حکومەتی ئیسرائیل رێگری کرد لەوەی کرێکارە فەڵەستینییەکان بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان

K24 - هەولێر

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، کابینەی حکومەتی ئیسرائیل بۆ کاروباری ئاسایش و سیاسی دەنگی لەسەر پێشنیارێک نەدا کە رێگە بە کرێکارانی فەڵەستینی لە کەرتی رۆژئاواوە بچنە ناو ئیسرائیلەوە، کە دەبوو بە هەزاران کەس بۆ یەکەمجار لە دوای هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەرەوە بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان .

بەگوێرەی ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل، ئەو پێشنیازەی کە پیشتر لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی کۆمەڵایەتی و ئابووریی رەتکرایەوە، دوای گفتوگۆیەکی دوورودرێژ و ناکۆکی لەبارەیەوە نەخرایە دەنگدانەوە.

ماڵپەڕی "والا" بە گێڕانەوە لە سەرچاوەیەک کە بەشداری کۆبوونەوەکەی کردووە و بڵاویکردەوە، نوێنەرانی سوپای ئیسرائیل و رێکخەری چالاکییەکانی حکومەتی ئیسرائیل لە ناوچەکانی فەڵەستین و هەواڵگری "شاباک" پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو پێشنیازە دەربڕیوە، هاوکات نوێنەرانی پۆلیسی ئیسرائیل دژایەتی خۆیان دەربڕیوە .

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەدا، بەشێک لە وەزیرەکانیش جەختیان لە دژایەتی خۆیان بۆ ئەو هەنگاوە کردووەتەوە، هەر بۆیەش سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ ئەو بابەتەی نەخستە دەنگدانەوە.

ئەنجوومەنی وەزیرانی ئاسایش ئەنجوومەنێکی بچووکی حکومییە، سەرۆکوەزیران لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە و ئاسایش سەرپەرشتی دەکات و ئەرکی داڕشتن و سەرکردایەتیکردنی سیاسەتی حکومەت و جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیلی لە ئەستۆیە.

بەپێی ماڵپەڕی والا، ناتانیاهۆ، پرسی گواستنەوەی داهاتی باج بۆ دەسەڵاتی فەڵەستین لە کەرتی رۆژئاوا لەسەر کارنامەی حکومەت لابردووە، چونکە وەزیری دارایی بێزالیل سمۆتریچ بە توندی دژی هەنگاوی گواستنەوەیە.

بەپێی رێککەوتنەکانی ئۆسلۆ، وەزارەتی دارایی ئیسرائیل بە ناوی فەڵەستینییەکان باج کۆدەکاتەوە و مانگانە دەیگوازێتەوە بۆ دەسەڵاتی فەڵەستین.

ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکدا کە هەفتەی رابردوو بڵاوی کردەوە، ئاشکرای کرد کە ئەو شەڕەی ئیسرائیل ماوەی زیاتر لە 60 رۆژە لە غەززە سەری هەڵداوە، کاریگەری زۆری لەسەر بازاڕی کار بەدوای خۆیدا هێناوە، بەو پێیەی لە سەدا 61ـی کرێکاران کارەکانیان لە کەرتی غەززە لەدەستداوە و هەروەها کاریگەری لەسەر دانیشتوانی کەناری رۆژئاوا هەبووە، کە لە 24% کارەکانیان لەدەستداوە.

بەگوێرەی ئەو رێکخراوە، تا 31ـی تشرینی یەکەمی رابردوو، لانیکەم 182 هەزار کەس لە کەرتی غەززە کارەکانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا 20 هەزار کەس لە ئیسرائیل کاریان دەکرد، هاوکات 208 هەزار کەس لە کەرتی رۆژئاوا کارەکانیان لەدەستداوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە دۆخەکە پێشبینی دەکرێت خراپتر بێت.

بەپێی خەمڵاندنەکان لەدەستدانی ئەم هەلی کارانە لە غەززە و کەناری رۆژئاوا، زیانەکانی داهاتی رۆژانەی کارەکان بە نزیکەی 16 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی مەزەندە دەکرێت.