سوودانی: بهئامانجگرتنی نوێنهرایهتییه دیپلۆماسییهكان قبوڵكراو نییه
K24 - هەولێر:
لهبارهی هێرشكردنهسهر باڵیۆزخانهی ئهمهریكا له بهغدا، سوودانی داوا له بهرپرسانی ئهمنی وڵاتهكهی دهكات، ئهوانهی دهستیان له هێرشهكهی سهر باڵیۆزخانهی ئهمهریكا له بهغدا ههیه، دهستگیریان بكهن و رادهستی دادگا بكرێن.
لە راگەیەندراوێکدا محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە هاوکات فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانیشە باسی لەوەکردووە، یاریکردن بەسەقامگیری عێراق، لەکەدارکردنی ناوبانگی سیاسی وڵات و هێرش بۆسەر ئەو شوێنانەی بەیاسا پارێزراون، سەرجەمییان کاری تیرۆریستین.
ههروهها سوودانی راشیگهیاند، بهئامانجگرتنی نوێنهرایهتییه دیپلۆماسییهكان له عێراق قبوڵكراو نییه.
سوودانی ئاماژەی بەوەشدا، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و دەزگا حکومییەکان ئەرکییان پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و پابەند بوونە بەرێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنیی ئەو نێردانە.
جەختی لەوەشکردەوە، رووبەڕووی ئەو کەسانە دەبنەوە کە دەستدرێژی دەکەنە سەر سەروەری و سەقامگیری عێراق.
چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی بڵاویانکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ (ههینی 8ـی كانوونی یهكهمی 2023) چەند مووشەکێک لەنزیکی باڵیۆزخانەی ئەمهریکا لەناوچەی سەوزی بەغدا کەوتنهخوارەوە.
ئەو سەرچاوە ئەمنییانە باسیان لەوەشکردبوو، لەدوای ئاراستەکردنی مووشەکەکان، زەنگی ئاگادارکردنەوەی لەدەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمهریکا و ناو باڵیۆزخانەکە چالاککرا.
ئاماژەیان بەوەشدابوو، چەند مووشەکێک بەر باڵیۆزخانەی ئهمهریكا له بهغدا کەوتوون و دۆخی لەناکاو راگەیەندرا.
دوێنێ (7ـی کانوونی یەکەمی 2023) سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" لە وەڵامی عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، مانەوی هێزەکانیان لە عێراق لەسەر داوای حکومەتی عێراق بووە، هاوکات ئاماژەی بەوەدا، ئەرکی هێزەکانیان لە عێراق رووبەڕووبوونەوەی داعشە.
سابرینا سینگ، باسی لەوەکرد، تاكو ئێستا 78 هێرش کراوەتە سەر بنکەی سەربازی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا.
جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن، گوتی: بەهۆی هێرشەکانەوە، 66 سەرباز و کارمەندیان برینداربوونە، بەڵام برینەکانیان سووک بووە و هەموویان گەڕاونەتەوە سەر ئەرکەکانیان.
سەرنجی خستە سەر ئەوەش، هێرشەکانی ئەم دواییانەیان بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان توند و کاریگەر بوون. گوتیشی: لەکات و شوێنی گونجاو وەڵاممان بۆ هێرشەکان دەبێت.
ئەمەش لەکاتێدایە، رۆژی (2ـی کانوونی یەکەمی 2023) سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن) بە کوردستان24ـی راگەیاند: "چەند هێرشێکی مووشەکی کرانە سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە بنکەی شەدادی، لە باشووری پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان". بە گوێرەی هەمان سەرچاوە بۆ کوردستان24، "هێرشە مووشەکییەکان هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە".
پێشتریش تۆماس سێیلەر، باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق راگەیاندبوو، لەدوای راگەیاندنی ئاگربەستی غەززە، گرووپە عێراقییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر بنکەکانی هاوپەیمان وەستاندووە و هیواخوازین جارێکی دیکە بۆ ئاگربەستی پێشوو لە عێراق بگەڕێینەوە.