بەریتانیا چاودێری پەیوەندیی گرووپە چەکدارەکانی عێراق لەگەڵ حەماس دەکات
K24 - هەولێر
رۆژنامەیەک دەڵێت، "بەریتانیا لە رێگەی فڕۆکەوە چاودێری پەیوەندی گرووپە چەکدارەکانی عێراق و سوریا لەگەڵ حەماس دەکات".
رۆژنامەی تایمزی بەریتانی لە زاری ژمارەیەک سەرچاوەی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا بڵاویکردووەتەوە، هێزی ئاسمانی بەریتانی لە رێگەی فڕۆکەوە چاودێری "ئەگەری ناردنی چەک و کەرەستەی سەربازی لەلایەن حیزبوڵڵا و گرووپە چەکدارەکانی عێراقەوە بۆ بزووتنەوەی حەماس" لە غەززە دەکات.
رۆژنامەی تایمز باسی لەوەشکردووە، بەرپرسانی بەریتانیا گومانیان لەوەیە، گرووپە چەکدارەکانی عێراق، سووریا و لوبنان لەرێگەی قاچاخەوە چەک بگەیەننە بزووتنەوەی حەماس لە غەززە، بۆ ئەو مەبەستەش لە رێگەی فڕۆکەوە چاودێری سنوورەکانی لوبنان و سووریا و فەڵەستین دەکات.
رۆژی 07ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی سەر بە بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل. لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران و هەزارانی دیکەش برینداربوون. هەر لەو رۆژەدا، 240 هاووڵاتیی کە لە ئیسرائیل بوون، وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە دهستبهسهر كران.
لەلایەن خۆیەوە وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، زیاتر لە 16 هەزار هاووڵاتی سڤیل کوژراون و زیاتر لە 30 هەزاری دیکەش بریندارن.
رۆژی 24-11-2023، ئاگربەستێکی مرۆیی بۆ ماوەی حەوت رۆژ نێوان ئیسرائیل و حەماس بە نێوەندگیری قەتەر، میسر و ئەمەریکا چووە بواری جێبەجێکردنەوە. لەو ماوەیەدا حەماس 81 بارمتە و ئیسرائیلیش 180 دەستگیرکراوی فەڵەستینی ئازاد کرد.