ناتانیاهۆ: بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل بۆ دانوستان ناچنە قەتەر

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

K24 - هەولێر

کەناڵ 13ی ئیسرائیلی راگەیاند، حکومەتی ئیسرائیل سەردانەکەی بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد)ی بۆ دەوحە هەڵوەشاندەوە کە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان و ئەنجامدانی رێککەوتنی نوێ و ئازادکردنی بارمتەکانە لە غەززە.

کەناڵەکە ئاماژەی بەوەکردووە، کابینەکەی بینیامین ناتانیاهۆ، گەشتەکەی دەیڤید بارنیای بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری "مۆساد"ی هەڵوەشاندەوە و گوتی: "بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل ناچنە قەتەر بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان".

لەلایەکی دیکەوە، بنەماڵەی بەشێک لە بارمتە ئیسرائیلییەکان توڕەن و داوای وەڵام دەکەن سەبارەت بە گەشتە هەڵوەشێنراوەکە، ئەوان لە بەیاننامەیەکدا دەڵێن: "بێزاربووین لە بێباکی و پشتگوێخستنی  خەڵک"، دوابەدوای هەڵوەشانەوەی گەشتەکە بنەماڵەی بارمتەکان داوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و وەزیری بەرگری کرد.

بارنیا سەرکردایەتی دانوستانەکانی بارمتەی ئیسرائیل دەکات لەگەڵ ویلیام بێرێنزی بەڕێوەبەری سی ئای ئەی، ئەمەریکی هەمان شت بۆ ئەمەریکییەکان دەکات

هەروەها لەنێو بارمتەکاندا 8 هاوڵاتی ئەمەریکی هەن و ئەمەریکاش شانبەشانی قەتەر رۆڵی نێوەندگیری بینیوە کە سەرکردایەتی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ حەماس کردووە.

رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

ئا: لاڤین عومەر