گوتەبێژی حەماس: هیچ دیلێکی ئیسرائیلی بەبێ مەرج رادەست ناکەینەوە

K24 - هەولێر

گوتەبێژی حەماس رایگەیاند، هیچ دیلێکی ئیسرائیلی بەزیندوویی رادەست ناکەینەوە، تەنها بە ئاڵوگۆڕکردن نەبێت لەگەڵ زیندانییە فەڵەستیینیەکان.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی "جەزیرە" ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، هیچ دیلێکی  ئیسرائیلی بەزیندووی رادەست ناکەینەوە، تەنها بە ئاڵوگۆڕکردن نەبێت لەگەڵ زیندانییە فەڵەستیینیەکان.

راشیگەیاند، مەرجێکی دیکەمان دەستپێکردنەوەی دانووستانە لەگەڵ ئیسرائیل، هەروەها نە ئیسرائیل و نە لایەنگرانی ناتوانن دیلەکانییان بە زیندووی وەرگرنەوە بەبێ ئاڵوگۆڕکردن و پابەندبوون بە مەرجەکانمان، گوتیشی: ئۆپەراسیۆنە شکستخواردووەکەش ئەوەی سەلماند کە ئەوکاتەی هەوڵی ئازادکردنی دیلێکی ئیسرائیلییاندا بەڵام نەیانتوانی و دواتر دیلەکە گیانی لەدەستدا.

لەلایەکی دیکەوە بە گوێرەی ئاماری چالاکییەکانی فەڵەستین، زیاتر لە حەفت هەزار فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا دەست بەسەرکراون.

شەڕی نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس له‌ 7ـی ئۆكتۆبه‌ری رابردوو دەستیپێکردووە، کە بووه‌ هۆی كوژرانی 1200 ئیسرائیلی و زیاتر له‌ 16 هه‌زار  فه‌ڵه‌ستینی له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌، كه‌ زۆربه‌ی كوژراوه‌ فه‌ڵه‌ستینییه‌كان ژن و منداڵن.