ئەردۆغان ئیدانەی بێدەنگییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات لەسەر کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل
K24 - هەولێر
سەرۆککۆماری تورکیا، ئیدانەی بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد سەبارەت بەتاوانەکانی جەنگ و کۆمەڵکوژی ئیسرائیل کە لە کەرتی غەززە ئەنجامیداوە، راشیگەیاند، ئەوان شکستیان هێناوە لەم تاقیکردنەوەیەدا.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بۆ لوتکەیی پەیوەندییە ستراتیژییە نێودەوڵەتییەکان کە لەئیستانبوڵ رێکخرابوو، گوتی: لەروانگەی رۆژئاوا، ئیسرائیل تاوانی جەنگ لە کەرتی غەززە ئەنجام دەدات، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بێدەنگە، بۆیە بەروونی دیارە کە شکستیان لەو تاقیکردنەوەیە هێناوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئیسرائیل تاوەکو ئێستا 60 رۆژنامەنووسی لە کەرتی غەززە کوشتووە، بۆ ئەوەی رێگری بکات لە گواستنەوەی راستییەکان کە لەوێ روودەدات، هەروەها کارەبا و ئاوی لەسەر کەرتەکە بڕیووە و گەمارۆی تەواوەتی خستووەتە سەر، کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات".
ئەردۆغان باسی لەوەشکرد، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەروونی لەم تاقیکردنەوەیە شکستی هێنا، بەوەی چاوپۆشی لەتاوانەکانی ئیسرائیل کرد، کە بەشێوەیەکی راستەوخۆ بۆ هەموو جیهان پەخش دەکرا، نەتەوە یەکگرتووەکانیش نەیتوانی کارەکانی خۆی ئەنجام بدات.
بەگوتەی ئەردۆغان، "تورکیا لەیەکەم رۆژی شەڕەوە لەپشت فەڵەستینییە ستەملێکراوەکان وەستاوە و کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیلی رەتکردووەتەوە، هەروەها لەگەڵ تیمە تایبەتمەندەکانی کاری کردووە، بۆ ئاشکراکردنی راستییەکان و ئاشکراکردنی جینۆسایدەکانی ئیسرائیل کە لە کەرتی غەززە ئەنجام دەدات"، دەشڵێت: "ئیسرائیل تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات".
رۆژی پێنجشەممە (23ـی تشرینی دووەمی 2023) نووسینگەی راگەیاندنی حکومی لە غەززە ئاشکرایكرد، ژمارەی کوژراوان لە کەرتی غەززە، بههۆی هێرشهكانی ئیسرائیل گەیشتە 14 هەزار و 854 کەس، هەروەها لە نێو کوژراوەکاندا شەش هەزار و 150 منداڵ و چوار هەزاریش ئافرەتن.
زیاتر لە 45 رۆژە شەڕ لە نێوان چەکدارانی بزووتنەوەی حەماسی فهڵهستینی و ئیسرائیل سەری هەڵداوە، کە زیاتر لە 1200 ئیسرائیلی کوژراون و زیاتر له ههزاریشیان بریندارن، هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن ئەو حەماسەوە دهستبهسهر كراون.
رۆژی هەینی (24ـی تشرینی دووەمی 2023) رێکخراوی خاچی سوور لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، 13 بارمتەی ئیسرائیلی لەلایەن حەماسەوە ئازادکران و 39 زیندانیکراوی فەڵەستینیش کە لەلایەن ئیسرائیلەوە زیندانیکرابوون ئازادکران.