رۆژنامەیەک: نیوەی ئەمەریکییەکان پێیان وایە زیادەڕۆیی لە هاوکاریکردنی ئیسرائیل و ئۆکرانیا کراوە

K24 - هەولێر

بەگوێرەی راپرسییەک نزیکەی 48%ی ئەمەریکییەکان پێیان وایە خەرجییەکانی ئەمەریکا بۆ هاوکارییە سەربازیی و داراییەکانی ئیسرائیل و ئۆکرانیا زیادەڕۆییە.

رۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز"ی بەریتانی بڵاوکردووەتەوە، لە ئەنجامی راپرسییەکی کۆمەڵناسانی زانکۆی میشیگاندا هاتووە، نزیکەی 48%ی هاووڵاتییانی ئەمەریکی پێیان وایە خەرجییەکانی ئەمەریکا بۆ هاوکارییە سەربازی و داراییەکانی ئیسرائیل و ئۆکرانیا زیادەڕۆییە.

ئاماژەی بەوەشکراوە، لە 40%ـی ئەو ئەمەریکیانەی بەشدارییان لە راپرسییەکەدا کردووە، پرسی هاوکارییە داراییەکان بۆ ئیسرائیل بە زیادەڕەوی دەزانن، هەروەها 30% پێیان وایە دەبێت ئیتر ئەمەریکا لە هاوکاریکردن بوەستێت، هەروەها توێژەرانیش ناکۆکییەکان لەگەڵ سیاسەتەکانی بایدن سەبارەت بە هاوکارییەکانی ئۆکرانیا و ئیسرائیل بۆ بارودۆخی ئابووری ئەمەریکا دەگەڕێننەوە.

لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا ئیدارەی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا داوایەکی ئاراستەی کۆنگرێس کرد بۆ تەرخانکردنی بودجەی زیادەیی دارایی بۆ ساڵی 2024 کە لە 1ی تشرینی یەکەمەوە لە ئەمەریکا دەستیپێکرد، بە پلەی یەکەم بۆ هاوکاریکردنی ئیسرائیل و ئۆکرانیا، هەروەها بۆ رووبەڕووبوونەوەی چین و رووسیا لە ناوچەکەدا.

ئامادەکردن: لاڤین عومەر