وەزیری پێشمەرگە دوای گەڕانەوە بۆ سەر کار: رووبەڕووی گەندەڵی بووینەتەوە

کۆنفرانسی رۆژنامەوانی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای گەڕانەوە بۆ سەر کارەکەی
کۆنفرانسی رۆژنامەوانی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای گەڕانەوە بۆ سەر کارەکەی

K24 - هەولێر

وەزیری پێشمەرگە دەڵێت، لە ساڵانی رابردوودا رووبەڕووی "گەندەڵی و هەدەردانی سامانی گشتی" بوونەتەوە. ئاماژە بەوەش دەدات، "لەپێناو بەرژەوەندیی هێزی پێشمەرگە" گەڕاوەتە سەر کارەکەی.

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای زیاتر لە ساڵێک دابڕان و دوورکەوتنەوە؛ بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 27-11-2023، لە رێوڕەسمێکدا  گەڕایەوە سەر کارەکەی لە وەزارەتی پێشمەرگە و، دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا هۆکاری دوورکەوتنەوەکەی خستەڕوو و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.  

وەزیری پێشمەرگە هۆکاری دوورکەوتنەوەی بۆ زیاتر لە ساڵێک، بۆ "کۆمەڵێک هۆکاری نەخوازراو" دەگەڕێنێتەوە و، وەکو خۆی دەڵێت، "لەو ماوەیەدا وەزارەتی پێشمەرگە بە قۆناغێکی دژواردا تێپەڕیوە؛ لەمپەر و گرفت بۆ پڕۆسەی چاکسازی، یەکخستنەوەی هێزەکان و کاری پێکەوەیی لەنێو وەزارەتی پێشمەرگە دروستکراوە و پڕۆسەکە خاوبووەتەوە". 

لەبارەی گەڕانەوەشی بۆ سەر کارەکەی، شۆڕش ئیسماعیل گوتی: "پاش هەوڵدانی دڵسۆزانەی دۆستەکانمان لە دەرەوە و داواکاری هەندێک لە خەمخۆران لە ناوەوەی هەرێمی کوردستان بۆ گەڕانەوەم بۆ وەزارەتی پێشمەرگە؛ لەبەر هەستکردن بە هەستیاریی دۆخەکە، لەپێناو بەرژەوەندیی هێزی پێشمەرگە، چاکەی گشتی و خەمخۆران و بۆ زیاتر بە دامەزراویکردنی وەزارەتی پێشمەرگە؛ ئەمڕۆ گەڕاومەتەوە سەر کارەکەم".

بە گوتەی شۆڕش ئیسماعیل، کاتێک بووەتە وەزیری پێشمەرگە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "هەموو ئامانج و بنەمای کارکردنمان لەپێناو پڕۆسەی رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە بۆ دروستکردنی هێزێکی خاوەن بڕوای پتەوی کوردستانی و خاوەنی دیپسپلینی سەربازی لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا".

وەزیری پێشمەرگە داوا لە پارتی و یەكێتی دەکات "لە پێناو پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانمان کە بە خوێنی شەهیدەکانمان بەدەست هاتوون؛ بەردەوام هاوکاری و پاڵپشتی لە پڕۆسەی چاکسازی، یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بکەن، چونکە پاڵپشتیی بەردەوامییان هەنگاوەکانمان کورتر دەکاتەوە".

وەکو خۆی باسی دەکات، "دۆخی خراپی نێو وەزارەتی پێشمەرگە، مایەی نیگەرانی من، هەموو دڵسۆزان، خەمخۆرارن و ئەفسەرانی باڵای خودی وەزارەتی پێشمەرگەیە بەتایبەت دۆستەکانمان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. ئەوان داواکارن بە زووترین کات ئەم دۆخە خراپ و نەخوازراوە بۆ هەتا هەتا کۆتایی پێ بهێندرێت".

وەزیری پێشمەرگە کە لە پشکی یەکێتییە، جەخت لەوە دەکاتەوە، "وەکو تیمێکی یەکگرتوو لەناو وەزارەتی پێشمەرگە، توانیومانە چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی بگەیەنینە ئەنجام" و دەڵێت: "وەزارەتی پێشمەرگە، بە دەستکەوتەکانی، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و هەدەردانی سامانی گشتی، توانی روویەکی جوانی نیشتمانی پیشانی هەموو جیهان، دۆست و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش بدات. هەروەها توانیمان لەگەڵ ئەمەریکا و هاوپەیمانانمان زەمینەی رێککەوتنێکی گرنگ و کاری هاوبەشی دوورمەدا دروست بکەین".

ئاماژە بەوەش دەدات، "هەموو ئەو کارە گرنگانەی لە ماوەی ساڵانی رابردوودا ئەنجامدراون و لە داهاتووشدا ئەنجام دەدرێن؛ لە دۆخێکی سەختی ئابووری، کاتی سەرهەڵدانی پەتای کۆڕۆنا و چەندین قەیرانی دیکە کە رووبەڕووی قەیرانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە، ئەنجام دراون".

وەکو ئەوەی شۆڕش ئیسماعیل باسی دەکات، "ئەو هەموو کار و پڕۆژە سەختانە، بەبێ پشتیوانی ڕاستەوخۆ و بەردەوامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکوەزیران ئەنجام نەدران. ئێمە رۆڵی ئەوان بە گرنگ و بەرز دەنرخێنین لە بە ئەنجام گەیاندنی پڕۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا".

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، ناوبراو داوا لە هێزەکانی هاوپەیمانان و بەتایبەت ئەمەریکا دەکات هاوکاری و پاڵپشتییەکانیان بۆ پڕۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە "بەرفراوان و بەردەوام بکەن، چونکە تاوەکو ئێستا تیرۆر لە ناوچەکەدا مەترسییەکی گەورەیە لەسەر هەمووان".

 

Fly Erbil Advertisment