موسەنا ئەمین: لیژنەیەک بۆ قەرەبووکردنەوەی خەڵکی هەڵەبجە سەردانی شارەکە دەکات

K24 - هەولێر

پەرلەمانتارێکی عێراق رایگەیاند، خەڵکی هەڵەبجە کۆمەڵێک ماف و قەرەبووی هەیە لەسەر حکومەتی عێراق، هەروەها لەیاسایی زیندانە سیاسییەکانی عێراقدا ئەوە هاتووە، کە هەموو ئاوارەکانی هەڵەبجە، ئاوارەی ئێران بوون، مافی ئەوەیان هەیە مووچەیەکی زیندانی سیاسییان بۆ ببڕێتەوە.

موسەنا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، خەڵکی هەڵەبجە کۆمەڵێک ماف و قەرەبووی هەیە لەسەر حکومەتی عێراق، یەکێکیان تایبەتە بە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، بەتایبەت ئەوانەی لە ئێران گەڕاونەتەوە کە مافی ئەوەیان هەیە چەند ملیۆن دینارێک وەرگرن، هەروەها مافی خۆیانە پارچەیەک زەوییان پێبدرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەزیری کۆچ و کۆچبەران جەختی لەوەکردەوە، کە بۆ مانگێکی دیکە واتە سەرەتایی ساڵی داهاتوو لیژنەیەک ئەنێرن، بۆ دیراسەکردن و وەرگرتنی دۆسیەی ئەوکەسانەی کە بڕیارە ئەو قەرەبووە لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران وەربگرن، هەروەها ئێمەش داوامان کرد لیژنەیەکی هەمیشەییان لێرە هەبێت، بەمەش پارێزگاری هەڵەبجە هەموو ئامادەیەکییان دەربڕی کە هەموو هاوکارییەکی لۆجیستی لە دابین کردنی شوێن و پیداویستییەکانی کارکردن و هەتا کارمەندێکی هاوکاریشیان لەبەردەستدابێت بۆ ئەوەی هەموو کارەکان بۆ خەڵکی هەڵەبجە بکات.

دەشڵێت: قەرەبوویەکی دیکەی خەڵکی هەڵەبجە کە زۆر زۆر گرنگە لەبواری ماددی، لەیاسایی زیندانە سیاسییەکانی عێراقدا لەهەمواری ساڵی 2013 کە دانی بەوە داناوە کە هەموو ئاوارەکانی هەڵەبجە، کە لەکاتی کیمیابارانی هەڵەبجە لێرەبوون و ئاوارەی ئێران بوون، مافی ئەوەیان هەیە مووچەیەکی زیندانی سیاسییان بۆ ببڕێتەوە و بەئیمتیازەکانیشەوە، بەڵام ئەم یاسایە تا ئێستا بۆ خەڵکی هەڵەبجە جێبەجێ نەکراوە.