رووسیا: نۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیامان خستە خوارەوە

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، نۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیایان لە چوار شوێنی رۆژئاوای وڵاتەکەی خستووەتە خوارەوە.

لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگری رووسیادا هاتووە، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە،26/11/2023، بەرگرییەکانی رووسیا هێرشێکی نوێی ئۆکرانیایان پووچەڵکردەوە، کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان خاکی رووسیایان کردە ئامانج، هەروەها چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بەسەر پارێزگاکانی مۆسکۆ، تولا، برایانسک و کالوگا خستە خوارەوە".

هەر لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگری رووسیادا هاتووە، هەر شەوی رابردوو بەرگرییەکانی رووسیا 11 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیایان بەسەر ناوچەکانی مۆسکۆ، تولا، کالوگا و برایانسکدا خستە خوارەوە.

پێشتر سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ رایگەیاندبوو، هێزەکانی بەرگری ئاسمانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە ناوچەی نارۆفۆمینسک و ئۆدینتسۆڤۆی هەرێمی مۆسکۆ خستووەتە خوارەوە.

لە شوباتی 2022، رووسیا هێرشیکردە سەر ئۆکرانیا، بەشێکی خاکی ئۆکرانیای داگیر کرد، هەروەها بەدەیان هەزار کەس لە نێوان هەردوولا کوژراون و زیانێکی زۆری ماددیش بەر ئۆکرانیا کەوتووە.