کەشناسی رەوشی کەشوهەوای دوو رۆژی راگەیاند

K24 – هەولێر

بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەو شەپۆلە بارانبارینەی رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە کاریگەرییەکانی بەردەوام دەبن و لە هەندێک ناوچەی شاخاوی بەفر دەبارێت.

بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئەمڕۆ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت باران لە سەرجەم ناوچەکان دەبارێت، کاریگەری ئەم شەپۆلە کە رووی لە ناوچەکەمان کردووە لە ئەمڕۆ لەسەر بەشەکانی رۆژئاوای هەرێم تا کاتەکانی دوای نیوەڕۆ بەشێوەی نمە بارانە، لەسەر ناوچە شاخاوییەکان بەشێوەی بارانی مامناوەند دەبێت، بەڵام لە دوای نیوەرۆ کاریگەری ئەم شەپۆلە درێژ دەبێتەوە بۆ سەر بەشەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم، سنووری پارێزگای هەولێر و سەنتەری پارێزگا و بەشی رۆژهەڵاتی ئەم پارێزگایە بارانی مامناوەندی دەبێت، ئیدارەی راپەرینی و سنووری پارێزگای سلێمانی ئاستی دابارینی مامناوەند دەبێت. هەروەها بەفر لەسەر لوتکەی ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان دەبارێت، کاریگەری ئەم شەپۆلە لە درەنگانی شەودا لاواز دەبێت بارانبارین لەسەر زۆربەی ناوچەکەمان کۆتایی دێت، پلەی گەرما نزم دەبێتەوە بە (4 - 2) پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.

لەبارەی کەشوهەوای سبەی کەشناسی پێشبینی کردووە، رۆژی پێنجشەممە 14/12/2023 ئاسمان نیمچە هەور دەبێت بە گشتی نمە  باران لەسەر بەشێک لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای سلێمانی  دەمینێتەوە، لە دوای نیوەڕۆ ئاسمان دەگۆڕێت بۆ پەڵە هەور و ساماڵ، پلەی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:

هەولێر:  18 پلەى سیلیزى

سلێمانی: 17 پلەى سیلیزى

دهۆک : 17  پلەى سیلیزى

کەرکووک: 21 پلەى سیلیزى

هەڵەبجە : 19 پلەى سیلیزى

 زاخۆ:   17 پلەى سیلیزى

گەرمیان: 22 پلەى سیلیزى

حاج ئۆمەران: 6 پلەى سیلیزى

 سۆران  : 15  پلەى سیلیزى