لە ساڵێکدا زیاتر لە 11 هەزار رووداوی هاتووچۆ لە عێراق تۆمارکراون
K24 - هەولێر
ساڵی رابردوو زیاتر لە 11 هەزار رووداوی هاتووچۆ لە عێراق تۆمارکراون، سەرۆكوەزیرانی عێراقیش رایگەیاندووە: ئەم ژمارەیەی رووداوەکانی هاتووچۆ ئابڕووبەرانەیە.
بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی پلادانانی عێراق، ساڵی رابردوو زیاتر لە 11 هەزار رووداوی هاتووچۆ تۆمار كراون، بەو هۆیەوە سێ هەزار و 73 كەس گیانیان لە دەستداوە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی عێراق، جگە لە هەرێمی كوردستان، بە بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەی رووداوەکانی هاتووچۆ لە عێراق 6.8% زیادیکردووە و لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا مانگی ئاب، زیاتر لە چوار هەزار رووداوی هاتووچۆ تۆمارکراون، رۆژانەش نزیكەی 12 هەزار و 900 سەرپێچی هاتووچۆ لە عێراقدا تۆماركراون.
عەبدول زەهرە هنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، ئێستا نزیكەی حەوت ملیۆن ئۆتۆمبێلی تۆماركراو بە هەموو جۆرەكانیەوە هەن، ئەمەش وێڕای ماتۆڕسكیل و توك توك، كە ژمارەیان لەنێوان 250 - 300 هەزارە، فەرمانگەكانی دەوڵەتیش نزیكەی 300 هەزار ئۆتۆمبێلی تۆماركراویان هەیە. لەو حەوت ملیۆنە، نزیكەی چوار ملیۆن ئۆتۆمبێل لە شەقامەكانی بەغدا هاتووچۆ دەكەن".
عێراق بەهۆی خراپی سیستمی هاتووچۆ و خراپی رێگاوبانەکان، هەروەها زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێل بۆ ناو شارەكان، ساڵانە رێژەیەكی بەرز لە رووداوی هاتووچۆ تۆماردەکرێت، سەرۆكوەزیرانی عێراقیش، هەڵکشانی ئامارەکانی هاتووچۆی بە ئابڕووبەرانەی ناوبرد.
ئا: لاڤین عومەر