سەرۆکی دژەتیرۆری عێراق: هیچ پێشێلکارییەک لە پڕۆسەی هەڵبژاردن تۆمارنەکراوە

K24 - هەولێر
سەرۆکی دژە تیرۆری عێراق رەتیدەکاتەوە هیچ پێشێلکارییەک لەکاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق تۆمارکرابێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 18-12-2023، کەریم تەمیمی، سەرۆکی دژەتیرۆری عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، "چاودێری پڕۆسەی هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەین. پلانەکە بە شێوەیەکی زۆر باش و وەکو ئەوەی ئامادەکاری بۆ کرابوو، بەڕێوەدەچێت".
بە گوتەی کەریم تەمیمی، "لە بەیانییەوە تاوەکو ئێستا هیچ پێشێلکاری و رووداوێکی نەخوازراو لەکاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژارندنی گشتی تۆمارنەرکراوە و پرۆسەکە زۆر بە باشی بەرێوەدەچێت".
سەرۆکی دژەتیرۆری عێراق لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە تەنانەت پارێزگاری لە گەیاندنی سندووقەکانی دەنگدان بۆ شوێنی مەبەست دەکەین".
سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 18-12-2023، هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 15 پارێزگای عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و، تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت. هەڵبژاردنەکە بۆ جاری یەکەمە لە دوای ساڵی 2005 لە پارێزگای کەرکووک دەکرێت.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، کاتی دەنگدانی گشتی بەهیچ شێوەیەک دوای کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە درێژناکرێتەوە، چونکە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی دەنگدان لە دوای کاتژمێر 06:00 ئۆتۆماتیکییەن دەکوژێندرێنەوە، بۆیە ناتوانن ماوەکە درێژبکەنەوە.
جومانە غەلای داوای لە دەنگدەرانی عێراق کرد بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان "نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان" بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەڵبژێرن. لەبارەی جیاکردنەوەی دەنگەکانیش، گوتی، لە دوای کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە سندووقەکانى دەنگدان دادەخرێن و لەدواى 24 کاتژمێر لە داخستنى سندووقەکان، ئەنجامى بەرایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان (گشتی و تایبەت) رادەگەیەندرێت.
هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق بۆ کورد و بەتایبەت کەرکووکییەکان چارەنووسسازە. کوردانی ناوچە کوردستانییەکان دەیانەوێت لە رێگەی ئەم هەڵبژاردنەوە کۆتایی بەو ستەمە بهێنن کە لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 بەسەریاندا سەپێندراوە.
هەڵبژاردنەکە چارەنووسسازە، چونکە ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەرکی هەڵبژاردنى پارێزگار، چاودێکریکردنى حکومەتى خۆجێیی پارێزگاکانیان و پەسندکردنی پارەى پڕۆژەکانی پارێزگاکانیان لە ئەستۆ دەگرێت.