لەسەر دەرهێنانی فیلمێک لەبارەی سەدام رەخنە لە دەرهێنەرێکی کورد دەگیرێت
K24 - هەولێر
فیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" کە لەلایەن دەرهێنەرێکی کوردەوە بەرهەم هێنراوە و نمایش کرا، کە فیلمەکە باس لە دوایین رۆژەکانی سەدام دەکات، لەبەرامبەر ئەو فیلمەدا لەلایەن رەخنەگرانی عەرەبەوە رەخنەی توند لە دەرهێنەرە کوردەکە گیرا لەسەر جوان نیشاندانی وێنەی ئەو دیکتاتۆرە لە فیلمەکەدا.
عەبدولسەتار ناجی رەخنەگری کوەیتی، بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی راگەیاند، دیدگای فیلمەکە لە دیدێکی تاکلایەنە سەرچاوەی گرتووە بەبێ ئەوەی گرنگی بەو ئازارانە بدات کە سەدام حوسێن بەسەر عێراق و ناوچەکەیدا هێناوە، دەشڵێت: ئەگەر "عەلا نامیق نەیزانیووە، ئایا دەرهێنەر ئازارەکانی گەلی کوردی لەبیر کرد؟" فیلمەکە هەوڵیداوە وێنەی دیکتاتۆرێک جوان بکات کە وڵاتەکەی وێران کردووە.
ناجی رەخنە لە کۆتایی فیلمەکەش دەگرێت کە نامیق تێیدا دەڵێت: سەدام "پیاوێکی باشە، لەگەڵیدا ژیام، پشتم شۆردووە و گۆشتی بۆ میوانەکانی برژاندووە، لەبیری چووە کە ئەو کەسە بووە تەواوی گەلێکی برژاندووە و بووەتە هۆی کەمئەندامبوون و ئاوارەبوونیان".
لە لایەکی دیکەوە، خالید مەحمود رەخنەگری میسری بەهەمان سەرچاوەی راگەیاند، قسەکانی نامیق لە کۆتاییدا، فیلمەکەی تێکداوە، چونکە هەوڵیدا بۆچوونی خۆی بەسەر بینەردا بسەپێنێت، کاتێک دەیگوت سەدام باشە و دیکتاتۆر نییە، لەکاتێکدا باشترە هەڵسەنگاندن بۆ خەڵک جێبهێڵێت.
خالید پێی وایە فیلمەکە بۆ بێتاوانکردنی سەدام دروستکراوە و جەختی لەوە کردەوە: "هەرچەندە تیمە هونەرییە باشەکانی لەخۆگرتبوو، بەڵام ئامانجە سیاسییەکە سێبەری لەسەر ئامانجی هونەرییەکە دانابوو".
عەلا نامیق باس لە وردەکاریی و چیرۆکی ئەو 235 رۆژە دەکات، کە لەو ماوەیەدا سەرکەوتوو بووە لە شاردنەوەی سەدام حوسێن، لە کێڵگەکەی لە باشووری تکریت، ئەمەش لە کاتێکدا بووە کە 150 هەزار سەربازی ئەمەریکی بەدوایدا دەگەڕان.
لە سەرەتای فیلمەکەدا، نامیق یەکەم دیداری خۆی لەگەڵ سەدام دەگێڕێتەوە، کاتێک لەگەڵ سێ کەسدا هاتووەتە لای و لێی پرسیووە "من دەناسی؟ دەمزانی تۆ راوچییەکی لێهاتوویت"، پاشان بە نەرمی دەستی خستە سەری و گوتی: "ئەمەریکییەکان زۆر نزیکن، هەندێکیشیان ئامۆژگارییان کردوم بێمە ماڵەکەت" بۆیە نامیق بە ئۆتۆمبێلەکەی بردیوویەتیە کێڵگەکەی، دەڵێت باوەرم نەدەکرد کە ئەو سەدام بێت.
هەڵکەوت مستەفا دەرهێنەر لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا دوای ئەوەی فیلمەکە نیشاندرا گوتی: "وەک کوردێک ئەو فیلمەم دەرهێناوە دەربارەی کەسێک کە سەدامی شاردووەتەوە، نەک دەربارەی خودی سەدام حوسێن. گوتیشی: ساڵانێکم بەسەر بردووە بۆ لێکۆڵینەوە، کە بە هاوکاری شێخێکی عەرەب عەلا نامیقم دۆزیەوە، هەروەها ئەو رەتیکردەوە قسە بکات، دەشلێت: 12 ساڵی پێچوو تا ئەم فیلمەم دروست کرد، کە بە شێتانەی دەزانم و پێموانییە بتوانم دووبارەی بکەمەوە".
دەرهێنەرە کوردەکە ئەو دیمەنانە نمایش دەکات کە نامیق گێڕاویەتەوە، دۆکیۆمێنت و دراما لە فیلمەکەیدا تێکەڵ دەکات و گرتە ئەرشیفییەکانی سەدام و هێزەکانی ئەمەریکا لە کاتی داگیرکردنی عێراقدا بەکاردەهێنێت.
ئەو فیلمە لە "فێستیڤاڵی سینەمای دەریای سوور" نمایش کراوە، لە چوارچێوەی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی 96 خولەک، لە سعوودیە، باس لە چیرۆکی ئەو 235 رۆژە دەکات، کە سەدام لە ناو کێڵگەی هاووڵاتییەکی عێراقی بەناوی عەلا نامیق بەسەری بردووە.
سەدام حوسێن سەرۆککۆماری پێشووتری رژێمی عێراق دوای دەستگیرکردنی لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکا، لە 30ـی کانونی یەکەمی 2006 لە سێدارەدرا.