پێنتاگۆن: دوای راگەیاندنی ئاگربەستی غەززە هێرش نەکراوەتە سەر هێزەکانمان

ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکی لە عێراق
ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکی لە عێراق

K24 - هەولێر

وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا دەڵێت، لەگەڵ راگەیاندنی ئاگربەستی غەززە هیچ هێرشێک نەكراوەتە سەر ھێزەكانیان لە عێراق و سووریا.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 28-11-2023، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا ( پێنتاگۆن)، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بــەوە كـرد، لەگەڵ راگەیاندنی ئاگربەست و لە ژێر رۆشنایی وەستانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەكاندا، چالاکییە هەواڵگرییەکانیان لە ئاسمانی کەرتی غەززە ڕاگرتووە.

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکادا ئاماژەی پێ دراوە، ھەر لەگەڵ دەستپێکی راگەیاندنی ئاگربەستی غەززەوە لە عێراق و سووریا هیچ هێرش نەکراوەتە سەر هێزەکانیان.

هاوکات پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هێزەکانیان بەمەبەستی "بەرەنگاربوونەوەی داعش" لە عێراق و سووریان. گوتیشی، بوونی هێزەکانیان لە عێراق "لەسەر داوای حکومەتی عێراقە" و "هیوادارین هێرشی دیکە نەکرێتە سەر هێزەکانمان لە ناوچەکە".

ئەمە لە کاتێکدایە بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا، لە 17ـی مانگی رابردووەوە تا ئێستا 61 جار هێرشکراوەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا؛ لەو ژمارەیە 29 هێرش لە عێراق و 33 هێرش لە سووریا بوون.

ئاگربەستی مرۆیی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە رۆژی 24-11-2023ـەوە بە نێوەندگیری قەتەر، میسر و ئەمەریکا چووە بواری جێبەجێکردنەوە. لەو ماوەیەدا حەماس 81 بارمتە و ئیسرائیلیش 180 دەستگیرکراوی فەڵەستینی ئازاد کردووە.