هەڵگورد شێخ نەجیب: ئەمڕۆ لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی ئاگرکەوتنەوە لە سۆران دەستبەکار دەبێت

هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران

K24 - هەولێر

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند، ئەمڕۆ لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەکەی سۆران دەستبەکار دەبێت و لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران راسپێردراون کە هەموو کەموکوڕییەکان بخەنەڕوو.

هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە کوردستان24ی راگەیاند: "دوای رووداوەکەی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی سۆران کە بە داخەوە 14 کەس گیانیان لەدەستدا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیاریدا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکبهێنرێت و هۆکارەکانی ئەو رووداوە دیاری بکرێن".

گوتیشی: "شەوی رابردوو بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێنرا، ئەمڕۆ لیژنەکە دەستبەکار دەبێت و لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی ئەو رووداوە دەستپێدەکات، هەروەها ئێمە وەکو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆدەبینەوە، تێیدا باس لە چۆنییەتی رووداوەکە و ئەنجامەکەی دەکەین".

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئاماژەی بەوەشدا: "یەکێک لە خاڵەکان کە جەختی لێدەکەینەوە، هۆشیاری هاووڵاتییانە کە لەکاتی رووداوێکی لەوشێوەیە چۆن لە باڵەخانەکان دێنە دەرەوە، هاوکات باس لە ئەرکی تیمەکانی بەرگری شارستانی دەکەین، بۆ رزگارکردنی خەڵک لەکاتی ئەو رووداوانە، هەروەها گرتنەبەری رێکارەکان بۆ دووبارە نەبوونەوەی رووداوەکان".

راشیگەیاند: "رەنگە لە هەموو باڵەخانەکان پێداویستی بەرگری شارستانی هەبێت، بەڵام چۆنییەتی بەکارهێنانی گرنگە، یان خۆ رزگارکردن لەکاتی رووداوەکە، بۆیە گرنگە کاتێک هاووڵاتی لە باڵەخانەیەک نیشتەجێ بوو، دەبێ هۆشیاری پێبدرێت لەکاتی رووداو چۆن خۆی رزگار دەکات و چۆن پێداویستییەکانی بەرگری شارستانی بەکاردێنن و بەکوێدا دەچێتە دەرەوە".

هەڵگورد شێخ نەجیب، ئەوەشی خستەڕوو: "لەکاتی رووداوەکە کاتێک پەیوەندی بە بەرگری شارستانیەوە کراوە تیمەکانیان بە ماوەی سێ خولەک گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، بەڵام بەهۆی دووکەڵی چڕ 14 کەس لەناو باڵەخانەکە گیانیان لەدەستداوە".

جەختیکردەوە: "دەبێ توندتربین لەسەر جێبەجێکردنی رێکارەکان، بەمەبەستی رێگریکردن لە دووبارە نەبوونەوەی رووداوی لەمشێوەیە، دەبێ ئەو هۆشیارییە هەبێت خاوەن پڕۆژە و باڵەخانەکان خۆیان داوا لە تیمەکانی بەرگری شارستانی بکەن، بۆ ئەوەی سەردانیان بکەن و دڵنیابن لە بوونی پێداویستییەکانی بەرگری شارستانی".

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دووپاتیکردەوە: "لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت دەست بە لێکۆڵینەوەکان دەکات و راسپێردراون هەموو کەموکوڕییەکان بخەنەڕوو، بۆ ئەوەی جددیتر کار لەسەر ئەو بابەتە بکرێت".

شەوی هەینی (8ـی کانوونی یەکەمی 2023) لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەک لە سۆران کە ژمارەیەک قوتابی، مامۆستا و هاووڵاتی ئاسایی تێیدا نیشتەجێبوون، 14 کەس گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.

دوای رووداوەکە لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە هۆکاری رووداوەکە پێکهێنرا.

Fly Erbil Advertisment