هەڵگورد نەجیب: نابێت بەبێ رەزامەندی ئێمە شوێن بە کرێ بدرێتە هاووڵاتییانی سۆران
K24 – هەولێر
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران رایگەیاند، لیژنەیەکی تایبەتمان دروستکردووە و سەردانی هەموو بەنزیخانەکانیان کردووە، ئەوانەی رێنماییەکانی بەرگری شارستانییان تێدا نەبووە دامان خستووە.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێمە لیژنەیەکی تایبەتمان دروستکردووە و سەردانی هەموو بەنزیخانەکانیان کردووە، ئەوانەی رێنماییەکانی بەرگری شارستانییان تێدا نەبووە، لەگەڵ لیژنەی قایماقامیەت بڕیارمان دا هەر هەموویان دابخرێت، چونکە پێشتر ئاگادار کرابوونەوە کە دەبێت ئەو رێنماییانە پەیرەو بکەن.
گوتیشی: لەدوای رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی سۆران لیژنەیەکمان بۆ باڵەخانەکانیش پێکهێناوە کە ئێستا دەست بەکاربوونە، هیچ خاوەن باڵەخانەیەک بۆی نییە بەبێ رەزامەندی ئیدارە و لیژنەی قایمقامیەت هیچ شوێنێک بەکرێ بداتە هیچ هاووڵاتییەک، تا لەرووی سەلامەتی و مەرجەکانی بەرگری شارستانی دڵنیانەبیینەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو ئەو باڵەخانانەش شوێنی نیشتەجێبوونن دەبێت دڵنیا بکرێتەوە لە نهۆمەکانی ژێرەوە بۆ چ بوارێک بەکار دێت، تاوەکو لەحاڵەتی هیچ رووداوێک کاریگەری نەبێت، کە بەداخەوە لەو رووداوەی روویدا، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان ئەوەبووە کە لە ژێرەوەی کارگەیەکی دروستکردنی مۆبیلیاتی لێ بووە، کە بەپێی مەرجەکانی بەرگری شارستانی نابێت ئەو کارە لەشوێنێکی نیشتە جێبوون بێت.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران راشیگەیاند، لە ئێستادا ئەو تیمانەی دروستمان کردووە سەردانی هەموو شوێنەکان دەکەن، هەتا سەردانی بەشە ناوخۆییەکانی قوتابیانیش دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیاببینەوە لە سەلامەتی شوێنەکە.
شەوی هەینی (8ـی کانوونی یەکەمی 2023) لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەک لە سۆران کە ژمارەیەک قوتابی، مامۆستا و هاووڵاتی ئاسایی تێیدا نیشتەجێبوون، 14 کەس گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.
دوای رووداوەکە لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە هۆکاری رووداوەکە پێکهێنرا.
رۆژی 11-10-2023، ئاگر لە بەنزینخانەیەکی نزیک لە ماڵی هاووڵاتییان، لەنێو شاری سۆران کەوتەوە، دواتر 13 بەنزینخانەی نزیک لە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان لەنێو شاری سۆران داخران. ئهوانهشی شوێنیان گونجاوه، بەردەوام لەلایەن لیژنەیەکەوە چاودێریی دەکرێن.