وەزیری دەرەوەی بەریتانیا سەردانی ئەمەریکا دەکات

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەیڤد کامیرۆن بەنیازە رۆژی چوارشەممە، 6-12-2023، سەردانی واشنتۆن بکات.

نووسینگەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، دەیڤد کامیرۆن رۆژی چوارشەممە، سەردانی واشنتن دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، "سەردانەکە بۆ دووپاتکردنەوەی پەیوەندییەکانی بەریتانیایە لەگەڵ هاوپەیمانە ستراتیژییەکانی".

نووسینگەی وەزیری دەرەوە راشیگەیاند، کامیرۆن لەسەردانەکەی بۆ واشنتن لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی بایدن و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن کۆدەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەل بەرپرسانی ئەمەریکا، تاوتوێی "هاوکارییەکانی ئۆکرانیا و هێورکردنەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات".

کامیرۆن پیشتر بەڵێنیداوە وڵاتەکەی بەردەوام بێت لە دابینکردنی پشتیوانی سەربازی، دیپلۆماسی، ئابووری بۆ ئۆکرانیا  دەشڵێت، " گرنگ نییە چەند کات دەخایەنێت."

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رۆژی دووشەممە 13/11/2023، بە فەرمی سوێلا برێڤەرمان وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەی، لە پۆستەکەی دوورخستەوەی دوای هەڵوێستە توندەکانی لەبارەی پرسی پەنابەران و خۆپێشاندانەکان بۆ پشتگیری لە فەڵەستین.

لە دوای دورخستنەوەی لە پۆستەکەی، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بە فەرمی جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، وەک شوێنگرەوەی برێڤەرمان دیارکرد.

هەروەها نوویسنگەکە رایگەیاند کە سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا دەیڤ کامیرۆن وەک شوێنگرەوەی کلێڤەرلی دیارکرا.

ئەم گۆڕانکاریانە لە کاتێکدا دێن کە بڕیارە لە کانوونی دووەمی ساڵی 2025 هەڵبژاردنی گشتی لە بەریتانیا بەڕێوەبچێت.