باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له عێراق: داوا له عێراق ده‌كه‌ین كارمه‌ندان و دامه‌زراوه دیپلۆماسییه‌كان بپارێزێت

K24 – هەولێر:
باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا داوا له حكومه‌تی عێراق ده‌كات كارمه‌ندان و دامه‌زراوه دیپلۆماسییه‌كان بپارێزێت.
دوای ئه‌و هێرشه مووشه‌كییه‌ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی كرایه سه‌ر باڵیۆزخانه‌كه‌یان له به‌غدا، گوته‌بێژی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا له راگه‌یه‌ندراوێكدا رایده‌گه‌یه‌نێت، هێرشه‌كه هیچ زیانێكی گیانی نه‌بووه و داوا له حكومه‌تی عێراقیش ده‌كات نێرده دیپلۆماسییه‌كان و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش بپارێزێت.
گوته‌بێژی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، جارێکی دیکە داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین، ئەوەی لە توانایدایە بۆ پاراستنی تیم و نێرده دیپلۆماسییەکان بیكات، هاوكات دووپاتیده‌كاته‌وه مافی خۆیانه هه‌موو رێگه‌یه‌ك بۆ پاراستنیان لە هەر شوێنێکی جیهاندابێت بگرنه‌به‌ر.
چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی بڵاویانکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ (هه‌ینی 8ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023) چەند مووشەکێک لەنزیکی باڵیۆزخانەی ئەمه‌ریکا لەناوچەی سەوزی بەغدا کەوتوونەتە خوارەوە.
ئەو سەرچاوە ئەمنییانە باسیان لەوەشکردووە، لەدوای ئاراستەکردنی مووشەکەکان، زەنگی ئاگادارکردنەوەی لەدەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمه‌ریکا و ناو باڵیۆزخانەکە چالاککراوە.
ئاماژەیان بەوەشداوە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان چەند مووشەکێک بەر باڵیۆزخانەکە کەوتوون و دۆخی لەناکاو راگەیەندراوە.
دوێنێ (7ـی کانوونی یەکەمی 2023) سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" لە وەڵامی عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، مانەوی هێزەکانیان لە عێراق لەسەر داوای حکومەتی عێراق بووە، هاوکات ئاماژەی بەوەدا، ئەرکی هێزەکانیان لە عێراق رووبەڕووبوونەوەی داعشە.
سابرینا سینگ، باسی لەوەکرد، تاكو ئێستا 78 هێرش کراوەتە سەر بنکەی سەربازی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا.
جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن، گوتی: بەهۆی هێرشەکانەوە، 66 سەرباز و کارمەندیان برینداربوونە، بەڵام برینەکانیان سووک بووە و هەموویان گەڕاونەتەوە سەر ئەرکەکانیان.
سەرنجی خستە سەر ئەوەش، هێرشەکانی ئەم دواییانەیان بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان توند و کاریگەر بوون. گوتیشی: لەکات و شوێنی گونجاو وەڵاممان بۆ هێرشەکان دەبێت.
ئەمەش لەکاتێدایە، رۆژی (2ـی کانوونی یەکەمی 2023) سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن) بە کوردستان24ـی راگەیاند: "چەند هێرشێکی مووشەکی کرانە سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە بنکەی شەدادی، لە باشووری پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان". بە گوێرەی هەمان سەرچاوە بۆ کوردستان24، "هێرشە مووشەکییەکان هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە".
پێشتریش تۆماس سێیلەر، باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق راگەیاندبوو، لەدوای راگەیاندنی ئاگربەستی غەززە، گرووپە عێراقییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر بنکەکانی هاوپەیمان وەستاندووە و هیواخوازین جارێکی دیکە بۆ ئاگربەستی پێشوو لە عێراق بگەڕێینەوە.