سێ سەربازی تورکیا لە ناوچە سنوورییەکان کوژران
K24 - هەولێر
وەزارەتی بەرگری تورکیا، کوژرانی سێ سەربازی تورکیای لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی "قوفلی چنگ" لە ماوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان راگەیاند.
وەزارەتی بەرگری تورکیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنی "قوفلی چنگ" سێ سەربازییان کوژران، ئاماژەی بەوەشکرد، 17 شوێنی پەکەکەیان وێرانکردووە.
ئۆپەراسیۆنی " قفڵی چنگ"ـی تورکیا لە مانگی نیسانی 2022 لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان دەستپێکرد، بە ئامانجی نەهێشتنی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) لە ناوچەکە، ئەمەش لە چوارچێوەی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی ئەو پارتە لە سووریا و عێراق.
لەلایەکی دیکەوە، وەزیری ناوخۆی تورکیا عەلی یەرلیکایا رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قارەمانەکان-30 بۆ سەر پەکەکە، لە شەش پارێزگادا 63 ئەشکەوت و حەشارگە کە ئامادەیان کردبوو بۆ حەوانەوەیان لە وەرزی سەرمادا لەناو برا.
ئاماژەی بەوەشکرد، "بەردەوامین لەسەر رووخاندنی حەشارگەی چەکدارانی پەکەکە".
گوتیشی: ئۆپەراسیۆنەکە لە پارێزگاکانی سێرت، شرناخ، دیاربەکر، مەڕەش، مووش و تونجەلی بەڕێوە چووە و سوود لە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و هێلیکۆپتەرەکان وەرگیراوە.
یەرلیکایا جەختی لەوەش کردووەتەوە کە لەم ئۆپەراسیۆنانەدا دەست بەسەر ژمارەیەک چەک و تەقەمەنی و خۆراک و پێداویستی پزیشکی و بەڵگەنامەی رێکخراوەییدا گیراوە.