سەرۆکی حزبێکی عێراقی لە بەغدا کوژرا
K24 – هەولێر:
لە باکووری شاری بەغدا تەقە لە سەرۆک و دامەزرێنەری حزبی داعی دەکرێت و بەو هۆیەوە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی گیانی لەدەستدا.
رۆژی پێنجشەممە (7ـی کانوونی یەکەمی 2023) پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، فازڵ مەرسومی، سەرۆک و دامەزرێنەری حزبی "الداعي"، لە نزیک هاتووچۆی ناوچەی "تاجیات" لە باکووری بەغدا لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی خۆی لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە تەقەی لێکرا و کوژرا.
حزبی داعی، پارتێکی سیایی شیعە مەزهەبە لە ساڵی 2008ـەوە دامەزراوە و لەکاتی دامەزراندنییەوە، بە لیستی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکان کردووە.
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە 18ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، ئەو حزبە بە لیستی "وطنیون" بەشداری کردووە.
سەرۆک و دامەزرێنەری ئەو حزب، فازڵ مەرسومی کە هەڵگری بڕوانامەی زانکۆییە لە پسپۆری زمانی عەرەبی و لەدایکبووی قەزای خاڵسی پارێزگای دیالەیە، ماوەیەک لە حەوزەی عیلمی خوێندوویەتی و دواتر خۆی بە "ئیمامی رەببانی" ناساندووە، ئەم نازناوە و شێوازی بیکردنەوەی لەلایەن لایەنە شیعییەکانەوە رەتکراوەتەوە، بەهۆی ئەوەی دژی ئەوەبوو کە لە دەرەوەی دەوڵەت چەک لەدەستی هیچ گرووپ و حزبێکی سیاسی بێت.
