مۆڵەتی پێدانی لۆگۆ بە تەکسی تا سەری ساڵ درێژدەکرێتەوە

لێدانی لۆگۆی تەکسی
لێدانی لۆگۆی تەکسی

K24 – هەولێر:

هەر تەکسییەک تا سەرساڵ لۆگۆ لە ئۆتۆمبێلەکەی نەدات بە بڕی 100 هەزار دینار سزادەدرێت. تاوەکو ئێستا چەند جارێک مۆڵەتی لێدانی لۆگۆ بۆ تەکسییەکان درێژکراوەتەوە و تاوەکو سەری ساڵیش شۆفێران دەتوانن مامەڵەی لۆگۆ بۆ تەکسیەکانیان ئەنجامبدەن.

ئیبراهیم عەبدولکەریم  شۆفێری تەکسی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ هاتم لۆگۆ لە تەکسییەکەم بدەم، کارەکانمان بە خێرایی بۆ راییکرا، هیچ ئاستەنگییەکمان بۆ دروستنەکرا.

ئەو شۆفێرانەی تا ئێستا مامەڵەی لۆگۆیان بۆ تەکسیەکانیان نەکردووە، لە پێشانگاکانی ئۆتۆمبێلیش کڕین و فرۆشتن پێیانەوە سستە، بە جۆرێک تاوەکو 10 ئۆتۆمبێلی تەکسی بە لۆگۆ مامەڵەی پێوەدەکرێت یەک ئۆتۆمبێلی بێ لۆگۆ لە بەرامبەریدا دەفرۆشرێت.

زۆزک محەممەد، فرۆشیاری تەکسی، بە کوردستان24ـی گوت: ئەو لۆگۆیە شتێکی زۆر باشە بۆ تەکسییەکان و بە ئاسانی دەناسرێنەوە، کڕین و فرۆشتن زیاتر بەو ئۆتۆمبێلی تەکسییانەوە دەکرێن کە لۆگۆیان هەیە.

لەلایەن خۆیەوە، هێمن ئەمین گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر دەڵێت: "هەر شۆفێرێکی تەکسی ئەگەر لۆگۆی لە ئۆتۆمبێلەکەی نەدابێت، ئەوا مەفرەزەکانی هاتووچۆ لەسەر شەقامەکان لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکەن، هەروەها لێدانی لۆگۆ کارێکی زۆر باشە بۆ  ئەو کەسانەی کە شۆفێری تەکسین و سوودی لێدەبینن بۆ ئەوەی تەکسییەکانی شارەکانی دیکە تێکەڵی یەکدی نەبن و تەکسی دەرەوەی شار نەتوانێت بێتە ناو شار کاری تەکسی بکات".

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 80 هەزار ئۆتۆمبێلی تەکسی هەیە، زیاتر لە 65 هەزاریان ماماڵەی لۆگۆیان بۆ کراوە و لەسەر لۆگۆکانیان تەواوی زانیاری شۆفێر بەردەستە بۆ سەرنشینەکانیان.

لە دوای سێ جار درێژکردنەوەی مۆڵەتی لێدانی لۆگۆ بۆ تەکسییەکان، شۆفێرانی تەکسی تاوەکو سەری ساڵ دەتوانن لۆگۆ لە ئۆتۆمبێلەکانیان بدەن، چونکە لەدوای سەری ساڵ نابێت هیچ ئۆتۆمبێلێکی تەکسی بەبێ لۆگۆ بێت، بە پێچەوانەوە رووبەڕووی پێبژاردن دەبێتەوە.

Fly Erbil Advertisment