ئۆفیر جەندڵمان بۆ دانیشتووانی غەززە: واز لە حەماس بێنن غەززەتان بۆ دەکەینە بەهەشت

ئۆفیر جەندڵمان، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل
ئۆفیر جەندڵمان، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەگەر دانیشتووانی کەرتی غەززە واز لە حەماس بێنن، غەززەیان بۆ دەکەینە بەهەشت.

ئۆفیر جەندڵمان، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بە ئاژانسی "رووسیا ئەلیەوم"ـی راگەیاندووە: "پێویستە دانیشتووانی کەرتی غەززە واز لە حەماس بهێنن، ئینجا کەرتی غەززە دەکەینە بەهەشت".

گوتیشی: "جەنگەکە بەردەوام دەبێت گرنگ نییە چەند دەخایەنێت تاوەکو دڵنیا دەبینەوە لەوەی کە هێڵەکە هەڕەشەیەکی جیددی نییە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل و هەتا ئەو کاتەی حەماس لەناودەچێت."

ئەوەشی خستەڕوو: "ئەگەر حەماس شەڕی نەکردبایە، هیچ شتێک لەم شەڕانەی ئێستا لە غەززە رووینەدەدا".

رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

ئا/ لاڤین عومەر