بایدن: راگرتنی شەڕ لە غەززە دەرفەتێکی باشە

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا

K24 - هەولێر:

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، خوازیارن بارمتەی دیکەش ئازاد بکرێن، هەروەها نایانەوێت حەماس دەستی بەو هاوکارییانە بگات کە بۆ غەززە دەنێردرێن. گوتیشی: چارەسەری دوو دەوڵەت باشترین چارەسەرە بۆ ئیسرائیل و فەڵەستین.

جۆ بایندن، سەرۆکی ئەمەریکا لەمیانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لەگەڵ ئەمیری قەتەر، سەرۆکی میسر و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل قسەمکردووە بۆ ئەوەی ئەم رێککەوتنە سەربگرێت، دەمەوێت زۆر سوپاسی هەر سێ سەرکردەکە بکەم بەهۆی ئەوەی ئەم رێککەوتنەیان بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرد".

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا، رزگارکردنی بارمتەکان سەرەتای پرۆسەکەیە و پێشبینی دەکەین سبەی ژمارەیەکی دیکەش ئازاد بکرێن، هەروەها رۆژانی داهاتووش ژمارەیەکی زیاتر ئازاد دەکرێن، هیوادارە رۆژانە بارمتەکان ئازا بکرێن و بگەڕێنەوە ناو خێزانەکانیان.

بایدن دەڵێت: دوو ئافرەتی ئەمەریکی و منداڵێکی تەمەن چوار ساڵ تا ئێستا دیار نین، ئێمە ناوەستین و لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین تا ئەوانیش دەگەڕێنەوە بۆ ناو خێزانەکانیان، هەروەها من بەردەوام لەگەڵ ئەو سێ سەرکردەیە قسە دەکەم بۆ ئەوەی ئەم رێککەوتنە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت.

سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەشکرد، ئەم راگرتنەی شەڕ دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ ئەوەی خۆراک، ئاو و سووتەمەنی بگاتە خەڵکی سڤیل لە غەززە، ئێمە یەک خولەکیش بەفیڕۆ نادەین، لە دوای سەردانەکەی مانگی رابردووم بۆ ئسیرائیل هەوڵمداوە بۆ ئەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بگەیەندرێنە غەززە بە هەماهەنگی لەگەڵ خاکی سوور و نەتەوە یەکگرتووەکان.

بایدن، گوتی: ئەمڕۆ زیاتر لە 200 بارهەڵگر کە سووتەمەنی و دەرمان و خۆراکی هەڵگرتبوو لە دەروازەی رەفەحەوە رەوانەی غەززە کراوە، لە چەند رۆژی داهاتوو هاوکاری زیاتریش بۆ غەەزە دەنێردرێت، حەماس هیچ گرنگی بە خەڵکی سڤیلی غەززە نادات، هەوڵیش دەدەین حەماس دەستی بە هاوکارییەکان نەگات.

گوتیشی: ئێمە دەبێت ئەو توندوتیژییەی کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە کۆتایی پێبهێنین، چارەسەری دوو دەوڵەت بە باشترین چارەسەر دەبێت بۆ ئەوەی ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان لە تەنیشت یەکەوە لە دوو دەوڵەتی سەربەخۆدا بە شکۆمەندییەوە بژین، بۆیە حەماس ئەو هێرشەی ئەنجامدا چونکە نایەوێت ئیسرائیل و فەڵەستین بە ئاشتیانە لە تەنیشت یەکدییەوە بژین.

ئەمڕۆ هەینی (24ـی تشرینی دووەمی 2023) رێکخراوی خاچی سوور لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، 13  بارمتەی ئیسرائیلی و 39 زیندانیکراوی فەڵەستینی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە زیندانیکرابوون ئازادکران، هەروەها 10 بارمتەی تایلەندی و بارمتەیەکی فلیپینی لەلایەن حەماسەوە ئازادکران.

لەلای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئازادکردنی 39 منداڵ و ئافرەتی فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل پشتڕاست دەکاتەوە و ئاشکراشی دەکات، بارمتە ئیسرائیلییەکان لە دەروازەی رەفەحەوە نێردراونەتە میسر و لەوێ رادەستی دەسەڵاتدرانی ئیسرائیل کراون، دواتر لەرێگەی دەروازەی کەرەم ئەبو سالم، دەگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل لە غەززە گەیشتنە رێککەوتنێک و ئاگربەستێکیان بۆ ماوەی چوار رۆژ راگەیاند، بەو مەرجەی ئیسرائیل 150 ژن و منداڵ لە زیندانەکانی ئازاد بکات، لە بەرامبەر ئازادکردنی 50 ژن و منداڵی بە بارمتەگیراو لە کەرتی غەززە، هەروەها چوونە ناوەوەی زیاتری یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە.

دوێنێ پێنجشەممە (23ـی تشرینی دووەمی 2023) نووسینگەی راگەیاندنی حکومی لە غەززە ئاشکراشی كرد، ژمارەی کوژراوان لە کەرتی غەززە، به‌هۆی هێرشه‌كانی ئیسرائیل گەیشتە 14 هەزار و 854 کەس، هەروەها لە نێو کوژراوەکاندا شەش هەزار و 150 منداڵ و چوار هەزاریش ئافرەتن.

زیاتر لە مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی چەکداری بزووتنەوەی حەماسی فه‌ڵه‌ستینی بۆ سەر ئیسرائیل کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژراو و زیاتر له‌ هه‌زار برینداریشی لێ كه‌وته‌وه‌، هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن ئەو بزووتنەوەیەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كراون.

ئیسرائیل وەکو تۆڵەکردنەوەیەک، زیاتر لە مانگێکە  پێگەکانی حەماس لە غەززە بۆردوومان دەکات، ئەمە بێجگە لەو هێرشە زەوینییەی بۆ سەر شارەکە دەستپێکردووە.

هاوکات تەندروستیی غەززە ئاشکرایکردووە، لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 135 دامەزراوەی تەندروستی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بەئامانج گیراون و 23 نەخۆشخانەش لەکارکەوتوون.