بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.1 پلە بۆرسەی هەژاند
K24 - هەولێر
بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.1 پلەی رێختەر شارۆچکەی گێملیکی سەر بە پارێزگای بۆرسەی تورکیا هەژاند.
سهرۆكایهتیی بەڕێوەبردنی كارهسات و باری لهناكاو (ئافاد) رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، نزیکەی کاتژمێر 10:42 خولەک، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.1 پلەی رێختەر شارۆچکەی گێملیکی سەر بە پارێزگای بۆرسەی تورکیا هەژاند.
هاووڵاتییان لە ئیستانبوڵ و پارێزگاکانی دیکەی دەوروبەری بورسە هەستیان بە بوومەلەرزەکە کردووە و لە ترسی دووبارە روودانەوەی بوومەلەرزەکە، لە ماڵەکانیان هاتوونەتە دەرەوە. تاوەکو ئێستا زیانە گیانی و ماددییەکانی بوومەلەرزەکە رانەگەیەندراون.
هاوکات، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، "بوومەلەرزەکە بە گوڕی پێنج پلەی رێختەر روویداوە و لە هەردوو پارێزگای ئیستانبوڵ و بۆرسەی هەستی پێکراوە".
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2023، دوو بوومەلەرزە بە گوڕەکانی 5.2 و 4.7 پلەی رێختەر پارێزگای مەڵاتیای باکووری کوردستانیان هەژاند. جیاوازی نێوان هەردوو بوومەلەرزەکە تەنیا سێ خولەک بووە و لە ناوەندی پارێزگای مەڵاتیا و شارۆچکەکانی دەوروبەری هەستی پێکراوە.
بەرەبەیانی رۆژی 6ـی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزەی وێرانکەر بەگوڕەکانی 7.7 و 7.6 پلەی رێختهر تورکیا و باكووری كوردستان، ههروهها سووریا و رۆژئاوای كوردستانیان ھەژاند و لە ھەرێمی کوردستانیش بەگوڕی 4.7 پلەی رێختهر ھەستی پێکرا. بەهۆی بوومەلەرزەکان، هەزاران هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و سەدان باڵەخانەش وێرانبوون.