هاتووچۆی هەولێر: هەر هاووڵاتییەک بە فسفۆڕ شەقامەکان بگرێت لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت

K24 – هەولیر

گوتەبێژی هاتووچۆی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، شەقام موڵکی گشتییە، هەر کەسێک بە فسفۆڕ شەقام لە نزیک ماڵ یان دووکان و شوێنی کار بگرێت لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ی کانوونی یەکەمی 2023، عەقید هێمن حەمەد، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "شەقام موڵکی گشتییە، کەس ناتوانێت قۆڕغی بکات، هەڵمەتەکانمان بەردەوام دەبن، تیمی هاتووچۆ هەرکاتێک بسوڕێتەوە ببینێت هەر هاووڵاتییەک فسفۆڕی لەسەر شەقام دانابێت یان شەقامی گرتبێت، فسفۆڕەکان هەڵدەگیرت و ئاگادار دەکرێنەوە لە بەکارنەهێنانی، ئەگەر پابەند نەبن ئەوا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت".

گوتیشی: "دەربارەی عەرەبانەکان و مێزی دەستگێڕ یاخود خاوەن دووکانەکان، کە دووکانەکانیان زیاد لە پێویست دەهێننە دەرەوە، ئەوە دەبێت شارەوانی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکات".

عەقید هێمن حەمەد، راشیگەیاند: "داوا لە ماتۆڕسوارەکان دەکەین پابەند بن بە بڕیارەکانی هاتووچۆ، لە بەکارهێنانی کڵاوی سەلامەتی بۆ پاراستنی گیانی خۆیان، لە ئێستادا هۆشدارییان پێدەدەین، بەڵام ئەگەر بێت و پابەند نەبن بکەونە ناو مەفرەزەکانمانەوە دەست بەسەر ماتۆڕسکیلەکەیان دەگیرێت".

ئا: لاڤین عومەر