دژەتیرۆری کوردستان: درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری هەولێر خۆی بە باڵەخانەیەکی مەدەنیدا کێشا

وێنەی درۆنەکە دوای تەقینەوە
وێنەی درۆنەکە دوای تەقینەوە

K24 – هەولێر:

دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، لە هەولێر درۆنێکی بۆمبڕێژکراو خۆی بە باڵەخانەیەکی مەدەنیدا کێشا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئێوارەی رۆژی هەینی (8ـی کانوونی یەکەمی 2023) کاتژمێر 18:05، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری هەولێر خۆی بە باڵەخانەیەکی مەدەنیدا کێشا، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتەوە.

ئەم راگەیەندراوە دوای ئەوە هات ئێوارەی ئەمڕۆهەینی دەنگێکی گەورە لە هەولێر بیسترا و هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن باسیان لە هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کرد، بەڵام ئەو زانیارییانە لە راگەیەندراوەکەی دژەتیرۆری کوردستان رەتکرایەوە.

هاوکات ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و رەتیکردەوە ئەو دەنگەی لە هەولێر بیسترابێت لەنێو فڕۆکەخانە بووبێت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەو دەنگەی بیسترا لە نزیک گەڕەکی 32ـی پارک بوو کە دەکەوێتە رۆژئاوای شاری هەولێر.