تەندروستی جیهانی: ئامادەین بۆهاوکاریکردنی بریندارانی رووداوەکەی سۆران

K24 - هەولێر
رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئامادەیی خۆیی دەربڕی بەمەبەستی هاوکاریکردنی بریندارەکانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران،
وائل حەتاحت، هەڵسوێنەری کاروبارەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO لە عێراق، بەمەبەستی دەربڕینی ئامادەیی بۆ هاوکاریکردنی چارەسەری برینداران پەیوەندی بە سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
حەتاحت، هاوخەمی و سەرەخۆشی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانیانی رووداوەکەی سۆران دەربڕی و ئامادەیی رێکخراوی تەندروستی جیهانی نیشاندا بۆ دابینکردنی پێداویستی چارەسەرییەکانی برینداران.
لای خۆیەوە سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی هەماهەنگی رێکخراوی تەندروستی جیهانی کرد و هیوایان خواست خوای گەورە کۆچکردووان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و شیفای بریندارانیش بدات.
شەوی هەینی (8ـی کانوونی یەکەمی 2023) لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەک لە سۆران کە ژمارەیەک قوتابی، مامۆستا و هاووڵاتی ئاسایی تێیدا نیشتەجێبوون، 14 کەس گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.