه‌یانه، راسته ئه‌و بابه‌ته پێویستی به كاته و كارێكی ئاسان نییه، چونكه ئه‌و میرانه‌ی له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی رابردووه‌وه ماوه‌ته‌وه، قه‌باره‌كه‌ی زۆر گه‌وره‌یه
كوردستان24: ساخته‌كردن و به‌لاڕێدابردن و سڕینه‌وه!!
مه‌حموود زاید: قه‌باره‌كه‌ی زۆر له‌وه گه‌وره‌تره كه بیری لێ ده‌كه‌یته‌وه، به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌لایه‌ن هه‌ندێك كه‌سی زۆر دیاره‌وه نووسراون، به‌داخه‌وه هه‌ندێك ناونیشانی زۆر گه‌وره‌ش هه‌یە به‌مشێوه‌یه نووسیویانه، به‌ڵام هه‌میشه بۆنی نه‌وت و دۆلار سه‌رخۆشكه‌ره.
كوردستان24: باشه دوای گه‌شته‌كه‌ت و بینینی ئه‌و جیاوازییه، وێنه دژیه‌كه‌كانی كورد له نێوان واقعی راسته‌قینه و ئه‌و واقعه‌ی كه له نووسینه به‌كرێگیراوه‌كانی كتێبه‌كاندا دروستكراوه له پێناو ده‌سه‌ڵاتداره دیاریكراوه‌كان، ئێستا دوای ئه‌و دیدگایه‌ی تۆ هه‌وڵت بۆ بینینی دا، كورد له هزری تۆدا كێیه؟ وابزانم جیاوازییه‌كی گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا هه‌یه كه پێشتر بیرت لێ ده‌كرده‌وه!! كورد كێن؟
مه‌حموود زاید: له یه‌ك رسته‌دا ده‌یڵێم: كورد یه‌كێكن له گه‌له ره‌سه‌نه‌كان له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌سه‌ر خاكی خۆیان تامه‌زرۆی به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانیانن، نه‌ك له‌سه‌ر خاكی كه‌سانێكی دیكه.
كوردستان24: كه‌واته ئه‌وان خاوه‌ن خاك و مافن و گه‌لێكن و مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه به ئازادانه به‌و دۆزه ره‌وایه بگه‌ن كه هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن! ئه‌مڕۆ به‌هۆی ئه‌و به‌لاڕێدابردن و سڕینه‌وه‌یه‌ی له‌لایه‌ن رژێمه‌كانه‌وه موماره‌سه‌ی كراوه، وا له كورد كراوه كه له‌بری ئه‌وه‌ی بكرێن به به‌شێك له چاره‌سه‌ری، كراونه‌ته به‌شێك له كێشه، ئه‌مڕۆ له زۆرێك له ناوچه‌كان جۆرێك له به‌ریه‌ككه‌وتنمان هه‌یه، ئه‌گه‌ر توێكڵێكی ته‌نك له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه لابده‌ین، ده‌بینین گووتارێكی ره‌گه‌زپه‌رستانه به‌رامبه‌ر به كورد هه‌یه، كێ به‌رپرسه له گۆڕینی كورد له به‌شێك له چاره‌سه‌ری بۆ به‌شێك له كێشه؟
مه‌حموود زاید: به‌رپرسیارێتییه‌كه هاوبه‌شه، له‌وانە ئه‌و به‌رپرسانه خودی كوردیش هه‌ن، واتا رێگه‌م بده بابه‌وپه‌ڕی راشكاوانه قسه‌ت بۆ بكه‌م.
كوردستان24: چۆن؟
مه‌حموود زاید: چۆن ئێمه له ده‌ستپێكه‌وه گوتمان: میدیای كوردی له‌سه‌ر ئاستی راگه‌یاندن په‌یامه‌كه‌ی ئاراسته‌ی هیچ كه‌سێك نییه ته‌نیا ئاراسته‌ی خۆی ده‌كات، قسه بۆ هیچ كه‌سێك ناكات، ته‌نیا بۆ خۆی نه‌بێت، هیچ په‌یامێكیان بۆ ده‌ره‌وه نییه، دواتریش په‌یامی ده‌ره‌وه یان ئه‌و حكومه‌تانه‌ی دژی مافه‌كانی كوردن، ئه‌وانەن كه په‌یامه‌كه‌یان ئاراسته‌ی ده‌ره‌وه ده‌كه‌ن.
كوردستان24: ئه‌مه تۆ باسی ئه‌وه ده‌كه‌یت كه پێشتر هه‌بوو!؟
مه‌حموود زاید: نا مه‌به‌ستم ئێستایه، بوارم پێ بده دێمه سه‌ر ئه‌مه، ئێستا من نازانم جه‌نابت له‌گه‌ڵ ئه‌م قسانه‌م هاوڕایت یان نا، كاتێك هه‌ر پرسێك له په‌رله‌مانی عێراقی له به‌غدا تاوتوێ ده‌كرێت، یانیش هه‌وڵه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی هه‌ندێك كێشه‌ی هه‌ڵپه‌سێردراو له نێوان حكومه‌تی فیدڕاڵ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دەدرێت، هه‌ندێك له دانوستانكاران، هه‌روه‌ها چ په‌رله‌مانتار یانیش به‌رپرسانی حكومه‌ت كاتێك ده‌چنه به‌غدا و نازانن به زمانی عه‌ره‌بی قسه بكه‌ن، ئه‌مه كێشه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌یه، چونكه دانوستانكاری به‌رامبه‌ر له مه‌به‌ستی قسه‌كانی تێناگات، له هه‌مان كاتدا ئه‌ویش ناتوانێت ئه‌و په‌یام و ئه‌مانه‌ته‌ی حكومه‌ت و گه‌لی كورد بگه‌یه‌نێت، كه مه‌به‌ستییه‌تی.
كوردستان24: به‌ڵام دكتۆر ئه‌مه نابێت كاریگه‌ری هه‌بێت، چونكه ده‌كرێت كه‌سانی وه‌رگێڕیان له‌گه‌ڵ بن، دواتریش گوتاری كورد كه ته‌نیا له نێوان خودی كورد ماوه‌ته‌وه، ده‌كرێت بڵێم ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامی چه‌ندین قۆناغ و سه‌رده‌می جیاوازی شاردنه‌وه و بچووككردنه‌وه و گه‌مارۆكانی سه‌ر كورد بێت، كورد له رابردوودا به‌دوای رزگاربووندا ده‌گه‌ڕان و به‌دوای به‌رگریكردنه‌وه بوون له خۆیان ناسنامه و زمانه‌كه‌یان، ئێمه پاساو بۆ كورد بۆ به‌خۆداچوونه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ خۆیان ناهێنینه‌وه، به‌ڵام كێ به‌رپرسه؟ به‌پله‌ی یه‌كه‌م ئه‌وان به‌رپرس نین به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌مووه‌ی ده‌رهه‌ق به‌وان كراوه
مه‌حموود زاید: من پێم گوتی: به‌شێك دكتۆر بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو به‌رپرسیارییەتییه‌كه نه‌خه‌ینه ئه‌ستۆی كورد، من گووتم: ئه‌وان به‌شێكی به‌رپرسیاریەتییەک هه‌ڵده‌گرن، مانای وایه كه‌سانی دیكه‌ش هه‌ن كه به‌رپرسن
كوردستان24: ئه‌وان كێن؟
مه‌حموود زاید: یه‌كێك له كوتله سیاسییه‌كان و گرووپه سیاسییه‌كان كه له سنووری سیاسی خاكه‌كه‌یاندا هه‌ن، كه به نه‌ته‌وه كورد نین، بۆ نموونه هه‌ندێك له گرووپه سیاسییه شیعه‌كان له عێراق، توركمان له كه‌ركووك و شوێنه‌كانی دیكه، ئه‌وانیش به شێوه‌یه‌كی گه‌وره به‌رپرسن، هه‌ندێك لایه‌نی سووننی له ئه‌نبار یاخود با بڵێین له عێراق، ئه‌وانیش به‌شێوه‌یه‌كی زۆر گه‌وره به‌رپرسن، ئه‌گه‌ر بچینه سووریا، واتا باكوور و رۆژهه‌ڵاتی سووریا (رۆژئاوا)، بەر‌پرسیارییەتییەکە فره‌جۆره.
كوردستان24: دكتۆر دوور له ره‌خنه‌كانت بۆ سیاسه‌ته كه‌مته‌رخه‌مه‌كانی كورد، یانیش له باره‌ی چوونه ناو پیلانه‌كان، یاخود له باره‌ی ئه‌و ئه‌دا سیاسییه‌ی ده‌كرێت لێره و له‌وێ ره‌خنه‌ی لێ بگیرێت، من پرسیارێكی راسته‌وخۆت لێ ده‌كه‌م: چۆن ده‌كرێت مامه‌ڵه‌كرن له‌گه‌ڵ دۆزی كورد له‌لایه‌ن عه‌ره‌به‌وه گۆڕانكاری به‌سه‌ردا بێت و له كێشه‌وه بگۆڕدرێت بۆ چاره‌سه‌ری؟ هه‌روه‌ها گۆڕینی له قه‌یرانه‌وه بۆ پاڵپشتیكارێك بۆ كۆمه‌ڵگه؟ له كاتێكدا كۆمه‌ڵگه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای فره نه‌ته‌وه دروست ده‌بن، نه‌ك له‌سه‌ر (أمة عربية واحدة ذات رسالة خالدة)، كه رژێمه گشتگیره سه‌ركوتكاره‌كان په‌یڕه‌ویان ده‌كرد، كه هه‌موو كه‌سێكیان وێران‌كرد، چۆن ده‌توانین به ئاراسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ئاڵوگۆڕكراو یانیش به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نێك واتا به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نه‌كه‌ی دیكه كار بكه‌ین؟
مه‌حموود زاید: ته‌واو سه‌یركه، ئێمه له ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا ژماره‌یه‌ك یاخود زنجیره‌یه‌ك كۆڕبه‌ندمان سازكرد، له‌ژێر ناونیشانێكدا بوون، كه پووخته‌ی قسه جوانه‌كانی جه‌نابت له‌خۆ ده‌گرن، واتا به‌ناونیشانی: (چۆن كورد بۆ ناوچه‌كه زیاد ده‌كرێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ نه‌یارێكی هه‌بێت؟)، ژماره‌یه‌ك له گه‌وره سیاسه‌تمه‌داران، بیرمه‌ندان و رۆشنبیرانی میسری قسه‌یان تێدا كرد و لۆمه‌ی خۆیان و هه‌ندێك له وڵاتانی عه‌ره‌بی و هه‌ندێك رژێمی دیكه‌یان كرد كه خاكی كوردستانیان داگیركردووه و له سنووره سیاسییه‌كه‌یاندا خاكی كورد داگیر ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌ندێك چاره‌سه‌ریان بۆ ئه‌م بابه‌تانە دیاریكرد. بۆ نموونه له‌وانه‌ش: پێویسته سه‌ره‌تا له خودی كورده‌وه ده‌ستپێبكات و له‌وباره‌شه‌وه باسیان له نموونه‌ی هه‌رێمی كوردستان كرد، نموونه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و نموونه‌یه كه رۆژ به رۆژ جیاواز ده‌بێت و هه‌نگاو به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌نێت، واتا بۆ نموونه كاتێك من له ساڵی 2022 سه‌ردانی كوردستان‌م كرد، كاتێك له ساڵی 2023 جارێكی دیكه سه‌ردانی ده‌كه‌م، شتی نوێتر له‌و هه‌رێمه ده‌بینم، ئه‌مه په‌یامێكی زۆر گرنگه، به تایبه‌ت كاتێك سه‌ردانی هه‌ندێك پارێزگای عه‌ره‌بیم كرد له عێراق، وه‌ك به‌غدا و پارێزگاكانی دیكه، ئه‌مه په‌یامێكی زۆر گرنگی ناڕاسته‌وخۆیه، كه ئه‌و نموونه‌یه سه‌ركه‌وتووه له ناوچه‌یه‌ك، كه ده‌گوترێت: ناسه‌قامگیره ئه‌مه په‌یامێكمان پێ ده‌دات، له باره‌ی ئه‌وه‌ی كه ده‌گوترێت: ئه‌وان كۆنه‌په‌رست و جوداخوازن و ده‌ستدرێژی ده‌كه‌نه سه‌ر مافی ئه‌وانی دیكه، نه‌خێر به‌پێچه‌وانه‌وه، له سایه‌ی ئه‌و دۆخه سه‌خته و بڕینی بوودجه و بوونی داعش و له سایه‌ی گه‌مارۆكان و رێگه‌گرتن له هه‌نارده‌كردنی نه‌وت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پرۆسه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه و گه‌شه‌پێدان و به‌ره‌وپێشبردنی بواره‌كانی وه‌به‌رهێنان به‌رده‌وامن، لێره‌دا ده‌چینه خاڵی دووه‌م: له راستیدا هه‌رێمی كوردستان خاوه‌ن سیاسه‌تێكی روونه له هاندانی وه‌به‌رهێنانی عه‌ره‌بی، هه‌رچه‌ند وه‌به‌رهێنه‌رانی عه‌ره‌بی زیاتر ده‌چنه ناوچه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه زیاتر ده‌بێته هۆی ئه‌و تێڕوانینه هزرییه نه‌رێنییه‌ی پێشتر هه‌بوو، چونكه ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌ره‌ی ده‌چێته ئه‌و هه‌رێمه، ترسێكی هه‌بووه، وه‌كو چۆن كه من له یه‌كه‌م سه‌ردانمدا بۆ هه‌رێمی كوردستان زۆر ده‌ترسام، به تایبه‌ت به‌هۆی ئه‌و وێنه هزرییه‌ی له‌باره‌یه‌وه له‌لام هه‌بوو، به‌ڵام كاتێك سه‌ردانی هه‌رێمم كرد، شتێكی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌م بینی كه له هزرمدا هه‌بوو، جا وه‌به‌رهێنانیش ناكرێت، وه‌ك ده‌زانیت ته‌نیا له ناوچه ئارامه‌كاندا نه‌بێت، ئه‌مه‌ش به‌شێكه له‌وه‌ی كورد و دۆزه‌كه‌یان و مافه‌كانیان ببنه لایه‌نێكی ئه‌رێنی له ناوچه‌كه، له بواری گه‌شتیاری، له راستیدا هه‌رێمی كوردستانی عێراق به دیاریكراوی خاوه‌ن زۆرترین ئه‌و هۆكارانه‌ی راكێشانی سه‌رنجی گه‌شتیارانه كه له زۆرێك له وڵاتانی جیهاندا نییه.
كوردستان24: دكتۆر ئه‌گه‌ر سنووری خاوه‌ن كێشه تێپه‌ڕێنین، چۆن ده‌ڕوانینه لایه‌نی به‌رامبه‌ر؟ كه تۆ باسی لایه‌نی ئابووری و گه‌شتیاریت كرد و ئاماژه‌ت به ئه‌ركی كوردیش كرد، كه پێویسته كێشه‌كه‌یان بناسێنن؟
مه‌حموود زاید: ته‌واو من وه‌ك به جه‌نابتم گوت: من باوه‌ڕم به‌وه هه‌یه كه له كاتی هه‌ر كێشه‌یه‌كدا چاره‌سه‌رییه‌كه‌ی له‌لایه‌ن خاوه‌نی خودی كێشه‌كه‌وه ده‌ستپێده‌كات، ئه‌مه‌ش مانای وانییه كه ئێمه و ئه‌وانی دیكه یاخود ئه‌و لایه‌نانه‌ی دیكه به‌بێ تاوان نیشان بده‌ین، كه بوونه‌ته هۆكاری روودانی ئه‌م كێشه‌یه، به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وان ئه‌رك و به‌رپرسیارییەتییه‌كی زۆر گه‌وره‌یان له ئه‌ستۆیه و لێره‌دا ده‌چمه به‌رپرسیارییەتی هه‌رێمایه‌تی و ده‌ره‌كی، به‌وپه‌ڕی راشكاوی، لایه‌نی عه‌ره‌بی كه‌مته‌رخه‌می یه‌كجار زۆری كردووه به‌رامبه‌ر به كورد، رێگه‌م بده با قسه‌كانم خۆش بن و پێت بڵێم: ئه‌وان كه‌مته‌رخه‌مییان كردووه و نه‌ڵێم به‌مه‌به‌ست كردوویانه!! به‌ڵام له راستیدا وانییه و لە واقیعدا له هه‌ندێك شت له‌لایه‌ن هه‌ندێك رژێمه‌وه به مه‌به‌ست كاری دژ به ماف و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كورد كراون، ئه‌مه‌ش ته‌نیا بۆ جارێك نه‌بووه، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه زۆرجار دووباره كراوه‌ته‌وه.
كوردستان24: یه‌كێك له نموونه‌كانی ئه‌وه‌ی له عه‌فرین روویدا! سڕینه‌وه‌ی عه‌فرین و خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ته‌واوی!
مه‌حموود زاید: به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌وه‌ی له عه‌فرین و ته‌نانه‌ت له هێڵی سنووری به شێوه‌یه‌كی گشتی رووده‌دات، له راستیدا من به جینۆساید ناوی ده‌به‌م.
كوردستان24: واتا جارێكی دیكه به پرسیارێكی راشكاوانه، چۆن هه‌ڵوێستێكی عه‌ره‌بی پێكبهێنین، كه وه‌كو به‌شێك له چاره‌سه‌ری مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كورد دا بكات، نه‌ك وه‌ك به‌شێك له كێشه؟
مه‌حموود زاید: وه‌ك گوتم عەرە‌ب یانیش هه‌ڵوێستی عه‌ره‌بی به شێوه‌یه‌كی گشتی له ماوه‌كانی رابردوودا كه‌مته‌رخه‌میی زۆریان له مافه‌كانی كورد دا كردووه، به‌ڵام پرۆسه‌ی گه‌ڕان بۆ ئه‌وه‌ی عه‌ره‌ب ببێته هۆكارێكی یاریده‌ده‌ر بۆ گه‌لی كورد.
كوردستان24: واتا به هاوبه‌شی بژین!
مه‌حموود زاید: به‌ڵێ هه‌ڵبه‌ته ده‌بێت به‌رامبه‌ر قبووڵ بكرێت، به بوونی خۆی و خودی خۆی و كولتووره‌كه‌ی و مافه مێژووییه‌كانی، ئه‌مه به‌رپرسیارییەتییه‌كی هزری نه‌ریتییه و پێویسته له عه‌قڵییه‌تی عه‌ره‌بیدا گۆڕانكاری به‌سه‌ردابێت، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی دواتریش له رێگه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته عه‌ره‌بییانه‌وه جێبه‌جێ بكرێت، كه فه‌رمانڕه‌وایی ئه‌و گه‌لانه ده‌كه‌ن، ئه‌مه یه‌كێكیان، ئه‌وه‌ی دیكه‌یان سه‌قامگیری كاروباره ئه‌منییه ناوخۆییه‌كانی حكومه‌ته‌كان هۆكارێكی یاریده‌ده‌رن بۆ نموونه له بڕیاری ئه‌م دواییه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سووریا بۆ كۆمكاری عه‌ره‌بی، تاکو ئێستا مه‌رجه‌كانی به هه‌ڵواسراوی له نێوان رژێمی به‌شار و كۆمكاری عه‌ره‌بیدا ماونه‌ته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تاکو ئێستا مه‌رجه‌كان جێبه‌جێ نه‌كراون، بۆیه سووریا هێشتا وه‌كو پێشتر نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه ناو كۆمكاری عه‌ره‌بی.
كوردستان24: به‌ڵام كاتێكیش له كۆمكاری عه‌ره‌بیدا بوو، ئه‌وكاتیش كورد له ره‌گه‌زنامه بێبه‌ش بوون و زۆرێك له ناوچه كوردییه‌كان هه‌ن گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا هاتووه و دیمۆگرافییه‌كه‌یان گۆڕیوه، له كاتێكدا سووریا له كۆمكاری عه‌ره‌بیدا بوو!!
مه‌حموود زاید: ئه‌وكات سه‌رده‌مێك بوو، به‌ڵام ئێستا دۆخه‌كه جیاواز بووه.
كوردستان24: كه‌واته ئه‌و بابه‌ته هیچ په‌یوه‌ندی به مه‌رجه‌كانه‌وه نییه.
مه‌حموود زاید: ئێستا دۆخه‌كه گۆڕاوه مامۆستای به‌ڕێز، دۆخی كورد له سووریا ئێستا هه‌مان ئه‌و دۆخه‌ی كورد نییه له سووریا كه به‌ر له ساڵی 2011 و 2014 هه‌بوو، ئێستا بابه‌ته‌كه جیاوازه.
كوردستان24: به‌ڵام ئێمه بینیمان كاتێك ئاسایش به‌رقه‌رابوو، ئه‌و رژێمه به‌رده‌وام ده‌بێت له بچووككردنه‌وه‌ی كورد، واتا رژێمی سووریا و سه‌رۆك به‌شار ئه‌سه‌د كاتێك باسی كورد ده‌كه‌ن، به‌شێوه‌یه‌كی كۆنتڕۆڵكراو باسی ده‌كه‌ن، واتا به‌شێوه‌یه‌ك كه ده‌بێت له‌ژێر فه‌رمانڕه‌وایی ئێمه‌دا بن، یانیش به ناپاك و جوداخواز ده‌یانزانین و ئه‌وه هه‌میشه و به به‌رده‌وامی دووباره ده‌كه‌نه‌وه، به‌وه‌ی كه به‌شێكن له پرۆژه‌ی بیانی، نه‌ك رۆڵه‌ی وڵاته‌كه‌مان، ئه‌و رۆژێك له رۆژان پرسیاری له باره‌ی ئه‌و گۆڕانكارییه دیموكراتییه‌ی نه‌كردووه كه به سه‌ركردایه‌تی باوكی ئه‌نجامدرا، یانیش له باره‌ی سه‌ندنه‌وه‌ی ره‌گه‌زنامه‌كان، له سه‌ره‌تای شۆڕشی سووریا ئه‌و ویستی له هه‌ندێك بابه‌ت كورد به پێدانی ره‌گه‌زنامه رازی بكات، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی هه‌ندێك حاڵه‌تی ناچاری ئه‌منی هاتنه ئاراوه، به‌ڵام كاتێك دۆخه‌كه ئارام بووه‌وه، ئه‌و مافه‌یان پێ نه‌دا و زۆرێك له نه‌خشه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا گۆڕی، ته‌نانه‌ت من باسی ئه‌وه ده‌كه‌م، نه‌ك ته‌نیا به نه‌ته‌وایه‌تیكردنی سیاسی، به‌ڵكو له نه‌ته‌وایه‌تیكردنی ئایینیشدا گوتاری ئایینی كراوه‌ته به‌شێك له گووتاری نه‌ته‌وه‌یی كه به‌رگری له سیاسه‌ته سه‌ركوتكاره‌كان ده‌كات، من ده‌گه‌ڕێمه‌وه له‌گه‌ڵت، واتا تۆ پیاوێكی خاوه‌ن بوون و مێژووی خۆتی، ئێمه نامانه‌وێت باسی جۆرێك له موجامه‌له بكه‌ین یانیش شتێك بۆ سپیكردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كان، من حه‌قیقه‌تێك ده‌بینم، كه لێره‌دا پیرۆزكردنێكی سیاسی له‌لایه‌ن ده‌سته‌بژێری سیاسییه‌وه هه‌یه بۆ بابه‌تی چه‌وساندنه‌وه‌ی كورد، كاتێك به‌ر له كه‌مێك باسی (جزیره) و رووداوه‌كانت كرد له سووریا، خه‌ڵكی زۆرێك له هۆزه‌كان ده‌نگیان به‌رزكرده‌وه و گوتیان: رێگه ناده‌ین كورد فه‌رمانڕه‌واییمان بكه‌ن، ئه‌وان ئه‌و قسانه‌یان كرد، كه‌واته لێره‌دا له پێكهێنانی كولتووری كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا نیمچه چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه هه‌یه، دواتر دێت و ده‌پرسێت: بۆچی كورد بیر له جودابوونه‌وه ده‌كاته‌وه؟ ئێ خۆ ئه‌مه تۆ بوویت ئه‌وت هاندا، بۆ ئه‌وه‌ی لێت جیا ببێته‌وه، واتا یان ده‌بێت به رق و كینه‌وه بژیت، یانیش جیابوونه‌وه، ئێ رێگه‌ی بده با به سنوورێكی روون و ئاشكرا له‌گه‌ڵت بژیم! چۆن ئه‌م جه‌نجاڵییه تێده‌په‌ڕێنین؟
مه‌حموود زاید: سه‌یركه مامۆستا واتا من قسه‌كانم دووباره ده‌كه‌مه‌وه، تێپه‌ڕاندنی له‌لایه‌ن عه‌ره‌به‌وه زۆر ئاسانتره له تێپه‌ڕاندنی له عه‌قڵییه‌تی توركی و هه‌روەها فارس یاخود ئێرانی به شێوه‌یه‌كی گشتی، تۆ باسی رژێمی به‌شارت كرد و چوویته توركیا، له توركیا دۆخه‌كه وه‌ك رژێم و وه‌ك ده‌وڵه‌ت، به‌ته‌واوی جیاوازه له عه‌قڵییه‌تی عه‌ره‌بی، به‌و واتایه‌ی كه توركیا هێشتا چاوی ته‌ماعكاریی له‌سه‌ر هه‌ندێك وڵاتی عه‌ره‌بی هه‌ڵنه‌گرتووه، له‌ناویشیان سووریا و عێراق تاکو كه‌ركووك، تا ئێستاش ئه‌و بابه‌ته ته‌نیا له عه‌قڵییه‌تی ئه‌واندا نه‌ماوه‌ته‌وه، به‌ڵكو له‌و سیاسه‌ته‌شدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه، كه به‌شێوه‌یه‌كی رۆژانه موماره‌سه‌ی ده‌كات، واتا من پرۆژه‌یه‌كم خوێندووه‌ته‌وه به ناوی پڕۆژه‌ی چاكسازی رۆژهه‌ڵات له توركیا، هه‌واڵگری توركیا به‌ر له 100 ساڵ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی توركیا دایڕشتووه، پوخته‌ی ئه‌و پرۆژه‌یه چییه؟! ئه‌وه‌یه كه ئێمه وه‌ك توركیا سنووره‌كه‌ی ده‌گۆڕێت تا ئه‌سكه‌نده‌رۆنه له‌خۆ ده‌گرێت، هه‌روه‌ك ئه‌سكه‌نده‌رۆنه‌ی برد و ناوی لێنا هاتای دواتر روو له باشوور ده‌كه‌ین و له حه‌له‌ب و به‌ره‌و رووباری فورات تاکو ده‌گه‌ینه كه‌ركووك و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و خاكه‌ی كه پێشتر له‌ژێر سه‌روه‌ری توركیا بوو، جا ئه‌مه له سیاسه‌ت و عه‌قڵییه‌تی توركیدا تائێستاش زۆر به زیندوویی ماوه‌ته‌وه و به شه‌و و رۆژ كاری بۆ ده‌كه‌ن، هه‌ر بۆیه ئێمه ده‌بینین ئه‌وه‌ی له سووریا یان له باكووری سووریا له‌لایه‌ن سیاسه‌ته‌كانی توركیاوه رووده‌دات، په‌یوه‌ندی به داگیركارییه‌كی كاتییه‌وه نییه، نه‌خێر.
كوردستان24: ئه‌مه گۆڕینی دیمۆگرافییه!!
مه‌حموود زاید: به‌ڕای من به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌مه پرۆسه‌ی ته‌واو داگیركاری و خستنه‌سه‌ر خاكی وڵاته‌كه‌یان و كۆنتڕۆڵكردنی ته‌واوه‌تییه بۆ ناوچه‌كانی سه‌ر سنووری توركیا و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی خاكی سووریایه، هه‌ر بۆیه رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ توركیا له ئێستادا سه‌خته و لایه‌نی كوردی تێیدا زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت، وه‌كو چۆن زیاتر له جارێك ئه‌مه روویداوه، بۆیه من ده‌ڵێم: ده‌ستپێكه‌كه‌ی له‌ناوخۆی كورد كارێكی زۆر گرنگه له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه ئاڵۆزه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌ته هه‌رێمایه‌تییه‌كان و عه‌ره‌بییه‌كان، جارێكی دیكه‌ش دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه، ئه‌مه مانای وا نییه كه لایه‌نی عه‌ره‌بی به‌رامبه‌ر مافه‌كانی كورد بێتاوانه، نه‌خێر وه‌ك پێمگوتی: ئه‌و كه‌مته‌رخه‌مه.
كوردستان24: به‌ڵام كورد له رووی مێژوو له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كان به پرس و راوێژ مامه‌ڵه‌ی كردووه و به‌شێكیش بووه له پێكهاته‌كانی و سیسته‌می به‌رگری، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له عێراق به كیمیا لێیاندراوه و له سووریاش به كۆچپێكردن و گۆڕینی دیمۆگرافیا لێیاندراوه، هه‌روه‌ها به سیفه‌ته‌كانی جوداخواز و بێباوه‌ڕ و به‌كرێگیراو و ناپاك تۆمه‌تبار و ناوزه‌د كراون، ئێستا چۆن ده‌كرێت!! جارێكی دیكه ده‌گه‌ڕێمه‌وه، چۆن ده‌كرێت قسه له‌سه‌ر لایه‌نی عه‌ره‌بی بكه‌ین؟ چۆن ده‌كرێت تامێكی عه‌ره‌بی پێكبهێنین، كه به شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كورد بكه‌ن؟ هه‌ر نه‌بێت به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه بتوانین په‌یوه‌ندییه‌كی رێزدارانه له نێوانیان دروست بكه‌ینه‌وه؟ به‌وه‌ی كه فره‌چه‌شنی ده‌وڵه‌مه‌ند بكه‌ین، نه‌ك ناكۆكی دوژمنكارانه و جه‌نگ؟
مه‌حموود زاید: باشه من بابه‌ته‌كه وادەیبینم كە لەو وڵاتە عەرەبییانەی هیچ خاكێكی كوردی ناكەوێتە سنوورەكەیان، بابەتەكە ئاسانترە، بە بەراورد لەگەڵ ئەو وڵاتانەی لە سنووری سیاسی‌یان خاكی كورد بوونی هەیە، واتا بەشێوەیەكی راستەوخۆ مەبەستم عێراق و سووریا‌ن، واتا بۆ نموونە ئەگەر سەیرێكی وڵاتانی كەنداوی عەرەبی و میسر و وڵاتانی دیكە بكەین، ئەگەر بتەوێت بە راست و دروستی دەستپێبكەیت، ئەوا پێویستە كار لەسەر گۆڕینی هزری بكەیت، گۆڕینی هزریش لە رێگەی رۆشنبیرییەوە دەكرێت، رۆشنبیریش ئامرازەكانی خۆی هەیە، لە كتێب و كۆڕبەند و سەنتەری زانستی و گووتار و رۆژنامە دەركراوەكان، لە گرنگترین شتیان پەیامی نەرمە، یاخود هێزی نەرمە، ئەویش بریتییە لە هونەر، ئەو هونەرە كوردییە لەكوێیە كە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی عەرەبی؟! من باسی هەڵوێستێكت بۆ دەكەم، واتا ئێمە لە میسر گۆڕانكاری لای ئێمە زۆر ئاسانە و ئێمە هیچ فۆبیایێكمان نە لەگەڵ گەلی كورد و نە لەگەڵ مافەكانی گەلی كورد نییە و هیچ شتێكیش لای ئێمە زیان بە مافەكانی كورد و كەسایەتی تاكی كورد ناگەیەنێت، لە فێستیڤاڵی قاهیرەی سینەمایی، كە بە بڕوای من 2008 یان 2009 بوو، ژمارەیەك فیلمی كوردی تێیدا بەشدار بوون، لەناویان فیلمێكی كوردی زۆر گرنگ هەبوو و پێشوازییەكی زۆری لێكرا و هەمووان پرسیاری ئەوەیان كرد، ئەمە چ گەلێكە؟ بەتایبەت زۆر بە پرۆسەی مۆنتاژ و سیناریۆ و دەرهێنان و جلوبەرگ و خاك و فۆلكلۆرەكەیان و هەموو ئەو شتانە سەرسام بوون و جێپەنجەیەكی گەوەری جێهێشت، هەموو ئەوانەی لە كاتی نمایشكردنی ئەو فیلمەدا ئامادەبوون، تائێستاش ئەو دیدگا و تێڕوانینەیان هەر ماوە و لە هزری ئەواندا نەسڕاوەتەوە، بۆیە هونەر، دراما و رۆشنبیری ئەگەر ویستت عەقڵییەتی عەرەبی بگۆڕیت، ئەوا پێویستە لە رێگەی هونەر و رۆشنبیری و درامامایەوە بێت و هەموو ئەمانە، من وەكو هاووڵاتییەكی مەدەنی، وەكو هاووڵاتییەك كە دەخوێنمەوە و دەنووسم، وەكو هاووڵاتییەك كە گوێم لێدەبێت و حوكمی لەسەر دەدەم، وەكو هاووڵاتییەك كە نوێنەری خۆم لە پەرلەمان هەڵدەبژێرم و سەرۆكی خۆم هەڵدەبژێرم، دەتوانم ئەو گۆڕانكارییە بكەم، بەڵام ئەو گۆڕانكارییە لە سیستەمی سیاسی‌دا لەگەڵ تێپەڕبوونی كات و بەشێوەی كەڵەكەبوون روودەدات و ئاراستەكەی بەرامبەر بە گەلی كورد مافەكانی كورد دەگۆڕێت، ئەمەش ئەگەر زەمینەسازییەكی بەپیت و گەلێكی تێگەیشتوو بە هزرێكی ئەرێنی لە بارەی گەلی كوردەوە هەبێت، بەڵام لە رووی سیاسییەوە لە عێراق و سووریا، من پێموایە بۆ ئێستا ئەم بابەتە زۆر سەختە، چونكە لەژێر كاریگەری حوكمگەلێكدان، رێگەم بدە با بڵێن: لێرەدا بەشێك لە ئیرەیی هەیە و باوەڕیشم وایە هیچ كەسێك باسی ئەو بابەتە ناكات، هەم لە رژێمی بەشار ئەسەد و هەمیش لە رژێمی عێراقدا، واتا بەشێوەیەكی ورد، ئەگەر بەراوردێكمان لە نێوان نرخی خۆراك و پێداویستییەكانی رۆژانە بۆ هاووڵاتییانی باكوور و رۆژهەڵاتی سووریا كرد كە پێی دەگووترێت رۆژئاوا کە ناوچەیەكی كوردییە، لەگەڵ ئەوەی كە لە دیمەشق هەیە، ئەوا جیاوازییەكی زۆر گەورە دەبینین، لە دیمەشق نرخەكان زۆر گرانن و مووچەكانیش لەوپەڕی كەمیدان، لە كاتێكدا لە باكوور و رۆژهەڵاتی سووریا نرخەكان نیمچە پەسەندن و هەم مووچەكانیش نیمچە پەسەندن، بۆیە لێرەدا ئیرەیی هەیە، بۆ نموونە رژێمی دیمەشق كە هیچ كەسێك باسی ئەو بابەتە ناكات، دەڵێت ئەو خەڵكە كە هیچكات دانمان بە رەگەزنامەی ئەواندا نەناوە و پەراوێزمان خستبوون و مافی خوێندن و فێركردنمان پێ نەدابوون، ئێستا چۆن دۆخی ئابووری، سیاسی و ئەمنی ئەوان لە هی سووریا و شام و دیمەشق بەم مێژووە گەورەیەوە باشترە، بۆ بەغداش بە هەمان شێوە یاخود بۆ عێراقی عەرەبی، ئەگەر بەراوردێك لەگەڵ هەولێر و سلێمانی و دهۆك بكەین، دۆخی عێراق زۆر سەختترە، ئەم ئیرەییە وای لە هەندێك لە سیاسییەكان كردووە وەكو چۆن ئێمە پەندێكمان لە میسر هەیە دەڵێن: یان هەموومان بەیەكەوە دەژیین، یانیش هەموومان بەیەكەوە دەمرین.
كوردستان24: واتا ئێستا پێویستە چی عەرە‌ب بیكات، بۆ گەڕاندنەوەی شیرازەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ كورد؟ تۆ زۆر باسی رۆڵی كوردت كرد و باسی لە ئەستۆگرتنی ئەركەكانی كورد و دۆزی ئەو و تادواییت كرد، رۆڵی كۆمەڵگەكانی عەرەبی لە ئێستا بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پەیوەندییەیان لەگەڵ كورد، كە بە راشكاوانە پەیوەندییەكی بریندارە، چییە؟
مه‌حموود زاید: من جارێكی دیكەش دووبارەی دەكەمەوە، من عەرەبەكان لە بەرپرسیارییەتی نابوورم، ئەمە هیچ قسەیەك هەڵناگرێت، ئێمە بەرپرسیارییەتییەكی گەورەمان بەرامبەر بە كورد لەسەر شانە، ئەمە هیچ منەتێك و زیادەزانی تێدا نییە، كورد ئەوەی پێشكەش بە عەرە‌ب و ئیسلام كردووە، كە خودی عەرە‌ب بۆ خۆی نەكردووە، واتا ئەمە بەڕاشكاوانە، ئەگەر ئاوڕێكی گشتی لە شارستانییەتی ئیسلامی بدەینەوە، زۆربەی رووكنەكانی غەیرە عەرەبن، لەناویشیان كورد، واتا بەشێوەیەكی گشتی عەرە‌ب زۆر قەرزاری كوردە، ئەمە ئەركە لەسەریان، جا هەر چۆنێك بێت، وەك بە جەنابتم گوت: سیستەمی سیاسی ئەركی ئەوەی لەسەر شانە، سیستەمی كۆمەڵایەتی لەلایەن نووخبەكان و رووناكبیرانیش ئەركێكی زۆریان لەسەرشانە، بەڵام ئێمە پێویستمان بە جۆرێك لە هاوكارییە. واتا بۆ نموونە: من كۆڕبەندێك یان چالاكییەك لەبارەی واقع و ئاییندەی كورد ئەنجام دەدەم، یانیش لەبارەی داهاتووی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.. ئەوكات پێویستە نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵم بێت بۆ ئەوەی قسە بكات. بە هەمان شێوە نوێنەری عێراقیش.. بەمەش لە كۆتاییدا دەگەینە گوتەیەكی یەكگرتووە. ئەمەش دەبێتە دەوڵەمەندی مەعریفی و مشت‌ومڕ و گفتوگۆ شتەكان دەگۆڕن.. جا من بە جەنابت دەڵێم: ئەركی ئێمەیە وەك رووناكبیران و ئێمە كەمتەرخەمین لە لایەنی رۆشنبیری، سازكردنی كۆڕبەند و زیادكردنی نووسینی گوتارەكان.. بەڵام هێشتا ئه‌و شته ماوە. هیچ هه‌واڵێك یان رووداوێكی گرنگ له‌باره‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه نییه، ئه‌گه‌ر له پێگه هه‌واڵییه‌كانی میسری بڵاونه‌كرێته‌وه. هه‌مه‌ش هه‌وڵێكه، نوێنه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان له قاهیره ئه‌نجامی ده‌دات، ئه‌مه راستییه. هه‌روه‌ها هیچ چاره‌سه‌رێك و شوێنپه‌نجه‌یه‌كی ئه‌رێنیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش نییه، به‌تایبه‌ت هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سرور بارزانی چ له به‌غدا یانیش شوێنه‌كانی دیكه، كه له پێگه هه‌واڵییه‌كانی میسری له‌سه‌ریان نه‌نووسرێت و به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان بڵاونه‌كرێته‌وه. من مه‌به‌ستمه بڵێم: له میسر گۆڕانكاری گه‌وره كراوه و گۆڕانكارییه‌كان هه‌ستپێكراون.
كوردستان24: واتا ئاشكرابوونێك و ناساندن و پێشكه‌وتنێك بۆ دۆزی كورد هه‌یه!!
مه‌حموود زاید: به‌ڵام وه‌ك پێمگوتیت: هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه كه ئێمه ره‌گه‌زێكی فه‌رمیی كوردیمان له میسر هه‌یه و ده‌ستی له‌و بابه‌ته‌دا هه‌یه و هاندانی له‌وباره‌دا له بواری راگه‌یاندندا كردووه.. هه‌روه‌ها له بواری رۆشنبیری و هه‌واڵیش.. به‌ڕێزم.. هه‌ر چالاكییه‌كی كوردی ئه‌نجام بدرێت، چ نه‌ورۆز، یانیش یادی سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی ئه‌یلوول یاخود دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانی، یان دامه‌زراندنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، تۆ نا‌توانیت پێشبینی ئه‌و سه‌رسامییه بكه‌یت، كه له‌لایه‌ن میسرییه‌كانه‌وه بۆ ئه‌و جۆره چالاكییانه هه‌یانه و تاکو چه‌نده رێز له گه‌لی كورد ده‌گرن. له‌كاتێكدا زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی ئاماده ده‌بن، كه‌سانی ئاسایی نین، به‌ڵكو كه‌سانی به‌رپرسن له ئاستی سیاسی و حزبی و په‌رله‌مانی و ئه‌كادیمی و رۆشنبیری. له‌ڕووی گۆڕانكارییه‌وه، ئێمه لێره له میسر گۆڕانكارییه‌كی زۆر گه‌وره‌مان به‌و ئاراسته‌یه كردووه.. به بڕوای من ئێستا هه‌ندێك وڵاتی عه‌ره‌بیش ده‌ستیان به گۆڕینی دیدگاكه‌یان له‌و باره‌یه‌وه كردووه، به‌تایبه‌ت عه‌ره‌بستانی سعوودییه، كه باوه‌ڕم وایه هه‌ندێك گۆڕانكاری له تێڕوانینیان هاتووه‌ته ئاراوه كه محه‌مه‌د بن سه‌لمان، شازاده‌ی جێنشینی ئه‌و وڵاته‌وه په‌یڕه‌وی ئه‌و تێڕوانینه نوێیه ده‌كات.. پێشموایه سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی زیاتر له جارێك سه‌ردانی شانشینی سعوودیه‌ی كردووه.. هه‌روه‌ها به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانیش سه‌ردانی سعوودیه و ئیمارات و وڵاتانی دیكه‌یان كردووه.. ئه‌و سه‌ردانانه‌ش به‌رهه‌می ئه‌و وه‌به‌رهێنانه نوێیه‌ی عه‌ره‌بییه كه له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه.. ئێمه چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین.. واتا سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی یاخود به‌رێز نێچیرڤان بارزانی یانیش به‌ڕێز مه‌سرور بارزانی، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی میسریش بكه‌ن، كه به بڕوای من كاریگه‌رییه‌كی زۆر گه‌وره‌ی ده‌بێت بۆ ده‌ستپێكێكی نوێی جۆرایه‌تی زۆر باش له په‌یوه‌ندیی نێوان كورد و میسر.
كوردستان24: له رێگه‌ی به‌دواداچوونم بۆ كاروباری كورد و هه‌ندێك خاڵ كه له عێراق روویانداوه. ده‌مه‌وێت بۆ تۆ ئاماژه به هه‌ندێك له‌و خاڵه ئه‌رێنیانه بكه‌م، كه ده‌كرێت بكرێنه ره‌گه‌زه‌كانی دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌واوكاری نه‌ك به باش و باشتر زانین، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر بنه‌مای دانووستان، نه‌ك گرژی.. هه‌روه‌ها له‌سه‌ر بنه‌مای برایه‌تی راسته‌قینه.. یه‌كه‌م شت: به‌درێژایی جه‌نگ له نێوان رژێمه یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كان و بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداریی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌یی كورد و هه‌روه‌ها زۆرێك له‌و سته‌مكارییانه‌ی وه‌ك ده‌زانیت ده‌رهه‌ق به كورد كران، هیچ ده‌ستدرێژییه‌ك له‌لایه‌ن كورده‌وه بۆ سه‌ر خه‌ڵكی سڤیل له ناوه‌نده مه‌دده‌نییه‌كان تۆمار نه‌كراون.. هه‌روه‌ها هیچ كوردێكیش له ناوچه كوردییه‌كان رووبه‌ڕووی هیچ عه‌ره‌بێك نه‌بووه‌تەوه. له راپه‌ڕینه‌كه‌ی ساڵی 1991ـیش دوای په‌لاماره‌كه‌ی سه‌ر كو‌ێت، هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ی سوپای عێراق كه له ناوچه كوردییه‌كان هه‌بوون، خۆیان راده‌ستی هێزه كوردییه‌كان كرد، به‌ڵام هیچ ئازارێكیان پێ نه‌گه‌یاند و به چاوی میوان سه‌یركران.. واتا هیچ مامه‌ڵه‌یه‌كی كاردانه‌وه یاخود هه‌راسانكردن و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یان به‌رامبه‌ر به سه‌ربازه عێراقییه‌كان نه‌كرد.. هه‌روه‌ها له جه‌نگی ناوخۆییش له عێراق دوای ساڵی 2003 كوردستان بوو به باشترین په‌ناگه بۆ هاووڵاتیانی عه‌ره‌بیی عێراقی.. هه‌روه‌ك تاکو ئێستاش نزیكه‌ی 3 ملیۆن هاووڵاتی عه‌ره‌بی عێراق له هه‌ولێر نیشته‌جێن، ئه‌مه‌ش رێژه‌یه‌كی یه‌كجار زۆره و نزیكه له نیوه‌ی دانیشتووانی ره‌سه‌ن.. تاکو ئێستا هیچ ده‌ستدرێژییه‌ك به‌رامبه‌ریان تۆمارنه‌كراوه به هۆكاری ئه‌وه‌ی كه ئه‌وان عه‌ره‌بن و هیچ به‌رهه‌ڵستییه‌كی كوردیش بۆ بوونی ئه‌و رێژه زۆره‌ی دانیشتوانی عه‌ره‌ب له‌ناو خاكی كوردستان نه‌بووه.. هه‌روه‌ها دوای شۆڕشی سووریاش خه‌ڵكێكی زۆر له سووریا به‌ره‌و هه‌رێمی كوردستان ئاواره و په‌نابه‌ربوون.. به‌ڵام هیچ كاتێك حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گله‌یی ئه‌وه‌ی نه‌كرد، كه بڵێت ئه‌و ئابلۆقه ئابوورییه‌ی له هه‌رێم هه‌یه و كه‌می داهاته داراییه‌كانی، به‌هۆی بوونی په‌نابه‌رانه‌وه‌یه و یانیش به‌وهۆیه‌وه فشاری زۆر له‌سه‌ری دروست بووه، له‌كاتێكدا وڵاتانی دراوسێ هه‌میشه خراپی دۆخی وڵاته‌كانیان بۆ بوونی په‌نابه‌ر له وڵاته‌كانیان گه‌ڕاندووه‌ته‌وه.
مه‌حموود زاید: بۆ نموونه توركیا!
كوردستان24: به‌ڵێ له‌وانه توركیا. واتا هیچ كاتێك حكومه‌تی هه‌رێم ده‌نگی به‌رز نه‌كرده‌وه و بڵێت، په‌نابه‌ران ئه‌وه‌نده‌ی دیكه باری سه‌ر شانی ئه‌وانی قورس‌تر كردووه.. ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی سه‌یری ئه‌و خاڵانه بكرێت، ئایا ناتوانین بیكه‌ینه بنه‌ما؟
مه‌حموود زاید: هه‌ڵبه‌ته، هه‌ر بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌و قسانه‌ی جه‌نابت ده‌یكه‌یت، ته‌نیا له راپه‌ڕینه‌كه‌ی ساڵی 1991ـه‌وه نه‌بووه، به‌ڵكو بابه‌ته‌كه له ناخی ره‌چه‌ڵه‌كی كه‌سایه‌تی كوردیدا هه‌یه.. من باسی شتێكت بۆ ده‌كه‌م یانیش به‌ڵگه‌یه‌كی میسریت بۆ باس ده‌كه‌م.. به‌ڵگه‌یه‌كی میسری كه كۆمسیارێكی میسری له‌سه‌رده‌می پاشایه‌تی نووسیویه‌تی، له‌كاتی هه‌ڵگیرسانی دووه‌م شۆڕشی بارزان بوو به سه‌رۆكایه‌تی مه‌لا مسته‌فا بارزانی.. شۆڕشی دووه‌می بارزانی له ساڵی 1943 و دواتر توانی كۆنتڕۆڵی هه‌ندێك له سه‌ربازگه‌كانی سوپای عێراق بكات به‌ته‌واوی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌ربازه‌كان خۆیان راده‌ست كرد، هه‌ڵبه‌ته دوای ئه‌وه‌ی چه‌كیان لێ سه‌ندرایه‌وه، به پارێزراوی و سه‌لامه‌تی مانه‌وه و رێگه‌یان پێدرا بگه‌ڕێنه‌وه ناو ماڵه‌كانیان و خانه‌واده‌كانیان. به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك په‌نجه‌شیان به‌ر بكه‌وێت و مه‌لا مسته‌فای بارزانی پێی گوتن: ئێمه ده‌زانین كه ئێوه فه‌رمانتان پێكراوه و ناچارن ئه‌و كاره بكه‌ن و ئه‌مه بڕیاری خۆتان نییه، جا كاری نا تۆڵه‌یی یانیش با بڵێین دیارده‌یی ناتۆڵه‌یی له ناخی كه‌سایه‌تی كورددا هه‌یه، ئه‌مه‌ش وه‌ك جه‌نابت ئاماژه‌ت پێدا، موماره‌سه‌كانیش ئه‌مه‌یان پشتڕاستكردووه‌ته‌وه و له لێدوانێكی به‌ناوبانگی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانیدا ئه‌م راستییه ره‌نگیداوه‌ته‌وه، به‌تایبه‌ت دوای ساڵی 2003، واتا دوای ئه‌وه‌ی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان‌م كردووه، منیش جه‌خت له‌سه‌ر قسه‌كانت ده‌كه‌مه‌وه و له دوایین سه‌ردانمدا بۆ هه‌ولێری كۆن، بینیم عه‌ره‌ب زیاتر بوون له كورد. كاتێك چوومه شه‌قڵاوه.
كوردستان24: ئایا شایه‌نی ئه‌وه نییه پشتیوانی له‌و هه‌رێم و ئه‌و حكومه‌ته بكرێت؟
مه‌حموود زاید: ئه‌مه زۆر گه‌وره‌یه!! سه‌یركه من به جه‌نابتم گوت: ئه‌م شته جوان و ناوازه‌یه پێویستی به ناساندن هه‌یه و له‌سه‌ر ئاستی رۆشنبیری و مه‌عریفی و میدیایی به‌شێوه‌یه‌كی زۆر فراوان بڵاوبكرێته‌وه، به‌ڵكو ببێته هۆی گۆڕانكاری له هزری عه‌ره‌بیدا.. به‌وپه‌ڕی راشكاوانه ده‌یلێم: نابێت كورد چاوه‌ڕێی هیچ رژێمێكی فه‌رمانڕه‌وا بكات، چ له عێراق یانیش له سووریا یاخود له توركیا، كه ئه‌وان مافه‌كانی كورد ده‌ده‌نه‌وه.. مافه‌كان به‌دیاری وه‌رناگیرێن!! به‌ڵكو ده‌سه‌ندرێن.. ته‌نانه‌ت باشترین كه‌سایه‌تییه‌كانی سه‌ره‌وه‌ی حكومه‌ته‌كانی عێراق پێش ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یان قبووڵ نییه، كه له مێژوودا به‌و شێوه‌یه ئاماژه به ناوی ده‌درێت، كه له‌سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایی ئه‌ودا ده‌ستبه‌رداری پارچه‌یه‌ك له خاكی عێراق بوونه.. هه‌ڵبه‌ته من قسه له‌باره‌ی عه‌قلیه‌تی عێراق، یان سووری یاخود توركی ده‌كه‌م، ئه‌وان قبووڵیان نییه كه بگوترێت له‌سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایی ئه‌واندا له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی كورد، ده‌ستبه‌رداری پارچه‌یه‌ك له خاكی عێراق بوونه.. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له ناخۆی خۆیدا ئه‌وه‌شی پێ خۆش بێت، به‌ڵام نایه‌وێت ناوی به‌مشێوه‌یه له مێژوودا بنووسرێته‌وه.. جا بۆیه نه له رابردوو، نه له ئێستا و به بڕوای من نه له داهاتووشدا هیچ رژێمێك نه له عێراق، یان سووریا، یاخود توركیا یانیش له ئێران نابینین، كه قبووڵ بكات كورد به هه‌موو مافه سیاسی و نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانی بگات.. به‌ڵام خودی كورد، واتا ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ خاڵی ده‌ستپێك، خودی كورده كه ده‌بێت به‌رامبه‌ره‌كه‌ی ناچار بكات، بۆ ئه‌وه‌ی رێزی لێ بگرێت، له‌و شارستانییه‌ته‌ی بوونیادی ناوه، هه‌روه‌ها به سه‌ربه‌خۆیی و له‌سه‌ر پێوه‌ستانی خودی و پشت به‌خۆ به‌ستن، ئه‌مانه‌ش یه‌كێكن له‌و پێویستییانه‌ی كه كورد ده‌توانێت له رێگه‌یانه‌وه به‌رامبه‌ره‌كه‌ی ناچار بكات دانی پێدا بنێن و خۆراك و ده‌رمانی خۆی دابین بكه‌ن، با واز له ده‌رمان بهێنین، به‌ڵام به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه ده‌بێت خۆراك بۆ خۆی دابین بكات، هه‌ر به‌ڕاستی زۆر گوناهه تاکو ئێستا هه‌رێمی كوردستان خاكێكی كشتوكاڵییه و خاوه‌ن سه‌رچاوه‌ی ئاوی ناوازه‌یه، له‌كاتێكدا زۆرترین مادده خۆراكییه‌كانی له هه‌ردوو دراوسێكانی هاورده ده‌كات.. واتا هه‌ردوو باج وه‌رگره‌كان، هیوادارم ئه‌مه به چاوی هه‌ند وه‌ربگیرێت.
كوردستان24: دوای شكستی لایه‌نی سه‌ربازی و چاره‌سه‌رییه سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كان، به دیدگای تۆ چاره‌سه‌ری جێگره‌وه چین بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پرسی كورد؟
مه‌حموود زاید: وه‌ك پێمگوتی: گرنگترین شت پێویسته كورد خۆی له ناوچه‌كه بسه‌پێنێت.. پێویسته كورد خۆی به سیسته‌مه به‌هێزه‌كه‌ی بسه‌پێنێت، كه ئه‌مه هه‌یه و دركی پێ ده‌كرێت، كورد خۆی به ئابوورییه‌كه‌ی بسه‌پێنێت، كورد زیاتر له به‌رامبه‌ره‌كه‌ی به رێزگرتنی خۆی له كه‌سانی دیكه خۆی بسه‌پێنێت.
كوردستان24: ئه‌ی لایه‌نی عه‌ره‌بی؟!
مه‌حموود زاید: لایه‌نی عه‌ره‌بیش ئه‌ركه له‌سه‌ری ئه‌مه قبووڵ بكات له‌سه‌ری پێویسته، من جارێكی دیكه‌ش دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه.. لایه‌نی عه‌ره‌بی به‌رپرسیارێتییه‌كی زۆر گه‌وره‌ی له‌سه‌ر شارنه.
كوردستان24: به كورتی، به‌ر له‌وه‌ی كۆتایی پێ بهێنین.. رۆڵی نوخبه‌ی عه‌ره‌بی به‌رامبه‌ر به كورد!!
مه‌حموود زاید: نوخبه‌كان له وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتێكی دیكه جیاوازن. واتا ئێمه له میسر وه‌ك به جه‌نابتم گوت: ئێمه فۆبیامان به هیچ گه‌لێك و هیچ پرسێك نییه، به‌ڵام ته‌نیا ئه‌گه‌ر ئه‌و نوخبانه به راستییه‌كان گه‌یشتن، ئه‌وا باسی ئه‌و راستیانه ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر زانیاری ساخته به‌ده‌ستیان گه‌یشت ئه‌وا باسی ئه‌و زانیارییانه ده‌كه‌ن.. ئه‌مه له چوارچێوه‌ی ئه‌وه‌ی من ئه‌نجامی ده‌ده‌م، من ئێستا سوپاس بۆ خودا كه له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی بابه‌تیانه و ئه‌كادیمی ده‌نووسم و نووسینه‌كانم به‌سه‌ر ئه‌و نوخبانه‌دا دابه‌ش ده‌كه‌م و ده‌یانخوێننه‌وه و گفتوگۆی له‌باره‌یه‌وه ده‌كه‌ین و له هه‌ندێك شت رای جیاواز و هه‌ندێكی دیكه هاوڕاین، به‌ڵام له‌كۆتاییدا ده‌گه‌ینه مه‌به‌ست. ئه‌م بابه‌ته پێویستیی به ژماره‌یه‌كی زۆری كه‌سانی ئه‌كادیمی هه‌یه.. پێویستمان به رۆژنامه‌نووسی زیاتره، پێویستمان به گوتاری زیاتر و كۆڕبه‌ندی زیاتره.
كوردستان24: به‌ڕای تۆ، ئه‌م به‌رنامه‌یه به‌شێك نییه له‌وی كه باسی ده‌كه‌یت؟
مه‌حموود زاید: ئه‌مه ناوازه‌یه، بۆیه من ده‌ڵێم: پێویسته كورد له رێگه‌ی كورده‌وه بناسین.. ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ش زۆر باشه.. واتا كاتێك په‌خش ده‌كرێت و له ناوه‌نده عه‌ره‌بییه‌كان ده‌بیسترێت، باوه‌ڕم وایه كه كاریگه‌رییه‌كی باشی ده‌بێت. هه‌ربۆیه من بۆ ئه‌مه ده‌ستخۆشیتان لێ ده‌كه‌م و هیوای سه‌ركه‌وتنی زیاترتان بۆ ده‌خوازم..
كوردستان24: توانای گه‌یشتن به حاڵه‌تێك له‌وه‌ی كه كۆمه‌ڵگه‌كانی رۆژئاوا تێیدا ده‌ژین چه‌نده؟ واتا سیته‌مێكی فیدڕاڵیی وه‌ك ئه‌وه‌ی له ئه‌مه‌ریكا یانیش وڵاتانی ئه‌وروپا هه‌یه.. ئایا ده‌كرێت ئه‌مه وه‌ك نموونه‌یه‌كی چاره‌سه‌ری سه‌یر بكرێت؟
مه‌حموود زاید: سه‌یركه.. بابه‌ته‌كه به‌و ئاسانییه نییه. زۆر به‌ڕاشكاوانه و به له‌به‌رچاوگرتنی به‌دواداچوونه‌كانم پێت ده‌لێم: نزیكه‌ی 500 ساڵ له نێوان ئێمه و رۆژئاوادا هه‌یه.. هزر، كولتوور، زانست، یه‌كترقبووڵكردن، نه‌رمی، رێزگرتنی خود، قبووڵكردنی مرۆڤ، پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه، پێكه‌وه ژیانی هاوبه‌شی..
كوردستان24: ده‌كرێت به‌وه بگه‌ین كه باسی ده‌كه‌یت و به فیدڕاڵیه‌ت بگه‌ین؟
مه‌حموود زاید: به‌ڵێ، ده‌كرێت. هیوامان هه‌رگیز له‌ده‌ست نه‌داوه.
كوردستان24: هیچ گوته‌یه‌كت هه‌یه بۆ هه‌رێمی كوردستان، كه ئاراسته‌ی بكه‌یت، له‌كاتێكدا خۆت به‌شێوه‌یه‌كی خولاو سه‌ردانیشی ده‌كه‌یت؟ هیچ گوته‌یه‌كت هه‌یه بته‌وێت بینه‌ران لێته‌وه ببیستن؟
مه‌حموود زاید: ئه‌ركه له‌سه‌ر شانم كه سه‌رسامی و رێزی خۆم بۆ ئه‌وه نیشان بده‌م، كه له هه‌رێمی كوردستان ده‌گوزه‌رێت، له‌ڕووی گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری، ئاوه‌دانكردنه‌وه و خزمه‌تگوزاری و رێگه‌وبان و هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی باشتر پێشكه‌ش به هاووڵاتیان ده‌كرێت. هه‌روه‌ها رێزی هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ش ده‌گرم، كه حكومه‌تی ئێستای هه‌رێم له‌پێناو دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری كۆتایی و ریشه‌یی بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ده‌یدات و ئه‌م هه‌وڵانه شتێكی زۆر باشن.. به‌ڵام داواكاری ئه‌نجامدانی زیاتر و زیاتریش له كورد هه‌ر ده‌مێننه‌وه.
كوردستان24: له كۆتایی ئه‌م ئه‌ڵقه‌یه هیچم نه‌ماوه، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت كه سوپاسێكی بێپایان ئاراسته‌ی دكتۆر مه‌حموود زاید بكه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی كه بۆمانی باسكرد و بۆ هه‌وڵه بێ وچانه‌كانی له ناساندنی كورد و دۆزه‌كه‌یان.. هه‌وره‌ها هه‌وڵه دادپه‌روه‌ره‌كانی و ئاراسته‌كردنی تیشكێكی دادپه‌روه‌رانه بۆ ناساندنیان وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی ره‌سه‌ن له كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌ڵچوودا له‌و كۆمه‌ڵگه گه‌وره‌یه‌دا، كه سه‌قامگیر و به‌رده‌وام نابێت له‌سه‌ر جێگیری و پێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندن، به‌بێ ئه‌وه‌ی ته‌وافوق له نێوان پێكهاته نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانیدا هه‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌واوكاری نه‌ك جیاكاری و له‌سه‌ر بنه‌مای دانووستان نه‌ك خۆ سه‌پاندن و پاشكۆیه‌تی و فه‌رمانداری.. له میسره‌وه سوپاستان ده‌كه‌م و به‌ر ره‌حمه‌ت و سڵاوی خودا بكه‌ون.