حووسییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر عەدەن و سعوودیە چڕتر دەکەنەوە

چەکدارانی حووسی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنییان کردە سەر شاری عەدەن، کە بارەگای حکوومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتیی یەمەنە، هاوکات سعوودیەش بەرپەرچدانەوەی چەندین مووشەکی ئەو گرووپەی بەرەو ریازی پایتەخت راگەیاند.

بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکان، هێرشەکانی عەدەن کەمپەکانی هاوپەیمانیی بە سەرۆکایەتیی سعوودیە و هێزەکانی حکوومەتی یەمەنیان لە رۆژئاوا و ناوەندی شارەکە کردووەتە ئامانج؛ لە هێرشەکاندا دوو مووشەک و درۆنێک بەکارهێنراون کە درۆنەکە پێش پێکانی ئامانجەکەی تێکشکێنراوە.

لەلایەکی دیکەوە، دەسەڵاتدارانی سعوودیە رایانگەیاند کە سێ مووشەکی کرووزی حووسییەکانیان بەرەو ناوچەی ریاز تێکشکاندووە. لە کاتی دەستپێکردنەوەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە، بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی حووسییەکان بۆ سەر ناوچەکانی سعوودیە 26 کەس کوژراون و زیانیش بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ریاز و باڵەخانەیەکی کۆمپانیای ئارامکۆ گەیشتووە.

لە بەرامبەردا، لە سەنعای پایتەخت رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەو قوربانییانە بەڕێوەچوو کە هەفتەی رابردوو لە بۆردومانێکی سعوودیەدا بۆ سەر گوندی شەریعە کوژرابوون؛ بەپێی ئاماری حووسییەکان، لەو بۆردومانەدا 44 کەس کوژراون کە 21ـیان منداڵ بوون، هاوکات 40 کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوای هەڵوەشانەوەی ئاگربەستەکەی ساڵی 2022 لە مانگی تەممووزدا و دەستپێکردنەوەی شەڕ و پێکدادانەکان، زیاتر لە 1,600 کەس لە یەمەن کوژراون و زیاتر لە 300 هەزار کەسی دیکەش ئاوارە بوون.