سوپاسالاری ئیسرائیل: هێرشەکانی حزبوڵڵا بۆ سەر وڵاته‌كه‌مان دەستیانپێکردووەتەوە

هێرزی هەلیڤی، سوپاسالاری ئیسرائیل
هێرزی هەلیڤی، سوپاسالاری ئیسرائیل

K24 - هەولێر

پێکدادانی ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانی لە سنووری ئیسرائیل و لوبنان بەردەوامە. سوپاسالاری ئیسرائیل دەڵێت، هەر لایەنێک مەترسی لەسەر وڵاتەکەیان دروست بکات، رووبەرووی دەبنەوە.

رۆژ دوای رۆژ مەترسی فراوانبوونی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە زیادبووندایە؛ بەتایبەتی لە سنووری نێوان ئیسرائیل و لوبنان کە رۆژانە پێکدادان لەنێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانی روودەدات.

دوای ئەوەی حزبوڵڵا بۆردوومانکردنی چوار ناوچەی سەربازی سوپای ئیسرائیلی راگەیاند، سوپای لوبنان ئاشکرایکرد، ناوەندێکی سەربازی وڵاتەکە لە ناوچەی نەبی عوەیزە لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردوومان کرا، کە بووە هۆی کوژرانی سەربازێکی لوبنانی و برینداربوونی سێ سەربازی دیکە.

هێرزی هەلیڤی، سوپاسالاری ئیسرائیل دەڵێت، لەدوای کۆتایی هاتنی ئاگربەست، هێرشەکانی حزبوڵڵا بۆ سەر وڵاتەکەیان دەستیانپێکردووەتەوە و، رووبەرووی هەر لایەنێکیش دەبنەوە بیەوێت زیان بە ئیسرائیل و خەڵكەکەی بگەیەنێت.

لەدوای دەستپێکی پێکدادانەکانی ئیسرائیل و حزبوڵڵا، شەش سەربازی ئیسرائیلی کوژراون، لە بەرانبەردا بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل، زیاتر لە 110 کەس لە سنووری لوبنان کوژراون، کە زۆرینەیان چەکداری حزبوڵڵا بوونە و بەشێکیشیان خەڵکی سڤیل بوونە.

بەهۆی پێکدادانەکانی سەر سنووری ئیسرائیل و لوبنان، هێڵی ئاسمانی ئەڵمانیا و سویسرا گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ بەیروت راگرت، هەروەها هەریەکە لە کەنەدا، ئیسپانیا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئوسترالیا داوایان لە هاووڵاتییانیان کردووە سەردانی لوبنان نەکەن.

پێشتر حەسەن نەسڕوڵڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاندبوو، رۆژێك لەدوای هێرشەکەی حەماس، واتا هەشتی تشرینی یەکەم، حزبوڵڵا هاتووەتە ناو شەڕەکە، داواشی لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی کرد ناردنی نەوت و غاز و خۆراک بۆ ئیسرائیل رابگرن.