ئیسرائیل و ئەمەریکا تاوتوێی دۆخی داهاتووی غەززە لەدوای کۆتایی هاتنی شەڕ دەکەن
K24 - هەولێر
ماڵپەری ئاکسیۆس بڵاویکردەوە، ئیسرائیل لە ئێستادا ئامادەیی زیاتر نیشان دەدات بۆ تاوتوێکردنی پلان و دیدگاکان بۆ داهاتووی غەززە لە دوای جەنگەوە، بەگوێرەی زانیاریی بەرپرسانی ئەمەریکا، ئەم هەفتەیە دانوستانی راستەوخۆ لە نێوان حکومەتی ئیسرائیل و ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ئەنجام دراوە.
ماڵپەری ئاکسیۆس روونیشیکردووەتەوە، تیمەکەی جۆ بایدن لە قۆناغە سەرەتاییەکانی شەڕەوە فشاریان خستۆتە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی پلانێک دابڕێژێت، بۆ ئەوەی بزانێت دوای کۆتایی هاتنی شەڕ لە غەززە چی روودەدات.
کاربەدەستانی ئەمەریکی بە ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"یان راگەیاند، ئەمەریکا دەیەوێت خۆی لە بۆشایی فەرمانرەوایی ئەمنی لە غەززە لە دوای شەڕەکە بەدوور بگرێت کە رەنگە رێگە بە گەڕانەوەی حەماس بداتەوە.
ماڵپەڕەکە لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکییەوە بڵاویکردووەتەوە، لەو دانوستانانەی کە لەم هەفتەیەدا لەگەڵ فیل گۆردۆن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ئەنجامدراون، بەرپرسانی ئیسرائیل "ئامادەن بۆ قسەکردن لەسەر داهاتوو" لە غەززە.
هەروەها ئیدارەی ئەمەریکا نیگەرانی خۆی دەربڕی کە رەنگە ئیسرائیل درێژە بە ئۆپراسیۆنی سەربازی وشکانی لە باشووری غەززە بدات و بە هەمان ئەو تاکتیکانەی لە بەشی باکووری کەرتی غەززە کردی.
سێیەم بەرپرسی ئەمریکی بە ئاکسیۆسی ڕاگەیاندووە، بەرپرسانی ئەمریکی دەیانەوێت "هەموو هەفتەیەک لەوێ بن بۆ ئەوەی بتوانین ڕووبەڕوو لەگەڵ ئیسرائیلییەکان و فەڵەستینییەکان پەیوەندی بکەین سەبارەت بە داهاتووی غەززە".
شەڕی نێوان ئیسرائیل و حهماس له 7ـی ئۆكتۆبهری رابردوو روویدا، کە بووه هۆی كوژرانی 1200 ئیسرائیلی و زیاتر له 16 ههزار فهڵهستینی له كهرتی غهززه، كه زۆربهی كوژراوه فهڵهستینیهكان ژن و منداڵن، ئهمه لهكاتێكدایه ئیسرائیل بهڵێنی داوه بزووتنهوهی حهماس لهناو ببات.