نەسروڵڵا رەشنوودی: هه‌رێمی كوردستان و ئێران په‌یوه‌ندییه‌كی مێژووییان هه‌یه‌

نەسروڵڵا رەشنوودی، كونسوڵی گشتی ئیران لە هەولێر
نەسروڵڵا رەشنوودی، كونسوڵی گشتی ئیران لە هەولێر

K24 – هەولێر:

كونسوڵی گشتی ئێران لە هەولێر، سەبارەت بە رفاندنی دوو هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان لە وڵاتەکەیان لە لایەن چەند کەسێکەوە رایگەیاند، تاوانبارەکانی ئەم رووداوە دەستبەسەرکراون و دۆسیەکەیان رادەستی دادگا کراوه‌ بۆ ئەوەی سزا بدرێن. جەختیشی کردەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران گرنگییەکی زۆر بە ئاسایشی گەشتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدات.

نەسروڵڵا رەشنوودی، كونسوڵی گشتی ئیران لە هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، پەیوەندیی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان بە تایبەت پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە نێوان خەڵکدا، پەیوەندییەکی مێژوویی و دێرین و کاریگەرە، پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی زۆر بەربڵاومان هەیە.

كونسوڵی گشتی ئیران لە هەولێر، دەڵێت: "کۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژانە پێشوازی لە هەزاران گەشتیاری عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و وانییە ئەمانە ژمارەیەکی زۆریان تووشی کێشە بن، تەنیا رووداوێک رووی داوە و پاش ئەوەی ئێمە ئاگادارکراینەوە، داوامان لە هاورێیانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم کرد ئەو کەسانەمان پێ بناسێنن، ئەوانیش هاتن و ئێمەش دۆسیەکەمان گواستەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئێران، خۆشیان ئەو کات کە لە ئێران تووشی کێشە ببوون سکاڵایان تۆمار کردبوو".

نەسروڵڵا رەشنوودی، گوتیشی: بە خۆشحاڵییەوە لە هەفتەی رابردوودا دوو کەس لەوانەی رفاندبوویانن لە لایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کران، رۆژی رابردووش سوپای پاسداران رایگەیاند، سەرکردەکانی ئەو تیمە دەستبەسەرکراون و رادەستی دەزگای دادوەری دەکرێن.

كونسوڵی گشتی ئیران لە هەولێر، ئاماژەی بەوەدا، ئەم رووداوە بۆ ئێمە کە گرینگی بە ئاسایشی گەشتیاران دەدەین زۆر رووداوێکی ناخۆش بوو، تەنانەت تاقە رووداوێکی لەم شێوەیەش بۆ ئێمە ناخۆشە، شکور بۆ خوا دەزگا ئەمنییەکان توانیان بە خێرایی دۆسیەکە بە ئەنجام بگەیەنن و ئێمە دەتوانین ئەو هاوڕێیانەی تووشی ئەو کێشەیەی ببوون ئاگاداربکەینەوە کە بچن لە رێگای یاساوە بەدواداچوون بۆ دۆسیەکەیان بکەن و ئەو کەسانەش ئەو تاوانەیان کردووە سزا دەدرێن.