ساڵح موسلیم دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی له سووریا ره‌تده‌كاته‌وه
ده‌ڵێت: پارێزگاری له یه‌كپارچی سووریا ده‌كه‌ین
K24 - هه‌ولێر:
ساڵح موسلیم، هاوسه‌رۆكی پارتی یه‌كێتی دیموكرات (په‌یه‌ده)، ئه‌مڕۆ هه‌ینی ره‌تیكرده‌وه ده‌وڵه‌تێكی كوردی له‌سه‌ر خاكی سووریا دابمه‌زرێنن و و راشیگه‌یاند، تاكه رێگه بۆ پاراستنی یه‌كێتی خاكی سووریا فیدرالی، یاخود لامه‌ركه‌زییه.
له وه‌ڵامی پرسیارێكی ئاژانسی سپوتنیكی رووسی، له باره‌ی داواكردنی فیدرالی ده‌بێته هه‌نگاوێك بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی، ساڵح موسلیم، گوتی: "نه‌خێر، ئه‌وه كارێكی ناواقیعییه" و گوتیشی: "له باره‌ی فیدرالییه‌وه گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م كیانه‌كانی سووریا ده‌كه‌ین".
هه‌روه‌ها گوتیشی: "سه‌ربه‌خۆیی ئه‌وه پرۆژه‌یه‌كی جیایه گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئیداره‌ی لامه‌ركه‌زی، یاخود فیدرالی، باشترین رێگه‌ن بۆ پاراستنی یه‌كپارچی سووریا و ده‌مانه‌وێت پارێزگای له‌و یه‌كپارچه‌ییه بكه‌ین".
له باره‌ی ئه‌وانه‌ی له دژی فیدرالیه‌تن له سووریا، ساڵح موسلیم گوتی: "ئه‌وانه‌ی دژی فیدرالیه‌تن، دژی یه‌كپارچه‌یی خاكی سووریا‌ن و هیچ هاوكێشه‌یه‌كی دیكه له‌وه زیاتر نییه، یان فیدرالی، یان لامه‌ركه‌زی، ئه‌وه تاكه هاوكێشه‌ی پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی سووریایه".
له باره‌ی رۆڵی رووسیا، له چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی سووریا، ساڵح موسلیم دووپاتیكرده‌وه، كورد له سووریا، چاوی له هاوكاری زیاتری مۆسكۆیه له گۆڕه‌پانی سیاسی و گوتی: "رووسیا هێزێكی كاریگه‌ری هه‌یه و ده‌توانێت بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سووریا شتێك بكات، په‌یوه‌ندییه‌كانیشمان له‌گه‌ڵ رووسیا باشه و ده‌مانه‌وێت پارێزگاری له‌و په‌یوه‌ندییانه‌ش بكه‌ین، ئه‌وان دۆستی ئێمه‌ن، بۆیه پێویسته له‌سه‌ریان هاوكاری زیاترمان بكه‌ن و چاوه‌ڕێی هاوكاری و پاڵپشتی زیاتر له‌و دۆسته‌مان ده‌كه‌ین".
هه‌روه‌ها گوتی: "هه‌ماهه‌نگیی و پاڵپشتییه‌كه به‌رده‌وامه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده به‌س نییه، ئه‌گه‌ر رووسیا به هه‌موو هێزی خۆی گوشار بخاته سه‌ر گفتوگۆكانی جنێڤ، بێگومان ده‌توانێت هاوكاری زیاتری سووریا بكات".
ساڵح موسلیم ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، په‌یوه‌ندییه‌كانییان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وامه و هه‌ماهه‌نگی و هاوكارییه‌كی سنوورداری سه‌ربازییان هه‌یه، له‌و باره‌یه‌وه گوتی: "په‌یوه‌ندییه‌كان له‌و چوارچێوه‌یه ده‌رنه‌چوون، بێگومان ده‌مانه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كانمان باشتر بكه‌ین، به‌تایبه‌تیش له رووی سیاسییه‌وه".
هه‌روه‌ها گوتی: "له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا به‌ره‌نگاری رێكخراوی داعش بووینه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات، له دژی داعش ده‌جه‌نگن و رێككه‌وتنیشیان هه‌یه، هه‌رچه‌نده ئه‌مه‌ریكا هیچ بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی له رۆژئاوا نییه، به‌ڵام فڕۆكه‌یه‌كی بچووك به‌كارده‌هێنن، ئه‌ویش له چوارچێوه‌ی شه‌ڕی دژی داعشه".
كورد له سووریا، مانگی ئادار/ مارسی 2016، هه‌رێمی فیدرالییان له رۆژئاوای كوردستان (باكووری سووریا) راگه‌یاند، به‌ڵام حكوومه‌تی دیمه‌شق به توندی له دژی ئه‌و هه‌وڵه وه‌ستایه‌وه.
سه‌رچاوه: سپوتنیك العربی