سبەی لەسەر ئاستی باڵا یەکێتی سەردانی گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵ دەکات
K24 – سلێمانی:
وابڕیارە سبەی شەممە شاندێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، وابڕیارە رۆژی شەممە (21ـی تشرینی دووەمی 2023) شاندێکی باڵای یەکێتی سەرەتا سەردانی مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان بکات لە شاری سلێمانی و دواتریش سەردانی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەری و ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو بکەن.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەکرد، شاندەکەی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکایەتی دەکات و هەریەکە لە عیماد ئەحمەد، رەفعەت عەبدوڵڵا، دەرباز کۆسرەت، سەعدی ئەحمەد پیرە، شاڵاو عەلی عەسکەری و سالار سەرحەد یاوەری دەکەن.
شاندی گۆڕانیش کە پێشوازی لە شاندە باڵاکەی یەکێتی دەکەن، مستەفا سەید قادر سەرۆکایەتی دەکات و هەریەکە لە دلێر عەبدولخالق، بەختیار عومەر ئەولی و شێخ کامیل پێنجوێنی و چەند ئەندامێکی جفاتی نیشتمانی بزووتنەوەکەش ئامادەی کۆبوونەوەکە بکات.
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان یەکێتی لەگەڵ ئەو لایەنانە، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی یەکێتی و ئەو لایەنانە ئەجێندای کۆبوونەوەکانیان دەبێت، هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا، شاندەکەی یەکێتی دەرئەنجامی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ پارتی لەگەڵ گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵ دەخاتەڕوو.
هاوکات کوردستان24 زانیویەتی، لە کۆبوونەوەکەی یەکێتی و گۆڕان باس لە دۆخی سیاسیی و ئیداری سنووری سلێمانی دەکرێت بەتایبەتی ئەو رێککەوتنەی هەردوولا هەیانە لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی و باسکردنی دۆخی خوێندن لە پارێزگای سلێمانی کە ماوەی دوو مانگە پرۆسەی خوێندن لە ناوەندەکانی خوێندنی سلێمانی دەستی پێنەکردووە.
لەگەڵ ئەوەشدا، پرسی مووچە و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و بەرەوپێشچوونەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵی بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکانی یەکێتی و ئەو سێ لایەنە دەبێت لە سلێمانی.
هەر بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەو سکاڵایانەی لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکە لە دادگای فیدراڵی تۆمارکراوە، یەکێک دەبێت لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکانی نێوان یەکێتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری.
پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەشکرد، سبەی شەممە (25ـی تشرینی دووەمی 2023) کاتژمێر 11:00ـی بەیانی، یەکێتی و گۆڕان لە مەکۆی سەرەکی گۆڕان کۆدەبنەوە، کاتژمێر 2:00ـی دوای نیوەڕۆ، شاندەکەی یەکێتی سەردانی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەری و کاتژمێر 4:00ـی سەر لە ئێوارەش شاندەکەی یەکێتی لە بارەگای ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو لەگەڵ ئەو حزبە کۆدەبێتەوە.
رۆژی سێشەممە (7ـی تشرینی دووەمی 2023) له بارهگای مهكتهبی سیاسیی پارتی له پیرمام، كۆبوونهوهی هاوبهشی نێوان یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، ئهنجامدرا و دوای کۆبوونەوەکەش هەردوولا راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لهكۆبوونهوهكهدا بارودۆخی هەرێمى کوردستان و عێراق بەتایبەتى و، رەوشى هەستیارى ناوچەکە بە گشتى گفتوگۆیان له بارهوه كرا.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ههردوولا جەختیان لەسەر هەماهەنگى و پێکەوەکارکردن و پێویستى كۆكردنهوهی هێز و تواناى سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان کردەوە بۆ پاراستنی قهوارهی ههرێمی كوردستان و داڕشتنى ستراتیژیەتێکى هاوبەش کە گونجاوبێت لەگەڵ رەوتى رووداو و گۆڕانکارییەکانى قۆناغهكه و رووبەڕووبوونەوەى ئاڵنگارییەکان.
له تهوهرێكی دیكهی كۆبوونهوهكهدا، جهخت له پاڵپشتیكردنی هەنگاوەکانى حكومهتی ههرێمی كوردستان کرایەوە بۆ دابینكردنی شایسته داراییهكان و مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى دەستوورى هەمیشەى عێراقدا.
ئەم سەردانانەی یەکێتی بۆ لای لایەنە سیاسییەکان دەبێتە، لە دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پارتی، دەبێتە یەکەم خولی سەردانەکانی ئەو حزبە لە دوای کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی نوێی.