پێنتاگۆن: لە ناوەڕاستی ئۆکتۆبەرەوە 89 جار لە عێراق و سووریا هێرشکراوەتە سەر هێزەکانمان

ژمارەیەک زرێپۆشی سوپای ئەمەریکا لە عێراق
ژمارەیەک زرێپۆشی سوپای ئەمەریکا لە عێراق

K24 - هەولێر

وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا رایدەگەیەنێت، لە ناوەڕاستی ئۆکتۆبەرەوە 89 جار لە عێراق و سووریا هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان. دەشڵێت، گرووپە چەکدارەکان بە "پشتیوانی ئێران" هێرشەکانیان ئەنجامداوە. 

پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لە ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەرەوە، لە عێراق و سووریا 89 هێرش لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کراونەتە سەر هێزەکانمان."

بە گوتەی پات رایدەر، "عێراق هاوبەشێکی گرنگی ئەمەریکایە و هێزەکانمان لەسەر داواکاری حکومەتی عێراق لەو وڵاتەن بۆ یارمەتیدانی هێزەکانیان لە رووبەڕووبوونەوەی داعش. سوپاسی هێزەکانی عێراق دەکەین بۆ هاوکارییەکانیان لە رووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشانە".

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا جەختی کردەوە، "لەگەڵ حکومەتی عێراق لە هەماهەنگی نزیک دادەبین. بەڵام لە کۆتاییدا، ئەگەر هەڕەشە لە هێزەکانمان بکرێت، دوو دڵ نابین لە هەنگاونان بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتییان".

گروپە چەکدارەکان، وەکو ئەوەی رایدەر باسی کرد، "دەیانوێت دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بشێوێنن و ئەمەریکا لە عێراق و سووریا وەدەربنێن، بەڵام ئێمە نامانەوێت گەڕانەوەی داعش ببینین و، بەردەوام دەبین لە ئەرکەکەمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراق و سووریا".

ئەمە لە کاتێکدایە ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 12-12-2023، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرباری سەرکۆنەکردنی بە ئامانجکردنی باڵیۆزخانە و بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق، جەختی لەوەشکردووەتەوە، پێویستە بەرپرسانی بەغدا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ بکەرانی ئەو دەستدرێژییانە بکەن.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەنتۆنی بلینکن ئاماژەی بەوەشداوە، گرووپە چەکدارەکانی عێراق بەپشتیوانی ئێران هێرش دەکەنە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لەپێناو پێشێلکردنی سەربەخۆی و سەروەری عێراق.

پێشتر لە 9ی ئەم مانگە پێنتاگۆن بڵاویکردبووەوە، لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە و باسیان لە پابەندبوونی حکومەتی عێراق کردووە، بۆ پاراستنی کارمەندانی دیپلۆماسی و راوێژکارانی هاوپەیمانان و دامەزراوەکانیان.

ئەمە لەکاتێکدایە لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە غەززە، هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و سووریا بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا زیادیکردووە. گرووپی مقاومەی ئیسلامی عێراقی، ئەنجامدانی زۆرینەی هێرشەکانی لە ئەستۆ گرتووە.