لەسەر خشتەی دابەشکردنی ژمارەی کارتەکانی بایۆمەتری رەخنە لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەگیرێت

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ شەممە، لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، سەنتەری شارەزایی هەڵبژاردن بۆ خوێندنەوە و راهێنان، رەخنە لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەگرێت، لەسەر راگەیاندنی خشتەی کۆتایی دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری لە پارێزگاکاندا.

سەنتەری شارەزایی هەڵبژاردن بۆ خوێندنەوە و راهێنان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، کارتەکانی بایۆمەتری بەسەر هەر 15 پارێزگاکەدا دابەشکراون، هەروەها دەزانین کە یاسای هەڵبژاردنی هەموارکراوی ژمارە12ـی ساڵی 2018، بە تایبەتی لە دوایین هەموارکردنی ژمارە 4ـی ساڵی 2023، دەنگدەر وەک کەسێک پێناسە دەکات کە خاوەنی کارتێکی بایۆمەتری نوێکراوە و درێژخایەن بێت کە لە دەنگداندا بەکاردەهێنرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەم پێیە ئاشکراکردنی ئەو خشتە و ژمارانەی کۆمسیۆن چاکەیەک نییە، بەڵکو ئەرکە لەسەر کۆمیسیۆن بۆ ئاشکراکردنی ژمارەی دابەشکردنی کارتەکان بۆ رای گشتی لەسەر بنەمای ئەو بەرپرسیارێتیانەی کە لەسەری دانراوە، هەروها بە پابەندبوون بە مەرجەکانی سیستەمی دیموکراسی بۆ شەفافیەت و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، بە تایبەتی لەگەڵ ئەو گێژاوەی کە لە لێدوانەکانی گوتەبێژەکانیدا هەیە لەسەر ئەم بابەتە، کە لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی کار و وردبینی دامەزراوەکاندا ناگونجێت.

سەنتەرەکە راشیگەیاند، سەری سوڕماوە لە بێدەنگی لایەن و هاوپەیمانییەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنەکاندا لە داواکردنی ئەو ژمارانەی کارتەکان و نوێکردنەوەییان، چونکە پەیوەندییان بە بەرژەوەندیی هەڵبژاردنەکانەوە هەیە.

سەنتەرەکە داوا لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەکات کە خشتەی کۆتایی دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری بە هەموو ئەو وردەکاریانەی سەرەوە رابگەیەنێت، بە پێچەوانەوە ئەمە بە کەموکوڕییەک دادەنرێت کە هیچ روونکردنەوە و قبوڵکردنی نییە و پێویستە دەستبەجێ چارەسەر بکرێت.

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 16-12-2023، کاتژمێر 07:00، پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 14 پارێزگای عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

زیاتر لە یەک ملیۆن و دوو هەزار و 393 کەس کە خۆیان لە ئاوارە، کارمەندانی کۆمیسیۆن و هێزە ئەمنییەکان، بەشداری لە هەڵبژاردنی تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن. کۆی ژمارەی دەنگدەرانى عێراق 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788  کەسن و، دەنگدەرانی تایبەت سەدا 6.2ـی دەنگدەرانی هەڵبژاردنەکە پێکدەهێنن.