رێکخراوێک: بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا 27 ملیۆن منداڵ رووبەرووی برسێتی بوونەتەوە

K24 - هەولێر
رێکخراوی "منداڵان رزگاربکە"، کە بنکەکەی لە بەریتانیایە رایگەیاند، زیاتر لە 27 ملیۆن منداڵ بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا رووبەرووی برسێتی بوونەتەوە. ئەمەش ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە لەماوەی یەک ساڵی رابردوودا زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.
رێکخراوەکە لە شیکارییەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە پێش لوتکەی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان (COP28) بڵاویکردووەتەوە، کە ژمارەی منداڵانی برسی بەرێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بەراورد بە ساڵی 2021 کە رێژەکەی دەگاتە 135% .
ئەم رێکخراوە راشیگەیاند، "منداڵان نزیکەی نیوەی ئەو 57 ملیۆن کەسەیان پێکهێناوە کە خۆیان لە نائاسایشی خۆراکدا بینیوە"، هۆشداریدا لەوەی کە ئەمە دەگاتە ئاستی قەیرانێک و دۆخێکی خراپ، کە لە 12 وڵاتدا هەیە، بەهۆی رووداوەکانی کەشوهەوا لە ساڵی 2022 روویداوە.
لە نێوان ئەو 12 وڵاتەدا، ئەو وڵاتانەی کە دەکەونە ناوچەی ئەفریقا زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە. نزیکەی نیوەی ئەو 27 ملیۆن منداڵەی کە رووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە لە ئەسیوپیا و سۆماڵ دەژین.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوەکە، ئینگەر ئاچینگ لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: لەگەڵ زیادبوونی رووداوەکانی کەشوهەوا، کاردانەوەی زیاتر لەسەر ژیانی منداڵان دەبینین.
رێکخراوەکە داوای لە هەموو سەرکردەکانی بەشداربوو لە COP28 کردووە، بە شێوەیەکی کاریگەر مامەڵە بکەن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کەشوهەوا، لە رێگەی ناساندنی منداڵان وەک بریکاری سەرەکی گۆڕانکاری و مامەڵەکردن لەگەڵ هۆکارەکانی دیکەی نائاسایشی خۆراک، وەک ململانێ و لاوازی سیستەمی تەندروستی.
رێکخراوەکە بە تایبەتی تیشکی خستە سەر دۆخی سۆماڵ کە یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەرامبەر بە کاردانەوەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و لە دۆخێکی خراپ دایە و وشکەساڵی و لافاودا تەنگی پێهەڵچنیووە.
جەختیشی لەوە کردەوە، باران بارین و لافاوەکانی ئەم دواییەی وەرزی گەرما کە چەند ناوچەیەکی وڵاتانی گرتەوە، نزیکەی 650 هەزار کەس کە زۆربەیان منداڵن ئاوارە بوون.