نەوزاد هادی: پارتی دەتوانێت لێکەوتەکانی شەڕی داعش لە نەینەوا چارەسەر بکات

"دۆخی شنگال زۆر جیاواز و ناتەندروستە"

نەوزاد هادی، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە پارێزگای نەینەوا
نەوزاد هادی، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە پارێزگای نەینەوا

K24 – هەولێر:

بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە پارێزگای نەینەوا، رایدەگەیەنێت؛  پارتی پێگەی خۆی وەک حزبی یەکەم لەسەر ئاستی نەینەوا دەپارێزێت. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا پێشهاتی چاوەڕواننەکراوی تێدا دەبێت. گوتیشی: دۆخی شنگال دەگەڕێتەوە بۆ ململانێ سیاسییەکان لە بەغدا.

نەوزاد هادی، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە پارێزگای نەینەوا، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند؛ لایەنەکان لە پارێزگای نەینەوا کێبڕکێ لەسەر 26 کورسی ئەنجوومەنی پارێزگا دەکەن، هەروەها سێ کورسیش بۆ کۆتا لەو پارێزگایە تەرخانکراوە بۆ ئێزدی، شەبەك و کریستیان، ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان وەک حزبی ژمارە یەک پێگەی خۆمان پاراستووە کە جێی متمانەی دەنگەدەرانین، ئێمە جێگای متمانە و باوەڕی خەڵکی پارێزگای نەینەواین، وەکو لیستی یەکەم لەسەر ئاستی پارێزگا دەمێنینەوە و هەوڵی زیادکردنی دەنگەکانیشمان دەدەین.

بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە پارێزگای نەینەوا، ئاماژەی بەوەدا، لیستی پارتی لە نەینەوا سەرجەم پێکاهاتەکان لەخۆ دەگرێت و 14ـی کاندینی عەرەب، کاندیدێکی شەبەك و ئێزیدی لەناو لیستەکەی ئێمە هەیە، هەروەها بە نەمانی پارێزگاری نەینەوا کۆمەڵێک گۆڕانکاری بەسەر لیستەکاندا هات.

نەوزاد هادی، دەڵێت: "ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوای ئازادکردنی مووسڵ، بەشدارێکی بەهێزین لەم ئاوەدانی و ئەو سەقامگیرییەی کە لە مووسڵدا هەیە، پێگەیەکی بەهێزمان لەناو پارێزگای نەینەوا هەیە".

گوتیشی: پارتی حزبی سەرەکییە لە پارێزگای نەینەوا و جێگەی متمانەی خەڵکە، هەروەها پارتی بەشێکی گرنگی پێویستییەکانی مووسڵە، بۆیە خەڵکی دەبینن پارتی بەردەوامە لە خزمەتکردنی پێکەوەژیان و هەنگاونان بۆ ئاوەدانکردنەوەی زیاتر بۆ مووسڵ، بۆیە دەنگی خەڵکان زیاتر رووە پارتییە لەو پارێزگایە.

بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە پارێزگای نەینەوا، سەرنجی خستە سەر ئەوەش، لە پارێزگای نەینەوا پێشبڕکێیەکی تووند لەنێوان لیستەکان هەیە، بەڵام ئەوە مانای وا نییە کە پارتی نێوانی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە باش نییە، بەڵکو پارتی نێوانی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی نەینەوا زۆر باشە و چاوەڕێش دەکرێت دوای هەڵبژاردن هەموو بەیەکەوە کۆببینەوە و بەشداربین لە حکومەتی خۆجێی نەینەوا.

نەوزاد هادی، ئەوەشی خستەڕوو، تایبەتمەندی نەینەوا لەگەڵ پارێزگاکانی دیکە جیاوازە، لەسەر ئەم ئاستەش لیستەکەی ئێمە بەرنامەیەکی تایبەتی هەیە بۆ ئەم هەڵبژاردنە و لیستەکەی ئێمە فراوانە سەرجەم پێکهاتەکان لەخۆ دەگرێت.

لەبارەی بەرنامە و پلانی پارتی، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە پارێزگای نەینەوا، گوتی: پارتی ئەو هێزەیە کە دەتوانێت چارەسەری کێشەکانی نەینەوا بکات، بەرنامەی بەهێزیشی هەیە، هەروەها پارتی دەتوانێت لێکەوتەکانی شەڕی داعش لە نەینەوا چارەسەر بکات و، بەشێک لە هەنگاوەکانی پارتی ئەوەبوو وایکردووە خوشک و برایە عەرەبەکان بتوانن بۆ گوندەکانی سەر بە پارێزگای نەینەوا بگەڕێنەوە، لە دوای هەڵبژاردن ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش بڕیار لەسەر چارەنووسی ئەو شوێنانە دەدرێت کە خەڵکەکەی جێیان هێشووە ئەویش لە رێگەی ئەو رێککەوتنەی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق کە هێزە فەرمییەکان لەو شوێنانە جێگیر دەکرێن بۆ ئەوەی ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان.

لەبارەی بارودۆخی شنگال نەوزاد هادی، دەڵێت: بارودۆخی شنگال زۆر ناسەقامگیر و ناتەندروستە، ئێمە وەک پارتی نەگەڕاوینەتەوە بۆ شنگال، بنەمای سەرەکی ئاسایبوونەوەی بارودۆخی شنگال جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگالە، ئەم هێز و لایەنە ناشەرعییانەی کە لە شنگال هەنە رێگری لە گەڕانەوەی پارتی و ئەو خەڵکانەشی کە ئەوێیان جێهێشتووە بۆ قەزایە دەکەن، هەروەها دۆخی شنگال دەگەڕێتەوە بۆ ململانێ سیاسییەکان لە بەغدا.

بڕیارە لە 18ـی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.

هەروەها کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووە، شەش هەزار و 22 کاندید کێبڕکێ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و لەمیانی پرۆسەی وردبینیکردن و بەدواداچوون، 357 کاندید لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوورخرانەوە ژمارەی هاوپەیمانییەکانیش 38 لیستە، لەگەڵ 163 پارت و کاندیدی سەربەخۆ، بەشێوەیەک چوار هەزار و 223 کاندید لە هاوپەیمانییەکان و هەزار و 729 کاندید لە پارتەکان و 70 کاندیدی سەربەخۆ پێکهاتوون.