کوەیت.. لەکاتی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی سندوقی سوپادا دوو گەندەڵی دیکە ئاشکرا بوون

K24 – هەولێر
وەزیری بەرگری کوەیت دوێنێ سێشەممە، لە دانیشتنێکی ئەنجومەنی نیشتیمانیدا دوو گەندەڵی سندوقی سوپای ئاشکرا کرد و لێکۆڵینەوەش لەو بارەوە دەستیپێکردووە.
وەزیری بەرگری کوەیت شێخ ئەحمەد فەهد، لە دانیشتنێکی ئەنجومەنی نیشتمانیدا، ئاشکرای کرد، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی "سندوقی سوپا" لە کاتی لێکۆڵینەوەکەدا بۆیان دەرکەوتووە کە دوو بابەتی گرنگ هەبوون و هیچ کامیان نەزانراون، ئەوانیش یەکەمیان بوونی گرێبەستێک بوو کە لەلایەن سندووقی سوپاوە خەرجکرابوو، بۆ کڕینی ئامێری سیخوڕی کە لە خزمەتگوزارییە هەواڵگرییەکانی سوپای کوێتدا ئامادە نین و ئەوەی دیکەیان ناردنی خواردنەوە کحولیەکانە بە فڕۆکە سەربازییەکان.
گوتیشی: لە دۆسیەی سندوقی سوپادا دۆسیەی دیکەمان دۆزیەوە، لەوانە هەوڵدان بۆ هێنانی خواردنەوەی کحول بۆ ناو کوێت لە رێگەی فڕۆکەی سەربازییەوە، هەروەها هێنانە ناوەوەی ئامێری سیخوڕی، کە کارمەندە سەربازەکان رەتیانکردەوە، بۆیە داوای لێکۆڵینەوە کراوە.
فەهد باسی ئەو رێوشوێنانەی دەکرد کە وەزارەتی بەرگری سەرۆکایەتی دەکات، سەبارەت بە دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی هاووڵاتییەکی کوێت لەلایەن دەزگای هەواڵگری سوپاوە.
جابر موبارەک، سەرۆکوەزیرانی پێشووی کوەیت و خالید جەراح، وەزیری پێشووی بەرگری و حەفت کەسی دیکە لە دۆسیەی سندوقی سوپا تۆمەتبار کراون، کە سەرپێچی داراییان کردووە بە نزیکەی 240 ملیۆن دینار کە دەکاتە 800 ملیۆن دۆلار.
پێشتر کوڕی میری کۆچکردوو شێخ سەباح ئەحمەد، راپۆرتێکی پێشکەش بە داواکاری گشتی کردبوو و جەراحی تۆمەتبار کردبوو بە گواستنەوەی گوماناوی لە سندوقی سوپا، بە رەزامەندی سەرۆکوەزیرانی پێشوو شێخ جابر موبارەک.
سندوقی سوپا پڕۆژەیەکی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتییە کە لە وەزارەتی بەرگری دامەزراوە، بە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی مرۆیی بۆ کارمەندانی وەزارەتەکە.
ئەم خزمەتگوزاریانە لە پێدانی قەرزەوە دەست پێدەکات بە ئەندامانی دامەزراوە سەربازییەکە، کە بڕی چوار هەزار دیناری کوەیتیە کە دەکاتە 13 هەزار دۆلار بۆ ئەفسەران، هەروەها دوو هەزار و 500 دینار کەدەکاتە 8.2 هەزار دۆلار بۆ ئەفسەران و ئەنجامدانی بۆنە کۆمەڵایەتی و سەربازییەکان.