رووماڵ

پەیامنێری کوردستان24: لایەنگرانی سەدر لە بەغدا کۆبوونەتەوە و داوای بایکۆتی دەنگدان دەکەن

خۆپیشاندانی سەدرییەکان لە بەغدا - وێنە: کوردستان24
خۆپیشاندانی سەدرییەکان لە بەغدا - وێنە: کوردستان24

K24 – بەغدا:

شەوی دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە بەغدا گەرمە و لایەنگرانی سەدر کۆبوونەتەوە و داوای بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن و لایەن سیاسییەکانی دیکەش، بێدەنگی هەڵبژاردنیان شکاندووە و لە بانگەشەکردن بەردەوامن.

شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا لە ژووری هەواڵی کاتژمێر 8:00، ئاماژەی بەوەکرد، ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی سەدر لە گۆڕەپانی موزەفەری ناوچەی سەدر کۆبوونەتەوە و داوای بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن.

هاوکات باسی لەوەشکرد، لەسەر شەقامەکانی بەغدا لایەنگرانی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان بەردەوامن لە ئەنجامدانی بانگەشەی هەڵبژاردن و خۆنمایشکردن، لە کاتێکدا لە کاتژمێر 6:00ـی بەیانییەوە بەگوێرەی رێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتاییهاتووە.

بڕیارە سبەی شەممە (16ـی کانوونی یەکەمی 2023) دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستپێبکات، کە بەغدای پایتەخت زۆرترین دەنگدەر و زۆرترین کورسی ئەنجوومەنی پارێزگای لەخۆگرتووە، بۆیە کێبڕكێی هەڵبژاردن تێیدا توندە و زۆربەی لایەنەکان لە هەردوو پێکهاتەی سوننە و شیعە هەوڵی بردنەوەی زۆرترین کورسی دەدەن، لە بەغدا زیاتر لە سێ ملیۆن دەنگدەر لە نێوان زیاتر لە 1500 کاندید، 49 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵدەبژێرن.

لەگەڵ ئەوەشدا، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تەواوبوونی سەرجەم ئامادەکارییەکانی راگەیاند بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا روونیکردەوە، بەشێکی زۆر لە چاودێرانی لایەنە سیاسییەکان لەسەر سندووقەکانی دەنگدان لەمشەوەوە، چوونەتە پێش بنکەکانی دەنگدان بۆ ئەوەی رێگری بکەن لە ئەگەری بوونی هەر پێشێلکارییەکی هەڵبژاردن.

هەر لە بەغدا، هێزێکی ئەمنی زۆر بڵاوەی پێکراوە بۆ پاراستنی ئاسایشی بنکەکانی دەنگدان و شارەکە، کە دوای کۆبوونەوەی لایەنگرانی سەدر و دەستپێکردنەوەی بانگەشەی لایەنە سیاسییەکان، مەترسی دروستبوونی ئاڵۆزی لە نێوان هەردوولادا هەیە لە بەغدای پایتەخت.

سبەی (16ـی کانوونی یەکەمی 2023) دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە بەشداری هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان و ئاوارەکان دەستپێدەکات کە ملیۆنێک و 50 هەزار و 653 کەس مافی دەنگدانیا هەیە و 600 بنکەی دەنگدانیان بۆ ئامادەکراوە کە دوو هەزار و 477 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.

رۆژی 18ـی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەدەچێت کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 766 بنکەی ده‌نگدان کە لە 38 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.

لەم هەڵبژاردنەدا، 70 پارت و هاوپەیمانی سیاسیی کێبڕکێ لەسەر 275 کورسی لە هەر 15 پارێزگاکە دەکەن کە کە نزیکەی شەش هەزار کاندید لەسەر لیستەکان و بەشێوەی سەربەخۆ، کێبڕکێی هەڵبژاردن ئەنجامدەدەن.