سەرۆکی چین ئامادەیی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ تایوان دەردەبڕێت

سەرۆکی چین شی جین پینگ رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ  گفتوگۆ لەگەڵ تایوان لەبارەی یەکخستنەوەی نیشتمانی، بە مەرجی پابەندبوون بە بنەمای "چیینی یەکگرتوو" و "رێککەوتنی ساڵی 1992".

ئەم وتانەی شی جین پینگ لە کاتی بەشدارییکردن لە چالاکییەکدا هات کە لە هۆڵی مەزنی گەل بە بۆنەی 160ەمین ساڵوەگەری لەدایکبوونی سون یات سن، یەکەم سەرۆکی کۆماری چین، رێکخرابوو. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، بەیژینگ ئامادەیە گفتوگۆ و راوێژ لەگەڵ نوێنەرانی چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگا لە تایوان ئەنجام بدات سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولای گەروی تایوان و پرسی یەکخستنەوەی نیشتمانی.

جەختیشی کردەوە، دەبێت ئەم گفتوگۆیانە لەسەر بنەمای پابەندبوون بە بنەمای "چینی یەکگرتوو" و "رێککەوتنی ساڵی 1992" بەڕێوەچن.

رێککەوتنی ساڵی 1992: بنەمایەکی سیاسییە کە لە نێوان بەیژینگ و پارتی دەسەڵاتداری پێشووی تایوان (کۆمینتانگ) واژۆ کرا. هەرچەندە هەردوولا لەسەر ئەوە رێککەوتن کە "یەک چین" هەیە، بەڵام هەریەکەیان مانایەکی جیاوازی بۆ دەدات؛ بەیژینگ دەیەوێت بە مانای کۆماری گەلی چین بێت، کەچی تایوان (کۆماری چین) بە جۆرێکی  دیکە لێکدانەوەی بۆ دەکات.

رێککەوتنەکە داننانە بە بوونی یەک دەوڵەتی چینی لە جیهاندا، لە کاتێکدا هەردوولا مافی ئەوەیان بۆ دەهێڵێتەوە کە لێکدانەوەی جیاواز بۆ ئەم بنەمایە بکەن؛ بە جۆرێک کە بەیژینگ پێی وایە مەبەست کۆماری گەلی چینە کە لە 1 ی ئۆکتۆبەری 1949 لە دوای جەنگی ناوخۆی چین دامەزراوە، لە بەرامبەردا تایپێ پێی وایە مەبەست کۆماری چینە کە پێش ساڵی 1949 لە خاکی سەرەکی لەوێ هەبووە.