نەتەوە یەکگرتووەکان: بۆ هاوکاریکردنی 180 ملیۆن کەس پێویستمان بە 46 ملیار دۆلارە

K24 - هەولێر

نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ساڵی داهاتوو پێویستیان بە 46.4 ملیار دۆلارە بۆ دابینکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ 180.5 ملیۆن کەس لە جیهامدا.

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەمڕۆ دووشەممە، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری داوە لە خراپی دۆخی مرۆیی لە جیهاندا، ئاماژەی بەوەشکردووە، ململانێکان، بارودۆخی کەشوهەوای لەناکاو و دابەزینی ئابووریی و وێرانکاری کاریگەری لەسەر دۆخی گروپە لاوازەکان دەبێت، هەروەها شکستهێنان لە دابینکردنی بودجە رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی باجەکەی "بە ژیانی خۆیان" بدەن.

نەتەوە یەکگرتووەکان راشیگەیاند، ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی وەک سوودان و ئەفغانستان کە لە ناوچە کێشەدارەکانن، پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی بەرفراوان هەیە. دەشلێت: ساڵی داهاتوو پێویستیان بە 46.4 ملیار دۆلارە بۆ دابینکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ 180.5 ملیۆن کەس لە جیهامدا

مارتن گریفیس، رێکخەری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "ئەو کرێکارانەی لە بواری مرۆیی کاردەکەن ژیان رزگار دەکەن، بەرەنگاریی برسێتی دەبنەوە، منداڵان دەپارێزن، بەرەنگاری پەتاکان دەبنەوە، هەروەها شوێنی حەوانەوە و پاکوخاوێنی لە زۆرێک لە شوێنەکانی جیهاندا دابین دەکەن".

ئاماژەی بەوەشکرد: بەڵام ئەو پاڵپشتیەی کە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوا دەکرێت هاوسەنگ نییە لەگەڵ پێداویستییەکان.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2023دا، بانگەوازێکی مرۆیی بۆ کۆکردنەوەی 56.7 ملیار دۆلار دەستپێکرد، بەڵام تەنها لە 35%ـی ئەو بڕە پارەیەی بەدەستهێنا، کە بەیەکێک لە گەورەترین کورتهێنانەکانی ساڵانی رابردوو دادەنرێت، بەمەش رێگەی بە دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دا، کە تەنها هاوکاری پێشکەش بە 128 ملیۆن کەس بکەن.

تەنها 20 رۆژێک ماوە بۆ کۆتایی هاتنی ساڵی 2023، پێدەچێت ئەمە یەکەم ساڵ بێت لە دوای ساڵی 2010ەوە کە کۆی بەشدارییە داراییەکان بە بەراورد بە ساڵی پێشوو کەمبێتەوە.